ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان هاوسۆزی خۆیان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان دەردەبڕن

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای دۆخی ناهەموار و ئاڵۆزی ناو شارەکان،هاوسۆزی و هاوخەمی خۆیان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان نیشاندا.

هیما راد

 

سنە- ژنانی سنە بیر لە خوشک و براکانیان دەکەنەوە لە باکور کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ یارمەتیدانیان دوای ئەو بوومەلەرزە گەورە و کوشندەیەی تا ئێستا هەزاران کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

چەند ژنێکی شاری سنە هاوخەمی خۆیان دەردەبڕن

ت.پ.دەڵێت: پێش هەموو شتێک وەک مرۆڤێک لە ناخی دڵمەوە خەمبارم بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا گیانیان لەدەستداوە و وەک ژنێکی کورد خۆم بە هاوبەشی خەم و پەژارەی هەموو ئەو دایک و ژنانە دەزانم کە منداڵەکان و ئازیزانیان لەدەستداوە، ئێمە تووشی کارەساتێکی زۆر بووین و هەمیشە لەلایەن حکومەت و داگیرکەرانەوە هێرشمان کراوەتە سەر، ئێستاش تووشی کارەساتێکی سروشتی ئاوا بووین.

 

دەڵێت: " وەک هەمیشە ئێمە ئەوانەین کە دەبێت گیانی هاوکاری خۆمان نیشانبدەین، هەرچەندە ڕێگاکانی هاوکاریکردن بەڕووماندا داخراوە، منیش خۆم داوای هاوکاریم لە چەند کەسێک کرد، ئەوانەی هەمیشە پێشەنگایەتی دەکەن لەم بارودۆخانەدا، بەڵام ئەوان وهەروەها ئێمەش ناتوانین بچینە ئەوێ و تەنها پشتمان بە یارمەتی دارایی بەستووە بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگاکانی وەک liberaid.de forum هاوکارییەکان بگەیەنین."

 

"کوردبوون قورسە ڕاکردن لێی ترسنۆکییە"

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " لەم چەند مانگەدا بە دەگمەن توانیومە درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆم بدەم، لە لایەک ئێمە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەشدارین و بەشێک لە خزمەکانمان هێشتا لە زیندانن و ئێمە دڵنیا نین لە تەندروستییان، وە لە لایەکی ترەوە ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی توندی لەسەر ئێمە هەبوو، ئەگەر ڕۆحی شۆڕشگێڕانەمان نەبووایە دەبوو زۆر زووتر هێز و ورەی خۆمان لەدەست بدەین، بەڵام وەک دەوترێت کوردبوون سەختە، بەڵام ترسنۆکییە کە جێی بهێڵیت."

 

ب.د.، یەکێکی دیکە لە ژنەکان دەڵێت: " من لەم کەشوهەوا بەفراوییەدا مناڵەکانم بەتەنها لە ماڵەوە بەجێهێشتووە و لەگەڵ هاوڕێکەم هاتووم بۆ سەردانیکردنی هەندێک شوێن بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری زیانلێکەوتووان بکەین، من خۆم هاوسەرەکەمم لەدەستداوە لە ڕووداوێکدا، ئەگەر وا نەبوایە ئێستا پێکەوە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕاین، لە هەر شوێنێک کێشەیەک بۆ کورد هەبوایە  جۆش و خرۆش دەیگرت و خۆبەخشانە یارمەتی دەدان، لەبیرمە کە پێکەوە دەچووین بۆ بوومەلەرزەکەی کرماشان و هەموو شتێکمان کرد کە لە توانای خۆماندا بوو."

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " کاتێک هەواڵی بوومەلەرزەکەم بیست، باوەڕم وابوو کە ئەگەری ئەوە هەیە بوومەلەرزەکە لە شوێنێکەوە زۆرینەی کورد بکاتە ئامانج، ئەوە پلانێکە بۆ لەناوبردنی ئێمە، خەڵکی دەوروبەرمان دەڵێن شتێکی وا نییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو ناڕەحەتییەی کە بەدرێژایی ساڵان بەسەرماندا هێناوە، بەدوور نازانرێت."

 

"لە هەر کوێی دونیا بین خوشک و براین"

بی دی دەڵێت: " تاکە هۆکاری وەستانم ئەو دیدەیە کە بۆ ئایندە هەمە، ئەویش ئازادییە بۆ منداڵەکانم و بۆ هەموو گەلی ستەملێکراوی جیهان، بۆ ئەو کوردانەی هەمیشە ستەمیان لێ کراوە، ئێمە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دارایی خۆمانیان پێدەدەین چونکە ئەمە تاکە یارمەتییە کە دەتوانین لە ئێستادا بەدەستی بهێنین و ڕێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانمان هاوکاری بکەین."

 

بە دڵتەنگیەوە لەسەر وێنەی منداڵانی ژێر داروپەردوەکان دەڵێت: " هەموو ئەو ئازار و ناخۆشیەم لەبیر چووەوە کە لێرە توشی بووین و ئێستا بە دڵ لەگەڵ باکور و ڕۆژئاوای کوردستانم، دەمەوێت بزانن کە ئەوان تەنیا نین و خۆزگە دەتوانم هاوبەشی ئازارەکانیان بین."

