"هێرشی چەتەکان کۆمەڵکوژی شنگال بە بیردەخەنەوە، دەبێت تا کۆتایی بەرخۆدان بکەن"
سوهام شنگالی، ئەندامی کۆمیتەی دبلۆماسی تاژێ، ڕایگەیاند که چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا به هاوپەیمانێتی و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی حەلەبیان وەک موسڵ داگیرکردووه، کۆمەڵگه تەنها دەتوانێت سەرکەوتن لە بەرامبەر دارگیرکەران لەسەر بنەمای شەڕی گەلی شۆڕشگێڕێ بەدەستبهێنێت.
ڕوناهی زەردەشت
شەنگال- لە ٢٧ی ئەم مانگەدا چەتەکنی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر حەلەب و داگیریان کرد. دوای ئەوەی چەتەکان حەلەبیان داگیرکرد، ئەمجارەیان ڕوویان لە ناوچەی شەهبا کرد کە زۆربەی دانیشتووانەکەی خەڵکی عەفرینن، لە ئەنجامی هێرشی چەتەکان و داگیرکردنی شەهبا، هاووڵاتییان ڕوویان لە ناوچە ئارامەکان کردووە، بەڵام خەڵکێکی زۆر لە کاتی کۆچکردندا لەلایەن چەتەکانەوە کوژران، کە زۆربەیان ژن بوون، خەڵکێکی زۆر ڕفێندران و ئێستا هەزاران کەس لەژێر گەمارۆی چەتەکاندان.
داگیرکردنی شاری حەلەب، بەبێ شەڕ و جێهێشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی، هەڵهاتنی هێزەکانی شام، هەروەها دیمەنی کردەوەی چەتەکان دژی ژنان و کۆمەڵگە، داگیرکردنی موسڵ و هێرشی سەر شەنگال بەبیر خەڵک دەهێنێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا موسڵیان داگیرکرد، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ بەربەستێکی سەربازی ببنەوە و دواتر ڕوویان لە شەنگال کرد، دوای ١٠ ساڵ سیناریۆی موسڵ ئێستا لە حەلەب بە ناوێکی ترەوە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سوهام شەنگالی، ئەندامی کۆمیتەی دیبلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" لە بارەی هێرش و داگیرکردنی حەلەب، شەهبا و هەروەها بەرخۆدانی خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دەزگاکەماندا قسەی کرد.
"حەلەب لەلایەن هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییەوە داگیرکرا"
سوهام شەنگالی ڕایگەیاند کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا چەتەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی حەلەبیان داگیرکرد و وتی: هەرچەندە ناوی بەەرەی نوسرە، تەحریر ئەلشام و هتد، لە خۆیان بنێن، لە کۆتاییدا چەتەکانی دەوڵەتی تورکیان، چەتەکانی داعشن، بەهۆی هەمان ئەقڵیەتیەوە هێرشی دڕندانە ئەنجام دەدەن. لە لایەکی تریشەوە حەلەب بە هەمان شێوەی موسڵ ڕادەستی چەتەکان کرا، نەک هەر شاری حەلەبیان ڕادەست کرد، بەڵکو چەک و کەرەستەی سەربازیشیان بۆ چەتەکان بەجێهێشت، ئەوان ویستیان ڕادەستکردنی ئەو چەک و کەرەستە و کەلوپەلانە، بە ئامانجی ئەنجامدانی هێرشی دڕندانە بۆ سەر گەلان و بەتایبەت خەڵکی شەهبا بەکار بهێنن، گەلی شەهبا هەموویان دانیشتووی عەفرینن و لە ساڵی ٢٠١٨ بە هۆی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە شەهبا نیشتەجێ بوون، پلانی موسڵ بە هەمان شێوە لە حەلەب جێبەجێ کرد، هەربۆیە بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەکی گەورە و ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە شەهبا، چوونەتە تەبقا و ڕەققە.
