هەڵمەتی تاژێ دژی کۆمەڵکوژی ژنان بەردەوامە

هاوشانی کەمپەینی "لە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان ببە بە دەنگی خۆپاراستن"، تاژێ ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تیایدا هاشتاگی "ببە بە دەنگی خۆپاراستن"ی ڕاگەیاند کە ٢٢ی ئایار دەستپێدەکات.

شەنگال

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ لە ٨ی ئاداردا هەڵمەتێکی دژ بە فەرمان و کۆمەڵکوژی ژنان بە دروشمی "لە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان ببە بە دەنگی خۆپاراستن" دەستپێکرد و هەڵمەتەکە تا ٣ی ئابی ٢٠٢٤، ١٠یەمین ساڵیادی فەرمانی شەنگال بەردەوام دەبێت، کەمپەینەکە لە سەرەتای ڕاگەیاندنیەوە بە چالاکیی جۆراوجۆر بەردەوامە و سەرنجی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

 

تاژێ لێدوانێکی نووسراوی سەبارەت بەو هەڵمەتە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ٢٢ی ئایاردا دەست بە هاشتاگی "ببە بە دەنگی خۆپاراستن" بکرێت و هەموو نان بەشداری تیادا بکەن.

 

ڕاگەیاندنی تاژێ سەبارەت بە هەڵمەتەکە بەم شێوەیەیە:

ئێمە لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٤، یان ڕۆژی جیهانی ژناندا، بە دروشمی "لە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان ببە بە دەنگی خۆپاراستن" دەستمان بە هەڵمەتەکە کرد و تا ٣ی ئابی ٢٠٢٤ کە ١٠ ساڵەی فەرمانی سەر شەنگالە، بەردەوام دەبێت.

 

ژنان لە هەموو جیهاندا بەردەوام ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە، ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێت کۆمەڵکوژیە لە دژی ژنان و کۆمەڵگە، فەرمانی چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دژی ژنانی ئێزدی هەمان شت بوو، ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە، لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران و لە موسڵ سووتێنران، ئێستاش بە هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن داعشەوە بە دیل گیراون، بەڵام سەرەڕای ئەمانە، داعش و هاوکارەکانی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە. بێگومان عەقڵیەتی داعش عەقڵیەتی ٥ هەزار ساڵەی پیاوی دەسەڵاتدارە، بەڵام ئێمە دەتوانین بە هێزی بەرگری لەخۆ ئەم عەقڵیەتە لەناوببەین، بۆ ئەوەی ڕێگری لە فەرمان و بە تایبەتی کوشتنی ژنان بکرێت، بەرگری لە خۆ گەرەنتی ژیانێکی ئازادە و مەرجێکە بۆ ئێمە.

 

"با پێکەوە دەنگمان بەرز بکەینەوە"

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی جارێکی دیکە بانگەوازی هەموو ژنان دەکەین؛ با پێکەوە دەنگی خۆپاراستن بەرز بکەینەوە لە دژی کۆمەڵکوژی دژی ژنان، با بە تێکۆشانێکی یەکگرتوو بەرخۆدانمان لە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان زیاد بکەین، لە چوارچێوەی ئەم کەمپەینەدا لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤ هاشتاگێک بە ناوی "ببە بە دەنگی خۆپاراستن" دەستپێدەکەین و هاشتاگەکەمان لە کاتژمێر ٨ی شەو بەپێی کاتی شەنگال دەست پێدەکات.

 

لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو ژنان و گەنجان و هاوڕێیان و کۆمەڵگاکەمان دەکەین، بە شێوەیەکی بەهێز بەشداری هاشتاگەکەمان بکەن، بە بەرگریکردن لە خۆمان تۆڵەی فەرمان لە دوژمنان و خیانەتکاران دەکەینەوە و ژیانێکی یەکسان و دیموکراسی بنیات دەنێین.