لە سیمینارێکدا هەڵمەتی "لە مه‌ترسیه‌كانی ئۆنلاین خۆت بپارێزه" ڕاگەیەندرا
لەبارەی چۆنیەتی خۆپاراستن و هۆشیاری لە مەترسییەکانی ئۆنلاین، لە زانکۆی هەڵەبجە سیمینارێک پێشکەشکرا.

هەڵەبجە
لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ لە زانکۆی هەڵەبجە سیمینارێک لەلایەن سید فاوندەیشن و زانکۆی هەڵەبجە لەبارەی چۆنیەتی خۆپاراستن و هۆشیاری لە مەترسییەکانی ئۆنلاین پێشکەشکرا.
تانیا خلی گه‌یلانی، دامه‌زرێنه‌ر و جێگری سه‌رۆكی ڕێكخراوی سید فاونده‌یشن دەربارەی هەڵمەتەکەوە وتی: كار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ی مه‌ترسی توندوتیژیان له‌سه‌ره و له‌م كاته‌شدا مه‌به‌ستمان بوو توندوتیژی ئۆنلاین بۆ گه‌نجان و خوێندكاران بخهینەڕوو، چونکە له ئێستادا ئینته‌رنێت جیهانێكی زۆر فراوانی بۆ كردووینه‌ته‌وه، بۆیە پێویسته لایه‌نی پۆزه‌تیڤی ئینته‌رنێت به‌كاربێنین و گه‌نجانمان هۆشیار بكه‌ینه‌وه له مامه‌ڵه كردن به ئۆنلاینەوە.
جێی ئاماژەیە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە دەستی پێکردووە و لە شار و شارۆچکەکان چالاکی هۆشیاری بەردەوامی هەیە.