هۆشداری لە دۆخی غەززەو لوبنان دەدرێت
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل کار بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بکات، پێویستە هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار بکەن بۆ وەستاندنی زیادبوونی گرژییەکان لە غەززە و لوبنان.
ناوەندی هەواڵ
فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو وتی: پێویستە ئیسرائیل کار بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بکات و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان ڕابگرێت، هەر زیادبوونێکی شەڕ لە لوبنان کارەساتبار دەبێت بۆ تەواوی ناوچەکە، ئێمە پێشتر شاهیدی پێشێلکارییەکان بووین لە غەززە و نامانەوێت ئەو پێشێلکاریانە لە لوبنان دووبارە ببنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانن لە زیانبەرکەوتووانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە لوبنان، پێویستە هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار بکەن بۆ وەستاندنی زیادبوونی گرژییەکان لە غەززە و لوبنان.
وتیشی: کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ئێستا، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەنیا و بەبێ بەشداری وڵاتانی جیهان کاری زۆرى پێناکریت، چونکە ئەم ڕێکخراوە لە ڕابردوودا لەسەر بنەمای هاوکاری و بەشداری وڵاتان دامەزراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە هێرشەکان بۆسەر لوبنان بەردەوامن و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٥ی تشرینی یەکەم فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەی شەهید سەلاح غەندوریان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد.