لە مانگی ئەیلوولدا ٤٦٣ کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولدا لانیکەم ٤٦٣ کەس لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون، لە کۆی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، لە ٪١١یان ژنن و ٪٤٤یشیان کوردن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نەرویج، لە مانگی ئەیلوولدا لانیکەم ٤٦٣ کەس لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ٢٦٤ کەس کە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون، بە ڕێژەی ٪٧٥ زیادی کردووە.

 

٪٤٤ی دەستبەسەرکراوان کوردن

لە مانگی ئەیلوولدا لانیکەم ٢٠٣ کورد دەستبەسەر کراون، ئەم ژمارەیە ٪٤٤ی کۆی گشتی دەستگیرکراوەکانی مانگی ڕابردوو لە وڵاتەکەدا پێکدەهێنێت، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە چالاکانی کەمینە مەزهەبییەکان لە مانگی ئەیلوولدا بەردەوام بوو، لانیکەم ١٧ چالاکی کەمینە ئایینیەکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کران و لە نێو ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، ٨ هاوڵاتیی ئایینی بەهایی، واتە ٤ ژن و ٤ پیاو هەن.

 

٥١ ژن و ٥٠ منداڵ دەستبەسەر کراون

بەپێی داتاکانی هەنگاو، مانگی ڕابردوو لانیکەم ٥١ ژن لە سەرانسەری ئێران دەستبەسەر کراون، ئەم ژمارەیە ٪١١ی سەرجەم دەستبەسەرکردنەکانە. هەروەها ٥٠ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ دەستبەسەر یان بە زۆر بێسەروشوێن کراون، ٪٣٧ی منداڵان لە شارەکانی بەلووچ دەستبەسەر کراون، کە ١٠ کەسیان کوردن و ٢ منداڵیان لە مەشهەد و تاران دەستبەسەر کراون،  هەر لە هەمان مانگدا، لانیکەم ٤ خوێندکار و ٤ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ڕاگەیاندن و ١٤ هونەرمەند و ئەکتەر دەستبەسەر کراون.