حوسییەکان لە تەعز هەزار و ٤٤٤ پێشێلکارییان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی ئەنجامداوە
شاری تەعز شاهیدی پەرەسەندنی سەربازی و گەمارۆدانی بەردەوامە، لە ئەنجامدا لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا هەزار و ٤٤٤ پێشێلکاری دژی خەڵکی مەدەنی و کەرەستەی مەدەنی تۆمارکراوە.
ناوەندی هەواڵ
حوسییەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلکاری و هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و لە ئەنجامدا سەدان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە، هەروەها بە شێوەیەکی بەرفراوان سەدان ماڵ و دامەزراوەی پەروەردەیی و تەندروستی و شوێنی پەرستشەکان وێران کراون.
ناوەندی مافی مرۆڤی تەعز "THRC" لە ڕاپۆرتی مانگی تشرینی یەکەم، پەرەسەندنی سەربازی توند و بەردەوامی گەمارۆی حوسییەکانی بەڵگەدار کرد، کە هەزارو ٤٤٤ پێشێلکاری تۆمارکردووە کە خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی لە تەعز کردۆتە ئامانج.
ئەم هێرشانە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٥٤ هاوڵاتی مەدەنی کە ١٩ کەسیان منداڵ و ١٣ ژن بوون و ١٤٧ کەسیش بریندار بوون کە ٤٩ کەسیان منداڵ و ٤٢ ژن بوون. سەرەڕای ئەوەش، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، ١٦٦ هاوڵاتی مەدەنی ڕفێندراون.
لە ڕووی زیانە ماددییەکانەوە، زیانەکان درێژبوونەتەوە بۆ دامەزراوەکانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان. ٦٣٧ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، لە ناویاندا ٩ ماڵ بەتەواوی وێرانبوون و ٢٥٥ ماڵیش بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها ٣٧٤ ماڵیش هێرشیان کراوەتە سەر و تاڵانکراون. هەروەها ١١٩ دامەزراوەی پەروەردەیی زیانیان بەرکەوتووە، ١٣١ دامەزراوەی تەندروستی کراونەتە ئامانج و ١١ دامەزراوەی تەندروستی وێرانکراون و ١٢٠ دامەزراوەی دیکەش کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە. جگە لەوەش لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ١٩٠ مزگەوت زیانیان بەرکەوتووە.