هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٣٠٧هەمین ڕۆژیدایە
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ٣٠٧هەمین ڕۆژ بەردەوامە، لەم دواییانەشدا ٢٥ فەڵەستینی لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستدا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/08/20240808-g-jpgf889ce-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، لەو هێرشانەدا زیاتر لە ٣٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
مەحمود بەسال، وتەبێژی یەکەی بەرگری شارستانی لە غەززە، بەیاننامەیەکی نووسراوی دا و ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری خان یونس لە باشووری غەززە ٢٠ هاوڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە.
لەو بەیاننامەیەدا کە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە زۆر شوێن و ماڵ لە باکووری غەززە کراونەتە ئامانج و ٥ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و هەروەها ئیسرائیل ماوەی ٩١ ڕۆژە باکووری غەززەی لە خۆراک و پێداویستی بێبەش کردووە.