 

لە کۆتاییدا، ن. د ئامۆژگاری ژنانی شاری سنە و ژنانی شارەکانی دیکە دەکات کە یەکبگرن بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە تا بتوانن بارگرانییەکە لەسەر شانیان هەڵبگرن بۆ ئەوەی بتوانین ئەم پەیامەیان پێ بگەیەنین کە ئێمە خوشک و براین لە هەر شوێنێکی جیهان بین.

 

س.م.دەڵێت: " دڵم ئازاری هەیە لەو کاتەوەی هەواڵی بومەلەرزەکەم بیستووە، من مامۆستام و ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ منداڵان دەکەم، کاتێکیش وێنەی ئەو منداڵانەم بینی، هەرسم ناکات کە منداڵێک دەتوانێت بۆ ماوەی سی کاتژمێر لە ژێر داروپەردوودا بژی، ئەو جۆرە وێنانە بۆنی مەرگیان لێدێت و شەرم دەکەم کە هیچم نەکرد، ویستم بە دڵم لەوێ بم."

 

دەشڵێت: "هەمیشە مرۆڤایەتی بۆ من گرنگتر بووە لە نەژاد و نەتەوە و ڕاستە بە درێژایی مێژوو زۆر دڕندەیی بەسەر کورددا سەپێنراوە، بەڵام ئەگەر قوربانیانی ئەم بوومەلەرزەیە کورد نەبوونایە، منیش بە هەمان شێوە دڵتەنگ دەبووم و هەستم بە دۆخێکی وەها بەدبەخت دەکرد.

 

"نابێت سنوورەکان خەڵک بەیەکتر نامۆ بکات"

س.ن زیاتر ڕاشیگەیاند: " کارەساتی سروشتی دەتوانێت بەسەر هەر وڵاتێکدا بێت، ئەرکی هەموو مرۆڤێکە بیر لە یارمەتیدانی یەکتر بکاتەوە لەم جۆرە کاتانەدا و سنوورەکان نابێت مرۆڤەکان لە یەکتر دوور بخەنەوە.

 

بە تایبەتی کاتێک منداڵان بەشدارن، بە شێوەیەکی شەخسیی، ئەگەر شوێنێکی سەلامەت بدۆزمەوە بۆ یارمەتیدان، بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەم و بە ئەرکی مرۆیی خۆمی دەزانم، و پێویستە هەوڵبدەین کەلوپەلی پێویست یان یارمەتی بنێرین، وەک دەزانن ماوەیەک لەمەوبەر هەمان شت بەسەر خویدا هات و هەوڵمان دا هەموو شتێک کە لە تواناماندا هەیە بیکەین..

 

"خەمباربوون هیچ ناکات و دەبێت ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین"

شا.ع لە ژنانی تری شاری سنە کە هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی هاوکاری ڕاگەیاندووە، دەڵێت: هاوسۆزی بۆ ڕۆژئاوا و باکور و خۆمان بە بەشێک لەوان دەزانین و لەو کاتەوەی هەواڵەکامن بیستووە تووشی شۆک بووین، بەڵام ئێستا خەمباری هیچ شتێک پێش ناخات و دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین لەم بارودۆخانەدا بۆ کەمکردنەوەی توندی ڕووداوەکە، من لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ، هەوڵ دەدەین ئەو هاوکارییە نەختینەیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمان کردۆتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا زیادی بکەین، بەهای پارەکەمان زۆر کەمە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خۆشەویستی و میهرەبانییەی کە خەڵک نیشانیان داوە، شایەنی بەرزنرخاندنە."

 

"ژنان زیاتر لە هەموو کاتێک ئاگاداری نەتەوەی خۆیان بوون، کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر بە ئازاری نەتەوەکەیان"

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " وەک دەزانن ئێمە لە وڵاتێکی ئاساییدا ناژین و ئەم کارانە بە بەدبەختی دەگوزەرێن و بۆ یارمەتیدانی خوی کە لە ناوخۆی ئێراندا بوو، توانیمان بە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی خۆمان ئەم کارە بکەین، ئەو قەدەغەکردنانەی کە هەن سنوورداریان کردووین و ناتوانم لە وردەکارییەکانی گواستنەوەی هاوکارییەکان ئاگادار ببمەوە، بەڵام بە دەستێوەردان و هاوکاری هەندێک لە خێرخوازان و خۆبەخشەکان، تا ڕادەیەک توانای ئەوەمان هەیە ئەو کارانە بکەین. "

 

سەبارەت بە ڕۆحی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەڵێت: " خەڵکی ڕۆژهەڵات زۆر هاوسۆزن و لەم چەند ڕۆژەدا، بەڕاستی لە هاوسۆزی خەڵک لەگەڵ باکور و ڕۆژئاوای کوردستان تێگەیشتم، چ لە فەزای مەجازی و چ لە فەزای ڕاستەقینەدا، لەم نێوەندەدا ژنان زیاتر ئاگاداری نەتەوەی خۆیانن و کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئازاری میللەتەکەیان هەبووە، ئێمەش بەو پۆستانەی لە ئینستاگرام دەیبینین باشتر لەوە تێدەگەین، ژنانی ڕۆژهەلات لە ڕاستیدا لەم ڕۆژانەدا خەمی باکور و ڕۆژئاوایان هەیە.