هەرچەندە کامپی ئاشتی داخرا بەڵام ٢٢ هەزار خێزانی ئاوارە لەناو سلێمانیدان
ئەمڕۆ كامپی ئاشتی لە شارەدێی عەربەت، كە ئاوارەكانی عێراقی تێدا بوو بەیەكجاری داخرا و ٢٢ هەزار خێزانیش وەک ئاوارە لەناو شاری سلێمانیدا ماونەتەوە و بەخواستى خۆیان ناگەڕێنەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ساڵی ٢٠١٤وە بە هۆی پەلاماری چەتەكانی داعشەوە، بەشێكی زۆری دانیشتوانی پارێزگاكانی عێراق ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە كامپەكان نیشتەجێكران، بەڵام ئێستا حكومەت و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڕیاریاندا تا كۆتایی ئەم مانگە سەرجەم ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان و سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان دابخرێن.
ئەمڕۆ ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەگەڵ لیژنەیەكی پەرلەمان لە شاردێی عەربەت سەبارەت بە داخستنی كامپی ئاشتی، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوێن بۆ ئەوەی داخستنی یەكجارەكی كامپی ئاشتی ڕابگەیەنن، كە تایبەتە بە ئاوارەكانی عێراق، ئیدارەی سلێمانی بۆ داخستنی كامپەكە هاوكاری ڕاستەقینەی وەزارەتەكە بووە.
پێشتر كامپی ئاشتی دوو هەزار و ٥٠٠ ئاوارەی خێزانی تێدا بووە، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ خێزانی ئاوارە لەو كامپە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەوانەی دیكە چوونەتە ناو شارەكان و نیشتەجێ بوون، ئێستا ژمارەی سەرجەم ئاوارەكانی نیشتەجێی سلێمانی دەوورووبەری نزیكەی ٢٢ هەزار خێزانە.
ئیڤان فایەت ئاماژەی بەوەدا، بۆ داهاتوو پلان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو ئاوارانەی كە لە ناو سلێمانیدا ماون دادەنێن، بەڵام تا ئێستا كامپی ئاوارەكان لە هەولێر و دهۆک دانەخراون، سەرۆک وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە لە نێوان وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە ڕۆژانی داهاتوودا كار لە سەر گەڕانەوەی ئاوارەكانی ئەوێش دەكەن.