"بە هاودەنگی، شارەکان ئاوەدان دەکەینەوە"

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا لە یەکەم ساتی بوومەلەرزەکەوە لەو شارانەی کە وێرانکاریی تێیدا ڕوویدا، هاوهەڵوێستی نیشاندا و ڕایگەیاند، لەگەڵ ژناندا شارەکان بنیاد دەنێینەوە.

سەمسور

 

تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ئەمساڵ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان بە دروشمی "پشتیوانی ژنان ژیان دەبەخشێت" کەمپەینێکی دەستپێکرد، جگە لە چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ئامانجیان ئەوەیە کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژنان لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان دابین بکەن، پەیوەندی پتەو لەگەڵ ژناندا دروستبکەن و هاوکاریان بکەن، هەروەها وەک بەشێک لە هەڵمەتەکە لیستی پێداویستیەکان ئامادەدەکرێت و ئەو بەرهەمانەی بۆ هاوکاری کۆدەکرێنەوە بەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەدا دابەش دەکرێت.

 

سەمسور یەکێکە لەو شارانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێرانکاری گەورەی تێدا ڕوویدا، ئەو ژنانەی لە ساتی یەکەمی بوومەلەرزەکەوە چوونە هەرێمەکە و هاوسۆزییان نیشانداوە، چارەسەری بریندارانی بوومەلەرزەکە دەکەن، هاوڵاتیان لە چادردا دەمێننەوە و پێداویستییە ژیانییەکانیان بەدەست ناگات، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزاش یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی ژنان کە لە ڕۆژی یەکەمەوە لە ناوچەی بوومەلەرزە بووە.

 

"پێداویستییەکانی ژنان دابین دەکەین"

ڕایفە جامچی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا ئەوەیخستەڕوو کە ئەو پێداویستیانەی لەلایەن کەمپینەکەوە کۆدەکرێنەوە، دابەش دەکرێت بەسەر ژنانی سەمسوردا و وتی: دەوڵەت پێش هەموو کەسێک گەورەترین شۆکی لەم بوومەلەرزەیەدا بەرکەوت، لەو شارانەی کە بوومەلەرزەکە تێیدا ڕوویدا، بەدەمەوەچوون نەبوو لە چەند کاتژمێرێکدا ڕێژەی گیان لەدەستدان بەرزبووەوە، زیانەکان زۆر لەوە گەورەترن کە پێشبینی دەکەین و لەگەڵ خەڵک و ژناندا مەیدانی کار دەکەین، هەروەک پێشبینیمان دەکرد لەم بوومەلەرزەیەدا کێشەی ژنان و منداڵان زیادی کردووە، بۆیە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و منداڵان کۆبووینەوە و بۆ یەکگرتن چووینە شارەکان، لەگەڵ ئەو ناوەندەی هەماهەنگی کە دامەزراوە، لە بواری ژنان و منداڵاندا کارمان کردووە، ئێمە لە دوێنێوە هاتووین بۆ سەمسور، گروپمان دروستکرد و چوون بۆ گەڕەکەکان، ئێمە لە گەڕەکەکان کارمان کردووە و بەدوای پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژنان و منداڵان و ئەو کێشانەی کە تێیدا دەژین، دەگەڕێین.

 

وتیشی: ژنان لە دەربڕینی پێداویستییەکانیان کێشەیان هەیە و پێویستە نزیکەی ساڵێک کاری سیستماتیک لەو پارێزگایانە ئەنجام بدرێت، وەک ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوام دەبین لە کارەکانمان، سەرەڕای پێویستیەکان برینی دەروونی زۆر جدی هەیە، پێویستە پشتگیری دەروونی دابین بکرێت بۆ ئەوەی بە خێرایی بەسەر ئەم ئازارە زاڵ بن، هەروەها ژنان زەحمەتیان هەیە لە دەربڕینی پێداویستییەکانیان کە ئەمە دووەم کێشەی ڕەگەزییە.

 

"ئەوەی کۆمەڵگە زیندوو دەکاتەوە ژنە"

ڕایفە جامچی ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی دەتوانێت ژیان و کۆمەڵگە دووبارە بونیاد بنێتەوە ژنان و منداڵانن، وتیشی: کاتێک ژنان بەهێز و ئازا بن، بەڕاستی منداڵان و کۆمەڵگە دەتوانن لەگەڵیدا گەشە بکەنەوە، کارەکانمان لە هەموو بوارێکدا بەردەوام دەبێت و زۆربەی گەڕەکەکانی سەمسور گەڕاین و نزیکەی هیچ بینایەک بە ساغی نەماوە، خەڵک ناتوانن دەستیان بگات بە ئاو و توالێتی پاک، ئێمە گەڕانەکەمان بەردەوام دەبێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو ١٠ پارێزگایەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە بەردەوام دەبێت.