"سەرەڕای هەموو شتێک، گەل لەسەر پێی خۆیەتی و بەرخۆدان دەکات"
سوهام شەنگالی، سەرنجی بۆ بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا له بەرامبەر هێرشەکای چەتەکان ڕاکێشا و وتی:هەر لە سەرەتای هێرشی چەتەکان، خەڵکی ڕۆژئاوا بەرخۆدانییەکی بێ وێنەی کرد، بەتایبەتی گەلەکەمان کە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ماونەتەوە، بەرخۆدانێکی گەورە لە دژی چەتەکان بەڕێوەدەبەن، هەرچەند ئەزموونی کۆچکردنیان هەیە، بەڵام بەرخۆدانی ناوازەی گەلی شەهباش هەیە، بە ئیرادە و ئیرادەیەکی بەهێزەوە دژی داگیرکاری وەستاونەتەوە.
"دیمەنەکانی ١٠ ساڵ پێش ئێستای بیرهێناینەوە"
سوهام شەگالی وێنەی ئەو چەتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتوون بەبیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو وێنانەی لە ڕای گشتیدا دەرکەوتن، وێنەی ساڵی ٢٠١٤ دەهێنێتە بەرچاو، سوهام شەنگالی لەم بارەیەوە لە لێدوانێکدا وتی: ئەقڵیەت و کردەوەی چەتەکانی تەحریر شام هی چەتەکانی داعشە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوە دەوڵەتی تورکیا و هێزەکانی هاوشێوەی ئەوانە کە چەتەکانی داعشیان گەورەتر و بەهێزتر کرد، زلهێزەکانی وەک دەوڵەتی تورکیا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە ڕووی تەقەمەنی و مەشقی سەربازی و ...هتد، داعشیان بەهێز و گەورە کرد، ئێستاش ڕەنگە ناوەکە جیاواز بێت بەڵام ئەقڵیەت وەک یەکە و بە هەمان شێوە هێرش دەکەن، وەک چۆن چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا ژنانی ئێزدییان ڕفاند و دەستدرێژییان کردە سەر، چەتەکانی تورکیاش هەمان شت بەرامبەر بە ژنان دەکەن، هیچ جیاوازییەک لە نێوان چەتەکانی دەوڵەتی تورک و داعشدا نییە، هەروەها ئەو هێزانەی پشتیوانی ئەم چەتەیانە دەکەن هەمان چەمکیان هەیە، ئەم باندانە ئێستا دوژمنی ژن و کۆمەڵگە و ژیانن.
"ئەم شەڕە لە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە"
لە درێژەی قسەکانیدا، سوهام شەنگالی ڕایگەیاند کە پێویستە بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژئاوا و بەتایبەت خەڵکی عەفرین و شێخ مەقسود وەک نموونەی وەربگرین، هەروەها ڕایگەیاند کە نابێت کەس بیر لەوە بکاتەوە کە شەڕەکە تەنها لە حەلەب و عەفرین یان باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێت و درێژەی بە قسەکانی دا: "ئەم شەڕە بۆ هەموو شوێنێک بڵاو دەبێتەوە، دەوڵەتی تورکیا هەموو ڕۆژێک دان بە ڕای گشتیدا دەنێت و دەڵێت ئەو شوێنانە داگیر دەکەین کە دەچنە ناو سنووری میساقی میلییەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی ئەو داگیرکاریەیە کە دەگاتە شەنگال و موسڵ و کەرکوک، چونکە ئەو شوێنانە بە خاکی خۆی دەبینێت و دەزانێت. وەک کۆمەڵگە تا زیاتر بەرخۆدان بکەین و بەرەنگاری لەشکرکێشی و داگیرکاری ببینەوە و ڕێگە نەدەین جینۆسایدێکی تر ڕووبدات، زیاتر دەتوانین بە ئازادی لەسەر خاکی خۆمان بژین".
