هەر هەنگاوێک هەمیشە خەباتێکە بۆ ژنانی ئەفغانی
سەرەڕای شەپۆلەکانی فشاری تاڵیبان و قەدەغەکردنی یەک لە دوای یەک، ژنانی کابول ڕادەست نابن، لە پارکێکدا لە نێوان دار و بەردو خۆڵدا، لە ڕێگەی خەباتی خۆیانەوە مافی بوونیان لە کۆمەڵگادا بە زیندووی دەهێڵنەوە

بەهاران لەهیب
کابول-دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، یەکەم جێبەجێکردنی، قەدەغەکردنی خوێندن و کارکردنی ژنان بوو، دوای ماوەیەک فشار لەسەر ژنان زیاتر بوو. ئەو ژنانەی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کاریان دەکرد و پۆستی بەرپرسیارێتییان لەو ڕێکخراوانەدا هەبوو، لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. تاڵیبان وردە وردە هەنگاوی ناوە بۆ سنووردارکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە کۆمەڵگە، ئەمەش لە ترسی ناڕەزایەتی ژنانە.
هەموو شتێک بۆ ژنان قەدەغە کرابوو
تاڵیبان هەموو ئارایشتگا و شوێنەکانی کات بەسەربردنیان داخست و بە فەرمانی مەلا هەیبەتوڵا یاسایەکی لەسەر وەزارەتی ئەمر بیل مەروف دەرکرد. هەر بڕگەیەکی ئەم یاسایە بە مانای فشاری زیاتر و زەلیلکردنی ژنان و سنووردارکردنی زیاتر بوو. تەنانەت دەنگی پێڵاوی ژنان قەدەغە کرا، دەنگی ژنان وەک ‘قێزەون’ سەیر دەکرا. زۆرێک لەو ژنانەی کە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا کاردەکەن، ناچاربوون دەستبەرداری کارەکانیان بن، ژنانیش ناچاربوون دەموچاویان داپۆشن و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەربکەون. تاڵیبان هەر بەوەوە نەوەستا، ژنە گەنجەکان بە بیانووی ‘قسە نەکردن بە شێوەیەکی دروست’ دەستبەسەر و بێسەروشوێن کران، هەندێکیان لە ئەنجامی ئەو فشارە دەروونییەی کە تووشی بوون، دوای ئازادبوونیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان هێنا.
ژنان هەوڵدەدەن شوێنێک بدۆزنەوە بۆ پشوودان
سەرەڕای ئەم فشارانە، هەوڵی ژنان بۆ پاراستنی ئامادەیی و ڕۆڵی خۆیان لە بوارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا بەردەوام بووە. لە گەڕەکێکی کابول، ژنان سەرەڕای کەمی دەرفەتەکان، لە پارکێکدا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەوڵبدەن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە وەرزشکردن و خۆشییەوە ئارامبگرن.
کاتێک تاڵیبان چوونی ژنانی بۆ پارکەکان قەدەغە کرد، زۆرێک لە ژنان سەرەڕای ئەمەش بەردەوام بوون لە سەردانی پارکەکان. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەمر بیل مەروف پاسەوانیان لە دەروازەی پارکەکە دانا بۆ ئەوەی ژنان نەتوانن بچنە ژوورەوە.
ئەمڕۆش ژنان لەم پارکەدا کۆدەبنەوە، شەوانە بۆ تەندروستی و مۆڕاڵ لەگەڵ منداڵەکانیان و هاوڕێکانیان ماوەیەکی کەم بەسەر دەبەن.
"ئێمە لە ڕێگەی پێداگری خۆمانەوە مافی چوونە ناو پارکەکەمان بەدەستهێنا"
مەحمودە ڕەفی، یەکێکە لەو ژنانەی لەگەڵ کچە گەنجەکانی دێنە پارکەکە، خەباتی خۆی لەدژی ئەفسەرانی ئەمر بیل مەعروف بەم شێوەیە باس کردو وتی: بەیانییەک بۆ ڕاهێنان هاتوومەتە ئێرە، ئەندامێکی ئەمر بیل مەعروف لە دەروازەکە بوو، دارێکی بەدەستەوە بوو، ڕێگەی بە پیاوان دەدا بچنە ژوورەوە بەڵام ئێمە نا، لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەی ژنەکان زیادی کرد، کاتێک لە دەروازەکە نزیک بووینەوە، بە دڵەڕاوکێیەوە هاتمە ئێرە ویستی بە دارێک لێمان بدات، لەو ڕۆژەدا ڕێگەمان پێنەدرا. بەڵام ڕۆژانە ژنانی زیاتر دەهاتن و دواجاریش لە ڕێگەی بەرخۆدان و فشارەوە مافی چوونە ژوورەوەمان بەدەست هێنا، لە هەفتەکانی سەرەتادا پەردەیەک لەنێوان ژن و پیاودا دەکێشرا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پەردەکە هەڵدەگیرا، سەرەتا تەنیا لە ڕۆژدا ڕێگەمان پێدەدرا بێین، بەڵام ژنەکان دەرفەتەکەیان قۆستەوە و شەوانیش دێن.
ژنان لە پارکێکی تۆزاویدا خۆشییەکانیان بەیەکەوە بەسەر دەبەن
ئەمڕۆش کۆمەڵێک لە ئەمر بیل مەعروف دەوریی پارکەکە دەدەن. کاتێک ژنان دەبینن کە جلوبەرگی بەدڵی ئەوانیان لەبەردایە، هەراسانیان دەکەن. لەم پارکەدا هیچ شوێنێک نییە، کە ژنان ماندووێتیان دەربکەن، تەنها چەند دارێک و کێڵگەیەکی تۆزاوی. جارێکی تر ئەم شوێنە نەخۆشە پەناگەی ژنانە لە فشارەکانی بنەماڵە و کۆمەڵگە، لەوێدا هاوبەشی ئازار و خۆشی خۆیانن. لە دڵی کابولدا گۆشەیەکی بچووکی خۆشی دروست دەکەن.