هێزەکانی ئیسرائیل ٥٨٠ هاوڵاتی مەدەنی دەستگیر دەکەن لەناویاندا ژن و منداڵ هەن
هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوامی هەیە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە پەیوەندییان بە کاروباری زیندانیانی فەلەستینییەوە هەیە، پشتڕاستیان کردەوە کە لە ماوەی ٢١ ڕۆژی ڕابردوودا ٥٨٠ هاوڵاتی مەدەنی دەستگیرکراون.
ناوەندی هەواڵ
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە دەستپێکردنی هێرشەکان و ئەنجامدانی هەڵمەتی گرتنی سیستماتیکی دژ بە خەڵکی مەدەنی لە کەرتی ڕۆژئاوا و شاری ەێنین و کامپەکەی، کە بەشێوەیەکی بێ وێنە پەرەی سەندووە، چ لە ڕووی ژمارەی دەستگیرکراوەکان و تەنانەت ئەو تاوانانەی کە بەرامبەریان ئەنجامدراون.
هێزەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ ١١ی شوبات، لە کاتی هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر شاری جەنین و کامپەکەی کە ماوەی سێ هەفتەیە بەردەوامە، هاوڵاتی مەدەنییان دەستگیرکرد، هەروەها هێرشەکان بووەتە هۆی وێرانکردنی بەرفراوانی ژێرخان و موڵک و ماڵی مەدەنی.
سەرچاوە پزیشکییەکانی فەلەستینی بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل هێشتا ڕێگری دەکەن لە چونوی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ گەڕەکی ڕۆژهەڵاتی جەنین.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە پەیوەندییان بە کاروباری زیندانیانی فەلەستینییەوە هەیە لە ڕاپۆرتی ئاماری خۆیاندا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل ٥٨٠ هاووڵاتیی مەدەنییان لە کەرتی ڕۆژئاوا دەستگیرکردووە، ئەمە جگە لەوەی لە ماوەی مانگی کانونی دووەمدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی کەوتنە بەر هەڵمەت و لێکۆڵینەوەی مەیدانی.
لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، زۆربەی ئەو دەستگیرکردنانەی تۆمارکراون، خەڵکی شاری جەنین و کمپەکەی لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا بوون و لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ١٧ ژن و ٦٠ منداڵ بوون، تاوەکو ئاگربەست لە کەرتی غەززە لە ١٩ی کانوونی دووەم، ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەس، کە ٤٥٥ کەسیان ژن و هەزارو ١١٥یان منداڵ بوون.
لیژنەی ڕاگەیاندن لە کامپی جەنین ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا، کە نزیکەی سێ هەزار و ٢٠٠ خێزانی ناچارکردووە کە هاوتایە بە ٢٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە کەمپەکە هەڵبێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پچڕانی تەواوەتی ئاو و کارەبا، جگە لە کەمیی زۆری خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵان، قەیرانی مرۆیی زیاتر کردووە.