لە سنوری سێوسێنان ئاگر لە چەند شوێنێك کەوتەوە
لە سنوری شارەدێی سێوسێنان ئاگر لە چەند گوندێک کەوتەوە و هۆکارەکەی بە نادیاری ماوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوری شارەدێی سێوسێنان سەر بە شارۆچکەی قەرەداغ، چەند گوندێكی وەك بەڵخە، بەڵخەی سەروو، بەلەکجا و گومەتە چەندین حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە ڕوویاندا.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە زەرەر و زیانی ئاگرەکان مەزەندە دەکرێت بە سووتانی نزیکەی هەزار و ٥٣٠ دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سنورەکە، ئاماژە بەوەش دراوە، هۆکاری سەرجەم ئاگرەکان نادیارە .
جێی ئاماژەیە، ماوەی مانگێکە ئاگر کەوتنەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری دەکرێتەوە، چەندین کەسیش بەهۆی هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە دەستگیرکراون، بەڵام هۆشیاری پێویست لەبارەی پاراستنی ژینگە و زیانەکانی سووتانی زەوییەکان بڵاو نەبووەتەوە.