هەپەژە: ئێمەش یەپەژەین

هێزەکانی پاراستنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان "هەپەژە" بە ڕاگەیاندراوێک پشتیوانیی خۆی بۆ یەپەژە دووپاتکردەوە و داوای لە هەموو ئازادیخوازان کرد پاڵپشتی لە یەپەژە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا لە ٢٦ی نیسان، کەمپەینێکی بۆ پشتگیریی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" دەستپێکرد، کەمپەینەکە تادێت فراوانتر دەبێت. ئەم کەمپەینە لە بەرانبەر دانپیانەنانی فەرمیی حکومەتی کاتیی سووریا بە یەپەژەدا، دەستی پێ کردووە.

 

لەم چوارچێوەیەدا، هێزەکانی پاراستنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان "هەپەژە" بە ڕاگەیاندراوێک پشتیوانیی خۆی بۆ کەمپەینەکە دووپاتکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکەی هەپەژە بەم شێوەیەیە:

"یەپەژە نەک تەنها بۆ گەلانی سووریا و گەلی کورد، بۆ تەواوی ئازایخوازان بووەتە هێما و مۆدێلێکی بێ‌وێنە.

حکومەتی کاتیی سووریا بە قبووڵنەکردنی فەرمیی یەپەژە، لە ڕاستیدا دیموکراسی و ئازادی قبووڵ ناکات. یەکینەکانی پاراستنی ژنان کە ناوکی شەڕی داعش و هێمای ئازادی و تێکۆشانی ژنان بوون و هەن، هەمیشە پێشەنگی تێکۆشانی دیموکراسی و یەکسانی بوون لە سووریادا. یەپەژە نەک تەنها بۆ گەلانی سووریا و گەلی کورد، بۆ تەواوی ئازایخوازان بووەتە هێما و مۆدێلێکی بێوێنە.

 

بە نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی بوونی یەپەژە، هەموو دەستکەوتە شۆڕشگێڕییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەخرێنە مەترسییەوە و جەوهەری خۆیان لەدەست دەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ ئەم هێمایەی ئازادی، بۆ ئەم پارێزەرە ڕاستەقینەیەی شۆڕشی گەلانی سووریا ڕادەگەیەنین، بەهەموو هێزمانەوە پشتیوانی لە یەپەژە دەکەین و دەڵێین ئێمەش یەپەژەین. لەم ساتە گرنگەدا داوا لە هەموو ئازادیخوازان و ئەو کەسانە دەکەین کە بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە تێکۆشانی گەیشتن بە جیهانێکی یەکسان و دیموکراسیدا دەبیننەوە، پشتیوانی لە یەپەژە بکەن، چونکە ئەمە تەنها پرسێکی تایبەت بە هەرێمێکی دیاریکراو نییە و کاریگەریی لەسەر ئاییندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش دەبێت

 

ژن ژیان ئازادی".