بە هێنانە ناوەوەی هێمای کوتلەیی لە کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی نەورۆزدا هەوڵی پەراوێزخستنی ژنان دەدرێت

هێنانە ناوەوەی هێمای کوتلەیی بۆ ناو بەشێک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لەوەی دەبێتە هۆی دووبەرەکی و شێواندنی سروشتی فرەیی و هاوپشتیی ئەم ئاهەنگە، ژنانیش پەراوێز دەخات و بە سەپاندنی "یەکپارچەیی زۆرەملێ" پێگە و داهێنانیان لاواز دەکات.

نەسیم ئەحمەدی

 

سەردەشت - نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژە هێمای کولتووری کۆن و خەباتێکی مێژوویی دژ بە ستەمکاری و دەرفەتێکە بۆ ئاهەنگگێڕان بە هاودەنگیی نەتەوەیی، ئەم ئاهەنگە دێرینە نەک هەر ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی قووڵە لەگەڵ سروشت و کولتووری کورد، بەڵکو هەمیشە فرەچەشنی و فرەیی کۆمەڵگە نیشان دەدات، سەرەڕای ئەم مێژووە دەوڵەمەندە، لەم ساڵانەی دواییدا، هەندێک لە بزووتنەوە حزبییەکان هەوڵیانداوە نەورۆز بکەنە ئامرازێکی پڕوپاگەندەیی بۆ ئامانجە کوتلەییەکانیان، بە تیشک خستنە سەر ڕەنگێک یان هێمایەکی دیاریکراو- کە لە بنەڕەتدا هی کۆمەڵگە خۆی بووە، بەڵام حیزبەکان هەوڵیان دەدا دەستی بەسەردا بگرن. ئەم کردەوەیە، لە ڕوانگەی چالاکانی مەدەنییەوە، جگە لە شێواندنی سروشتی گشتگیر و فرەڕەنگی نەورۆز، بە جددی بوونی ژن و پۆتانسێلی ژن پەراوێز دەخات و داهێنانیان، تا ڕادەیەک، دەخاتە ژێر سێبەری "تەواوگەرییەکی زۆرەملێ".

 

پێشینەی مێژوویی: ڕێگای سەخت بۆ بوژانەوەی نەورۆز

لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە ئێران، کەشێکی سەرکوتکردنی توند لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زاڵ بوو. نەورۆز کە ڕەگ و ڕیشەی لە ناسنامە و هاودەنگیی کورددا داکوتاوە، هەر زوو بوو بە تابۆیەکی ئەمنی. "فەرزانە" (ناوی ساختە)- چالاکێکی مەدەنی و یەکێک لە پێشەنگەکانی ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەڵێت: "دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، بە هۆی فشارە توندەکانی حکومەت و چڕبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە شارەکاندا، ڕاگرتنی نەورۆز نزیک بوو لە مەحاڵ". هەر گردبوونەوەیەکی گەورە، تەنانەت ئاهەنگەکانی نەورۆز، سەرکوت دەکرا. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شار و گوندە جیاوازەکان و بەتایبەت ناوچە گوندنشینەکان دەدەین. لە کاتێکدا ئاهەنگی شکۆمەند و نیشتمانیی نەورۆز لە باکووری کوردستان بەڕێوە دەچوو، ئێمە لە ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی چەندین کۆت و بەند بووین. "هەرچەندە یەکەم مەراسیمی چەند هەزار کەس بەڕێوەچوو، وردە وردە ژنان توانیان لە بینەرانی شاردبووەوە لەسەربانەکان بگۆڕدرێن بۆ ڕێکخەر و پێشکەشکاری سەرەکی بەرنامەکە.

 

فەرزانە بەبیریهێنایەوە کە تا ساڵی ٢٠١٢ سەرەڕای سەرکوتی ساڵانە، ڕێگای بوژاندنەوەی نەورۆز بە خێرایی پێشکەوتبوو و سنووری کۆنەپەرستییە تەقلیدییەکانی بەزاندبوو. لەو ساڵەدا بۆ یەکەمجار گۆرانیبێژی سەرەکی مەراسیمەکە ژنێک بوو (دلنیا خان)، ئامادەبوونی ژنانیش تاڕادەیەک دیار بوو. بەڵام لە ساڵانی دواتردا فشار و دەستگیرکردنی بەربڵاو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە جارێکی دیکە نەیهێشت ئەو ئاهەنگە لە هەندێک شاردا بە ئازادی بەڕێوەبچێت. بەڵام نەورۆز ئیتر تەنیا لە شار و گوندێکدا قەتیس نەبوو و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەگی داکوتبوو.

 

ڕەوتی بەربڵاوتربوونی ڕۆڵی ژنان لە نەورۆزدا

هاتنی ژنان بۆ ئاهەنگی نەورۆز کە پێشتر بە هۆی بارودۆخی ئەمنی و تەقلیدییەوە بە شێوەیەکی مەجازی حوکمی تایبەتی پیاوان بووە، بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ساڵانی ڕابردوو دادەنرێت. سەرەتا ژنان تەنیا لە پەراوێز و لەسەر سەکۆی بینین ئامادە بوون، بەڵام وردە وردە ڕۆڵیان لە بوارەکانی وەک میوانداری و پێشکەشکردنی مۆسیقا و گۆرانی وتندا بینی و وەک یاریدەدەر و پاشان بەرپرسانی سەرەکی مەراسیمی نەورۆز ناسران. وەک فەرزانە دەڵێت: "لەو کاتەوەی ژنان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و هەمەچەشنی کوردییەوە هاتنە دەرەوە، ژیانێکی نوێیان بە نەورۆز بەخشی، چونکە ئاهەنگی نەورۆز بەبێ ئامادەبوونی بەهێزی ژنان بە کردەوە بێ مانا دەبوو". لوتکەی ئەم ئامادەبوونە نەورۆزی ٢٠٢٣بوو کە لەگەڵ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکەڵ بوو و ژنان هاتنە ناوەندی شانۆ.

 

لە هێماکانی حزبی بڕاوەوە تا تاکڕەنگی زۆرەملێ

سەرەڕای ئەم سەرکەوتنانە لە فراوانکردنی هەمەجۆریی و بەتایبەتی تیشک خستنە سەر پێگەی ژنان، لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک گروپی سیاسی هەوڵیانداوە نەورۆز بکەنە گۆڕەپانێکی کێبڕکێی ڕیکلام بە پشتبەستن بە "یەک ڕەنگی جلوبەرگ" یان هێمایەکی دیاریکراو، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا، بەرەوپێشبردنی تاکە ڕەنگێک ڕەنگە بێ بایەخ دەرکەوێت، بەڵام لە ناوەوە، نەریتی لە مێژینەی نەورۆز لە فەزای فرەڕەنگ و ئازادەوە بۆ ڕەوتی یەکسان و ڕەمزی توندوتیژی بچووک دەکاتەوە، لەوەش گرنگتر، بە بۆچوونی چالاکوانانی مەدەنی، ئەم ڕێبازە ڕاستەوخۆ ڕێگری لە دەربڕینی داهێنان و هەمەجۆریی لە جلوبەرگی ژناندا دەکات.

 

فەرزانە ئەم بابەتە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: وەک ئەوە وایە بیانەوێت هەمووان بە هەمان شێوەی جلوبەرگ یان هێمایەکی دیاریکراو ببینن، لە کاتێکدا جۆراوجۆری جلوبەرگی ژنانی کورد و ڕەنگە هەمەچەشنەکانی هەمیشە یەکێک بووە لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی نەورۆز، کاتێک ڕیکلام دەکەن کە هەموو کەسێک ڕەنگێکی دیاریکراو لەبەر بکات، وەک ئەوە وایە بە مەبەست یان بەبێ مەبەست ڕۆڵی ئەو ژنانە سنووردار بکەن کە دەتوانن ڕەنگ و ژیان بۆ مەراسیمەکە زیاد بکەن، تەنانەت هەندێک جار دەبینین ئەگەر ژنان بیانەوێت جلوبەرگی دڵخۆش و ڕەنگاوڕەنگ هەڵبژێرن، ئەوا لەلایەن هەندێک تاک یان گروپەوە فشاریان لەسەرە و پشتگوێ دەخرێن و سانسۆر دەکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕەوتی سەرەکیدا بگونجێن. "لە هەندێک حاڵەتدا ژنانی گەنج بە جلوبەرگی پیاوانەوە و بە دەست تەسبیحەوە بەشداری مەراسیمەکە دەکەن.

