باوکی ژینا ئەمینی: مافی خۆمانە مەراسیم بۆ ساڵیادی کچەکەمان ڕێکبخەین
باوکی ژینا ئەمینی، ئەمجەد ئەمینی بە بۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی چاوپێکەوتنێکی میدیایی کرد و ڕایگەیاند، "وەك هەر بنەماڵەیەكی خەمباری ئێرانی، ئازیزە ڕۆشتووەكانمان خۆشدەوێت و مافی خۆمانە ڕێوڕەسمی ساڵانەی نەریتیی و یادی ئاینیی بۆ كچەكەمان بگێڕین"
ناوەندی هەواڵ
ئەمجەد ئەمینی، باوی ژینا ئەمینی سەبارەت بە سازدانی مەراسیمێك بۆ دووم ساڵیادی كوژرانی كچەكەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ ڕادیۆ فەردای ئێرانی دەدوێت و دەڵێت: ئەگەر حكومەتی ئێران هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو كۆت و بەند دروست نەكات، بەهۆی داواكارییەكان خەڵكەوە مەراسیمی ساڵڕۆژی كوژرانی كچەكەمان لە ڕۆژی یەكشەممەدا ساز دەکەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، وەك هەر بنەماڵەیەكی خەمباری ئێرانی، ئازیزە ڕۆشتووەكانمان خۆشدەوێت و مافی خۆمانە ڕێوڕەسمی ساڵانەی نەریتیی و یادی ئاینیی بۆ كچەكەمان بگێڕین.
جێی ئاماژەیە، دەسەڵاتدارانی ئێران ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی ڕێگریكردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینا ئەمینی، هەموو ڕێگاكانین بەرەو گۆڕستانی ئایچی لە سەقز داخست كە گۆڕی ژینای لێیە.
ژینا ئەمینی ژنێكی ٢٢ ساڵانی خەڵكی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، لە ڕۆژی ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە یەكێك لە میترۆكانی تاران بەبیانووی نەگونجاویی حیجابەكەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەركرا، بەهۆی ئەشكەنجە و لێدان كەوتە حاڵەتی كۆماوە و دوای سێ ڕۆژ و لە ١٦ـی هەمان مانگ لە نەخۆشخانەی كەسرا لە تاران كۆچی دوایی كرد.