هەڕەشەی نەدانی مۆڵەتی شۆفێری و باڵاپۆشی زۆرەملێ لە ژنان دەکرێت
ژنانی ماتۆڕسوار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی نەدانی مۆڵەتی شۆفێری و بیمە لەبەردەم مەترسیی یاسایی و داراییدان، هاوکات هەڕەشەی یاسایی لەو ژنانە دەکرێت کە پابەندی باڵاپۆشی زۆرەملێ نین.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەی هەمشەهری ئێران سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی نەدانی مۆڵەتی شۆفێری ژنان بۆ ماتۆڕ و نەبوونی بیمە بڵاویکردەوە، بێبەشکردنی ژنانی مووتۆڕسوار لە وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی لێخوڕین و بیمە، ڕووبەڕووی مەترسیی یاسایی و دارایی گەورە بوونەتەوە، کە لە کاتی ڕووداوەکانی هاتووچۆدا توانای وەرگرتنی قەرەبوویان نییە و تووشی هەڕەشە، باجگرتن و فشار دەبنەوە، جگە لەوەش ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان ڕووبەڕووی بێزارکردن، تەشهیر، سوکایەتی ودڵەڕاوکێی بەردەوامی هێزەکانی پۆلیس دەبنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەن دادگای خوراسانی باشوور لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ۲۸ مووتۆڕسکیل، ۷۰ ئۆتۆمبێل و ۱۰ کافی و ڕێستۆرانت بە بیانووی ڕەچاونەکردنی “باڵاپۆشی زۆرەملێ” یان شۆفێری کردنی ژنان داخراون، هاوکات لە پارێزگای یەزدیش چوار یانەی وەرزشیی تایبەت بە ژنان لەلایەن پۆلیسی چاودێریی شوێنە گشتییەکانەوە بە تۆمەتی “سەرپێچیی ئازادی لە جلوبەرگ” داخران و دۆسیەی دادوەرییان بۆ کراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، حەسەن هێممەتیفەر داواکاری گشتی و دادگای شۆڕشی پارێزگای خوراسان ڕەزەوی فەرمانی تایبەت بە ئەفسەرانی قەزایی دەرکردووە بۆ دەستنیشانکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژنانەی پابەند بە باڵاپۆشی زۆرەملێ نابن، کە هیچ کەس مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی نییە.
ڕەخنە و ناڕەزایەتی لایەنگرانی حکومەت لە دژی ئەو جلوبەرگانەی کە ژنان و کچانی گەنج لە شارە جۆربەجۆرەکانی سەرتاسەری وڵات لە تاران و تەورێزەوە تا مەشهەد و قوم لەبەری دەکەن، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیادی کردووە، هەروەها ڕەخنە لە حکومەتەکەی مەسعوود پزیشکیان دەگرن.