عەفرینیەکان له شەهبا: مەخمور بەتەنیا نییە

کۆچبەرانی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی شام، هەوڵەکانی حکومەتی عێراقیان بۆ گەمارۆدانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" ئیدانە کرد.

ڕاپەرین بەکر

 

شەهبا- لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق هەوڵدەدات کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" گەمارۆ بدات، کە بۆ ماوەی چوار ساڵە لەژێر کۆنترۆڵ و گەمارۆی پەدەکەدایە، ژنانی عەفرین کە دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناچارکران کۆچ بکەن بۆ شەهباو چەند مانگێکە لەژێر گەمارۆ و ئابڵوقەی حکومەتی شامدان، هەڵوێستی خۆیان لە دژی هەولەکانی عێراق دەربڕی و وتیان: مەخمور بەتەنیا نییە.

 

"ئامانجی دەوڵەت شکستپێهێنانی خواستی گەلە"

هیدایەت عەلی، کە لە کامپەکانی کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژی، ئاماژەی بەوەکرد هێرشەکانی سەر کامپی مەخمور دژی خواستی گەلە و ناڕەزایی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: هێزەکانی دەسەڵات دەیانەوێت خەڵکی ناوچەکە کۆچ بکەن و ئاوارە ببن،  پاشان بەهەموو شێوەیەک شەڕیان لەگەڵ بکەن، ئەم گەمارۆیەی حکومەتی عێراقیش نموونەیەکە، سەرەڕای کردەوەکانی حکومەتی شام و سیاسەتەکانی خنکاندنی کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا، ئامانجی دەوڵەتەکان تێکشکاندنی خواستی گەل و پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، گەلی مەخمور چەندین ساڵە لەسەر بنەمای پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لە کامپەکەدا دەژین، بەڵام سیاسەتەکانی دەوڵەتە سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارەکان هاوڕا نین لەسەر ئەوەی کە هەرێمە بەرگریکارەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی خۆیان ڕێکبخەن، ئێمە شەڕخوازو خوێنڕێژ نین، ئامانجی ئێمە ژیانێکی ئاشتیانەی یەکسانە.

 

"بەرخۆدانی خەڵکی مەخمور بەرخۆدانی ئێمەیە"

ڕۆشین خەلیل، خەڵکی عەفرین، ئیدانەی گەمارۆکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ سەر کامپی مەخمور و وتی: ئازاری کۆچبەرانی عەفرین و مەخمور هەمان ئازارە، ئێمە ماوەی ٥ ساڵە لە کامپەکانی پەنابەراندا دەژین و بەدەست هەموو ئازار و ناخۆشییەکانی حکومەتی شام و داگیرکاری تورکیا دەناڵێنین، لەبەرئەوە ئێمە هەست بە ئازاری خەڵکی مەخمور دەکەین و کردەوەکانی حکومەتی عێراق لە دژیان قبوڵ ناکەین، بەرخۆدانی خەڵکی مەخمور بەرخۆدانی ئێمەیە، بە یەک ڕۆح بەرەنگاری کردەوەکانی دوژمنان دەبینەوە و زاڵ دەبین بەسەر هەموو سەختییەکانی ژیانداو بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دادپەروەری بۆ ئەوەی بتوانین ئامانجەکەمان بەدەست بهێنین.

                                                                                        

"پێویستە حکومەتی عێراق بوەستێت"

زۆزان حەبەش هئیدانەی سیاسەتی حکومەتی عێراقی بەرامبەر خەڵکی مەخمور کردو وتی: ئەگەر حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی کامپی مەخمور، ئەوا خەڵکەکە بە کارەساتێکی مرۆیی گەورەدا تێدەپەڕێت، بۆیە دەبێت دەستێوەردانی نێودەوڵەتی هەبێت و دەبێت حکومەت بوەستێت.

 

"خەڵکی مەخمور بە تەنیا نین"

حەیات حەسەن بۆچوونی خۆی دەربڕی و وتی: گەمارۆدانی کامپی مەخمور لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کارێکی نامرۆڤانەیە و گەمارۆیە بەسەر هەموو گەلی کورددا، مەخمور و خەڵکەکەی بەتەنها نین و هەموو کەسانی ئازادیخواز لەپشت ئەوانن، بەو سیاسەتەش حکومەت ناتوانێت بوونی گەلی کورد تێکبشکێنێت چونکە خواستی گەلی کورد لە هەموو پلانەکانیان بەهێزترە.