"گەورەترین مەترسی لە شەنگالدایە"
سوهام شەنگالی، ڕایگەیاند کە گەوەرەترین مەترسی لە عێراق، نەینەوا، موسڵ و شەنگالدایە و وتی: دەیان بۆ سەدان شانەی شاراوەی داعش لە ناوچەکەدا هەیە، ئەمڕۆ و سبەی دەوڵەتی تورکیا، جلی خۆی لەو چەتەیانە بکات و هێرش بکات، لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی عێراق دەیان هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا کردووە و لە ئەنجامی ئەو هاوپەیمانییانەشدا ڕەنگە دەوڵەتی تورک هەنگاو بنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی وەک شنگال و موسڵ و کەرکوک.
"بەتایبەت ژنان پێویستە خۆیان بپارێزن و پێشەنگایەتی بکەن"
سوهام شەگالی لە قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەو شەڕە ڕاکێشا کە ئێستا لە چیا ئازادەکانی کوردستان دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەچێت و وتی: دەوڵەتی تورکیا کە لە چیاکانی کوردستاندا گورزی گەورەی بەرکەوت، دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو چەتانەوە بگاتە ئامانجەکەی، چونکە دەوڵەتی تورک هێزێکی نییە کە بە تەنیا بتوانێت حەلەب داگیر بکات یان بیەوێت بێت و موسڵ داگیر بکات، دەیەوێت بە پشتیوانی چەتەکان ئەو ناوچانە داگیر بکات. ئەوان دەیانەوێت ئامانجی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٤دا، کە قڕکردنی ئێزیدییەکان بوو بەدیبهێنن، بەڵام لە ئەنجامی دەستێوەردانەکانی بزووتنەوەی ئازادیی، ئەو ئامانجە نەهاتەدی، پێویستە کۆمەڵگەکەمان لە هەر شوێنێک بێت، لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا، هەروەها ئەم چەتانەی کە عەقڵیەتی داعشیان هەیە، بەرخۆدان بکەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستە ژنان زیاتر وریا بن و خۆیان بپارێزن. بە تایبەتی پێویستە ژنان لەو ناوچانەی کە لەژێر هەڕەشەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان، خۆیان بپارێزن و پێشەنگایەتی لە کۆمەڵگەکەیاندا بکەن بۆ خۆپاراستن و بەرخۆدان کردن.
"نابێت ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ دووبارە ببنەوە"
سوهام شنگالی تیشکی خستە سەر ئەوەیکە ژنانی ئێزدی نابێت بهێڵێن ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویدا دووبارە ببێتەوە و جەختیشی لەسەر ئەم خاڵانە کردەوە: "لەلایەکی ترەوە یەکگرتوویی لە سەردەمێکی ئاوادا زۆر گرنگە، لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا گرنگترین شت بۆ ئێمە یەکڕیزییە، پێویستە پشتیوانی ماددی و مەعنەوییان بۆ گەلی ڕۆژئاوا هەبێت چ لە وڵات و چ لە دەرەوە، پێویستە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لە پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا، چونکە ئەم دەستکەوتانە بە خوێنی شەهیدان بونیاد نراون.
شەڕێک لەسەر بنەمای شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی
هەروەها سوهام شەنگالی جەختی لە گرنگی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی کردەوە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: پێویستە لەسەر بنەمای شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان لەم هێرشانە بپارێزین، نەک تەنها لایەنی هێزی سەربازی، هەموو کەرتە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە پاراستنی خاک و کۆمەڵگە و شەرەف و شکۆمەندی خۆیان و هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە چەتەکان وئەقلییەتی دەوڵەتی تورکیا، وەک پێکهاتەیەکی ئێزیدی، بەتایبەتی وەک تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان، بە پێشەنگایەتی تاژێ و خۆبەڕێوەبەری، تا کۆتایی پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوا دەکەین و لە بەرخۆدان و خەباتدا دەبین لە بەرامبەر هێرشەکاندا.