جێبەجێکردنی بڕگەکانی یەکەمی پلانی ئاشتی لە غەززە دەست پێدەکات
پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو پلانەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەردوو لایەنی شەڕکەر لەسەری ڕێککەوتوون.

ناوەندی هەواڵ
ئاڵوگۆڕی زیندانیانی فەڵەستینی بە بارمتە ئیسرائیلییەکان سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم لە کەرتی غەززە دەستیپێکرد، خاچی سوور دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ئازادکردنی دیلەکانی ڕاگەیاند، هەروەها خاچی سوور حەوت دیلی ئیسرائیلی وەرگرتووە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەو دیلانەی ماوەتەوە ڕادەست بکرێنەوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویان کردەوە، کە هەموو ئەوانەی ئازاد کراون باری تەندروستیان باشە، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە، کە دواتر بەشی زیاتری دیلەکان ئازاد دەکرێن، خاچی سوور دیلەکانی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کرد و سەرپەرشتی ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی و گواستنەوەیان بۆ هەردوو کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بەرپرسێکی بەشدار لە پرۆسەکەدا ڕایگەیاند، کە هەر هەزار و ٩٦٦ دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی کە بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێن، سواری پاس بوون لەناو زیندانەکانی ئیسرائیلدا، هەروەها هەزار و ٧١٦ زیندانی کەرتی غەززە لە کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە کەرتی غەززە ئازاد دەکرێن و ٢٥٠ زیندانی دیکە کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ کەرتی ڕۆژئاوا و قودس، هەروەها ئەمڕۆ ژمارەیەک لە زیندانیان لە دەرەوەی وڵات دیپۆرت دەکرانەوە.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات کە حەماس لیستی ٢٠ بارمتەی بڵاوکردەوە وە بەنیازە ئازادیان بکات، ئەمە جگە لە زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ زیندانی فەڵەستینی کە ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو ئازادیان دەکات لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان هەردوولا.
پێشتر میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، کە ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لە غەززە دەستبەسەرکراون، لە دەروازەی سنووری نەتساريم دەستیپێکردووە و بڕیاربوو تا کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە بەردەوام بێت.
ڕۆژنامەی "مەعاریف" بە پشت بەستن بە بەرپرسان بڵاویکردەوە، کە حەماس خاچی سووری ئاگادارکردووەتەوە لە نیازی ئازادکردنی دیلەکان لە سێ شوێنی جیاوازەوە، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دیلەکان لەگەڵ ئازادکردنیان دەستبەجێ دەگوازرێنەوە بۆ بنکەی ریعیم و لەوێ پشکنینی ناسنامەیان بۆ دەکرێت، لەگەڵ پشکنینی پزیشکی خێرایان بۆ دەکرێت پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان بۆ چاودێری پێویست.
لە ڕێکەوتننامەی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا، ئاڵوگۆڕی ٤٧ دیلە کە هێشتا لە کەرتی غەززەدان، لە کۆی ٢٥١ کەس کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕفێنراون، هەروەها ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ٢٠ لەو دیلانە هێشتا لە ژیاندا ماون، هەروەها لە ڕێکەوتنەکەدا گەڕانەوەی پاشماوەی دیلێک لەخۆدەگرێت کە لە ساڵی ٢٠١٤دا گیرابوو