هێرشەکانی ئیسرائیل ئینتەرنێتی لە غەززە ڕاگرت

بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە، خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە باکووری غەززە ڕاگیراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کە تائێستا شەڕ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە، چەند جارێک خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە غەززە پچڕاوە، ئەمەش بەهۆی تۆپبارانێکی چڕ کە کاریگەری لەسەر ژێرخانی تۆڕی پەیوەندییەکان هەبووە یان بەهۆی نەمانی سووتەمەنی.

 

ئەمڕۆ ١٩ی تشرینی یەکەم، کۆمپانیای پەیوەندییەکانی فەڵەستین پاڵتێل سەبارەت بە ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە غەززە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە باکووری غەزە ڕاگیراوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات خزمەتگوزارییەکان بگەڕێننەوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، تائێستا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە چەندین جار پچڕانی کارەبا و ئینتەرنێت لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری غەزە ڕوویداوە، کە پێشتر پچڕپچڕ هەبووە.

 

هاوكات، پێشتر کۆمپانیای پەیوەندییەکانی فەلەستین پاڵتێل کوژرانی ژمارەیەک لە کارمەندەکانی ڕاگەیاندبوو، لە کاتێکدا کاریان دەکرد بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان بۆ هاوڵاتیانی کەرتی غەزە.