پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕێژه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت %٩٥ تێپه‌راند

‎له‌ كاتژمێر ٧ سه‌رله‌به‌یانی  ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستی پێکرد و کایژمێر ٦ کۆتایی هات، لە دەنگدانی تایبەتدا سەرجەم پارێزگاکان ڕێژەی دەنگدان ٪٩٠ی تێپەڕاندووە.

هەڵەبجە

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌نگدانی تایبه‌ت  بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستی پێكرد و له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ٩٥٣ ده‌نگده‌ری تایبه‌ت له‌ هێزه‌كانی پۆلیس، ئاسایش، پێشمه‌رگه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو.

 

بە پێی زانیارییەکانی به‌شی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لە هەڵەبجە ٥ داوای یاسایی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانه‌وه‌ تۆمار كراون و‌ ئه‌ویش له‌ئه‌نجامی دروستكردنی گرژی له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان و به‌كارهێنانی موبایل كه‌ پێچه‌وانه‌ی ڕێنمایه‌كانی كۆمسیۆن بووە.

 

هاوکات بە پێی  ئامارەکانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشدارییكردن لە دەنگدانی تایبەت ٪٩٨ بووە، ٢٠٨ هەزار و ٥٢١ دەنگدەر بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا كردووە. 

 

لە دهۆك رێژەی بەشداریكردن ٪٩٨ بووە 

لە سلێمانی رێژەی بەشداریكردن ٪٩٧ بووە 

لە هەولێر رێژەی بەشداریكردن ٪٩٧ ووە 

لە هەڵەبجە رێژەی بەشداریكردن ٪٩٦بووە

گوڵستان محەمەد، چاودێری مافی مرۆڤ وتی: ئه‌مرۆ له ‌كاتژمێر ٧:٠٠ هاتووینه‌ته‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان و وته‌مان له‌ لایه‌نه‌كان وه‌رگرتوە، هه‌ردوولا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بە باشی پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و له ‌ئه‌گه‌ری هه‌بوونی هه‌ر حالڵ‌تێكیش تا كاتی داخستنی سندوقه‌كان ئاماده‌یمان ده‌بێت و ده‌مێنینه‌وه‌.


هه‌ر سه‌باره‌ت بەم بابه‌ته‌ نوخشه‌ ناسیح، قایمقامی ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ وتی: داواكارم كه‌ هاوڵاتیان هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی تایبه‌ت به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ مافی سه‌ره‌تایی خۆیانه‌.

 

له‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌ك قوتابخانە بۆ دەنگدان دیاری کراوە و لە سێ وێستگە پێکهاتووە.