 

پێشێلکردنی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و دابەزینی پاڵنەرەکانی ژنان

یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی چالاکوانانی ژن، دژایەتی نێوان ڕێبازی تاکڕەنگ و هێماسازیی کوتلەیی لەگەڵ فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"دایە. چەمکێک کە جەخت لەسەر گەڕانەوەی پێگەی ڕاستەقینەی ژنان لە کۆمەڵگە و یەکسانی جێندەری دەکاتەوە. کاتێک گوتاری سەرەکی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بۆ "یەک ڕەنگی جلوبەرگ" کورت دەکرێتەوە، مەیدانی داهێنان و کاریگەری بۆ ژنان بەرتەسکتر دەبێتەوە و ڕەنگە دواجار بێهیوایان بکات لە درێژەدان بە چالاکییەکانیان.

 

فەرزانە بە ئاماژەدان بەم خاڵە دەشڵێت: "ژن، ژیان، ئازادی لەسەر ئەو ڕاستییە دامەزراون کە هەموو کەسێک بە تایبەتی ژنان مافی هەڵبژاردن و ئازادی داهێنان و کرداریان هەیە". بەڵام کاتێک لە سەردەمی نەورۆزدا بەشێک لە هەست و هەوڵی ئەو ژنانەی دەیانەوێت خاوەنی دیزاین و ڕەنگی تایبەت بە خۆیان بن، لە ژێر سێبەری پڕوپاگەندەی کوتلەیی و سەپاندنی ڕەنگێکی دیاریکراودا، جەوهەری ئەم فەلسەفەیە بە کردەیی دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەبری ئەوەی پێشوازی لە ئامادەبوونی ژنان بکەین وەک هونەرمەند، نمایشکار، گۆرانیبێژ و...، دەبینین لەبەرکردنی یەکپۆشی (زۆربەی پیاوان) و بەستنی تەسبیح لە دەست و ملی دەبێتە هاندەرێک بۆ کەمینە. "ئەم دۆخە بەڕوونی ژنان پەراوێز دەخات و بەهای کارەکانیان کەم دەکاتەوە".

 

دەرئەنجامەکانی نەورۆز لەسەر هاوپشتی کۆمەڵگە

هەر لە سەرەتاوە مەراسیمی نەورۆز هێمای هاوپشتی و یەکڕیزیی پێکهاتەی کورد لە دژی نایەکسانی و دیکتاتۆری بووە، گۆڕینی ئەم ئاهەنگە بۆ گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێ و نمایشکردنی دەسەڵات لەلایەن هەندێک گروپەوە، بەبێ مەبەست دووبەرەکی لە نێوان خەڵکدا دروستکردووە و ڕەنگە کەشوهەوای هاوبەشی ئاهەنگەکە تێکبدات. ئەگەر فراکسیۆنێک ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی، فراکسیۆنەکانی دیکەش بە هەمان شێوە کاردانەوەیان دەبێت. ئەنجامی کۆتایی تێکچوونی ڕۆحی "پێکەوەبوون" و توندبوونەوەی دابەشکارییەکانی نێوان کۆمەڵایەتی دەبێت.

 

بەرگریکردن لە فرەیی و ڕۆڵی سەرەکی ژنان

نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرئەنجامی هەوڵ و قوربانیدانی ئەو نەوەکانە کە بەرەنگاری چەندین سەرکوت و قەدەغەکردن بوونەتەوە، ئەم مەراسیمە بە بەشداریی بەهێزی ژنان بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، تەحەدای سنووردارکردنی نەریتی و ئەمنی کردووە و بووەتە ئاهەنگێکی جەماوەری و گشتگیر. لە ساتێکی وەها گرینگدا، پڕوپاگەندەی حیزبی و سیمبۆلیزمی یەکدەنگ دەتوانێت جارێکی دیکە ئەو کەشوهەوای فرەچەشنی و دینامیزم کە ساڵانێکە خەباتی بۆ دەکرێت، تێکبدات.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، چالاکانی کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی سروشتی فرەڕەنگی ئاهەنگەکانی نەورۆز دەکەنەوە و ڕێز لە فرەچەشنی تام و چێژەکان دەگرن- بە تایبەت لە جلوبەرگی ژنان و ئامادەیی داهێنەرانەدا. هەر گوتارێک کە ئەم فرەچەشنییە بۆ ڕەنگێکی دیاریکراو کورت بکاتەوە، دواجار نەک هەر پێشبڕکێی کوتلەیی لە گرنگترین ئاهەنگی کولتووری کوردستاندا دروست ناکات، بەڵکو ڕۆڵی ژن لە پێشخستنی شوناس و کولتوور و ئازادیدا، یەکێک لە بەنرخترین دەستکەوتە مێژووییەکانیشی پەراوێز دەخات.