هونەرمەندێکی کورد لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مەهر لە دوبەی دەدرەوشێتەوە
دەریا کاکایی هونەرمەندی کورد لە خولی دووەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مەهر لە دوبەی، لە بەشی گۆرانی لە نێو براوەکاندا بوو و بەشداریی کرد لە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە بەشی مۆسیقای نەریتی و ناوچەیی.
ناوەندی هەواڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مەهری کولتوور و هونەر، کە هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت، یەکێکە لە گەورەترین پلاتفۆرمە کەلتوورییەکان کە گرنگی بە تواناکانی داهێنەری جیهانی و بە تایبەتی ئێرانی دەدات. ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە دۆزینەوە و پەرەپێدانی تواناکانی هونەرییە و بەشداربووان لە پێنج بەشی سەرەکیدا پێشبڕکێ دەکەن.
بەپێی ئەو لیستە فەرمییەی لەلایەن لیژنەی ڕێکخەری دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مەهرەوە بڵاوکراوەتەوە، هونەرمەند دەریا کاکایی توانیویەتی شوێنێکی دیار لەنێو پێنج براوەی بەشی گۆرانیدا بەدەستبهێنێت.
ماڵپەڕی فەرمیی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هونەرمەندی کورد دەریا کاکایی یەکێکە لە ئەندامانی گرووپی مۆسیقی زەندار کوردستان، کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مەهردا، کە ساڵی ٢٠٢٥ لە دوبەی بەڕێوەچووە، توانیویەتی پلەی یەکەم لە بەشی مۆسیقای نەریتی و ناوچەیی بەدەستبهێنێت.
شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات، میوانداریی ئەم بۆنەیە هونەرییەی کرد کە بەشدارییەکی فراوانی داهێنەران لە بواری سینەما، شانۆ، وێنەگرتن و مۆسیقا تێدا بوو. ئەم سەرکەوتنە نێودەوڵەتییەی دەریا کاکایی و گرووپەکەی، دەرفەتێکی گرنگی بۆ ناساندنی مۆسیقای کوردی بە جیهان و دەربڕینی تواناکانی هونەرمەندانی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕەخساند.