"هیوادارین ژنانی سووریا تێکۆشانێکی هاوبەش ئەنجام بدەن"

ئیمان ئەبو عەساف، پارێزەری مافی مرۆڤ لە سوەیداوە ڕایگەیاند، ژنان پێشەنگایەتی بۆ دیموکراتیکبوونی سووریا دەکەن و وتی: ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا زەمینەیەکی هاوبەش دابمەزرێت کە ژنانی سووریا بتوانن پێکەوە تێکۆشان بکەن.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا-خۆپیشاندانەکان کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ لە گۆڕەپانی کەرەمە دەستیپێکرد، بەهۆی بەردەوامی شەڕی ناوخۆ و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری لە سوەیدا کە کۆمەڵگەی دورزەکان لە باشووری سووریا نیشتەجێن، بەردەوامە، لە ساڵی ٢٠١١ ەوە کە ڕاپەڕینەکان بە ناوی "بەهاری عەرەبی" لە سوریا تەشەنەیان کرد و ململانێکان تا ئەمڕۆش بەردەوامن، گەل کاردانەوەیان بەرامبەر بە ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبووە.

 

ئیمان ئەبو عەساف، پارێزەری مافی مرۆڤ لە سوەیدا ڕایگەیاند  ژنانی سووریا بەم زووانە زەمینەیەکی هاوبەش بۆ تێکۆشان دروست دەکەن.

 

"ئازادی تەنها لەسەر یەک ڕەگەز پێکنایەت"

 لە سەرەتای قسەکانیدا ئیمان ئەبو عەساف باسی لە شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ کرد و ڕایگەیاند، شۆڕش دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی وتیش: ئەو شۆڕشەی لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام بوو، ڕۆڵی ژنان لە ڕاپەریندا زۆر کاریگەر بوو، پێش شۆڕش ژنان لە ئاستی دووەمدا بوون، هەمیشە ڕۆڵیان فەرامۆش دەکرا، ئەم شۆڕشە هۆکارێکی گەورە بوو بۆ پێشکەوتن و زانابوونی ژنان.

 

لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١ ژنان و گەنجان چوونە سەر شەقامەکان، بەڵام حکومەتی شام  زۆر بە توندی هێرشی کردە سەر چالاکان، بەڵام ژنان بە شێوازی خۆیان سووربوون، چونکە باش دەیانزانی کە ئازادی تەنها بۆ یەک ڕەگەز پێکنایەت.

 

"ژنانی سووریا بە بەرخۆدانی خۆیان دەنگیان بەرزکردەوە"

لە درێژەی قسەکانیدا، ئیمان ئەبو عەساف وتی: دوای ساڵی ٢٠١١، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، ژنان توانیان دەنگی خۆیان بگەیەننە جیهان، توڕەیییەکی زۆر لەناو ناجی ژناندا هەبوو، ژنانی سوەیدا توانیان دەنگی خۆیان و دەنگی هەموو ژنانی سووریا بگەیەننە جیهان، ژنان بە ژمارەیەکی زۆر هاتنە دەرەوە و توانیان زانابوون و مافی ڕەوای خۆیان .بۆ هاووڵاتیبوونێکی ئازاد بسەلمێنن.

 

"ژنان لە هەموو بوارێکدا بوونی خۆیان پێناسە دەکەن"

 لە کۆتایی قسەکانیدا، ئیمان ئەبو عەساف ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا هەندێک بۆچوونی جیاواز هەیە و نەگەیشتوونەتە فۆرمێکی سیاسی بۆ دەربڕینی ئەم ڕاپەرینە لەسەر ئاستی گشتی یان تایبەت وتیشی: باشترین شت ئەوەیە کە ژنان لە هەموو بوارەکاندا هەموو توانای خۆیان پێناسە بکەن، بۆیە هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێکخستنی ژنان هێندەی تر بەهێزتر بێت.