فرە ژنی و جیابوونەوەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە

بە پێی ئەو ئامارانەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرگیری و فرە ژنی زیادی کردووە، زۆرینەی تەمەنەکانیش لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵدان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەرواری ٤ی ئاداردا، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، ئاماری ساڵانەی بۆ ٢٠٢٣ بڵاو کردووە، لە بەشی مامەڵەی هاوسەرگیریی و جیابوونەوەدا، بە پێی ئامارەکان دەرکەوت، ڕێژەی هێنانی ژنی دووەم زیادی کردووە، بەشێوەیەک لە سلێمانی ڕێژەکە پێنج هێندە بەرزبووەتەوە، لە کەرکووک و گەرمیانیش بەهۆی ئاسان گەیشتن بە دادگاکانی عێراق هیچ حاڵەتێکی فرە ژنی تۆمار نەکراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، داوای ڕێگەپێدان بۆ هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان بەزربووەتەوە بۆ ٨٣ حاڵەت، بەم شێوەیە، هەولێر ٣٦ داواکاری، سلێمانی ٣٢ داواکاری، دهۆک ١٧ داواکاری، ئامارەکانیش لە ساڵی ٢٠٢٢، بەم شێوەیە بووە، لە سلێمانی تەنها شەش، لە کاتێکدا لە شاری سلێمانی بۆ ئەمساڵ بووە بە ٢٣ حاڵەت.

 

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا دەربارەی مامەڵەی هاوسەرگیری و جیابونەوە هاتووە، ساڵی ڕابردوو ٥٣ هەزار و ٨٧ مامەڵەی گرێبەستی هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەبەرامبەر دا ١٤ هەزار و ٣١٢ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، ئامارەکان بە پێی ناوچەکان بەم شێوەیە بووە، هەولێر ١٧٥٤٣ مارەبڕین و ٥٨٥٧ جیابوونەوە، سلێمانی ٢٠٤٢٧ مارەبڕین و ٥٤٣٨ جیابوونەوە، گەرمیان ٢٦١٨ مارەبڕین و ٨٥٣ جیابوونەوە، دهۆک ١٢٤٩٩ مارەبڕین و ٢١٦٤ جیابوونەوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە بە شێووەیەکی گشتی لە پارێزگاکان ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کەمی کردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و گەرمیان ڕێژەی جیابوونەوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، وە ئەو کەسانەی پڕۆسەی جیابوونەوەیان ئەنجامداوە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵ دا بووە.