هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەم تیشک دەخاتە سەر گرنگی ژیانی کۆمین
بوشرا محەمەد، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، دووپاتی کردەوە، کە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تیشک دەخاتە سەر گرنگی ژیانی کۆمین "ژیانی هاوبەش، بەکۆمەڵ"
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەم، بە دروشمی "بەیەکەوە کۆمەڵگەیەکی کۆمینی دیموکراتیک بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی بونیاد دەنێین"، پلاتفۆرمی هاوبەشی تەڤگەری و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند، کە تا ٣٠ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بوشرا محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕایگەیاند، دەرکردنی ژنان لە کایەی سیاسی لە سووریا جۆرێکە لە توندوتیژی، هەڵمەتەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستیپێکردووە، ئەم هەڵمەتەش لەم کاتە گرنگ و مێژووییەدا دەستیپێکردووە، گرنگییەکی زۆری هەیە، هەروەها دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی ژنان لە کۆڕ و ناوەندە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بڕیار، خۆی جۆرێکە لە توندوتیژی.
"رێککەوتنی ژنان مسۆگەریەک بۆ مافەکانی ژنان لە سووریا"
بوشرا محەمەد جەختی لە یەکڕیزی ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کردەوە، توندوتیژی تەنها بە دەستدرێژی زارەکی یان جەستەیی سنووردار نییە، بەڵکو توندوتیژی سیاسی و کۆمەڵایەتیش هەیە کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە، دوورخستنەوەی ژنان لە سیاسەت و نەبوونی ئەوان لە هەموو کایەکانی ژیان جۆرێکە لە توندوتیژیی سیاسی، هەر بۆیە هەوڵدەدەین بۆ یەکخستنی چارەسەرەکانی ژنان و ڕێککەوتن لە نێوانیاندا مسۆگەرییەک بۆ مافە بنەڕەتییەکانی ژنان لە سووریا پێکدەهێنێت، کە بەشدارە لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای دادپەروەری بێت و یەکسانی، کە ژنان ڕۆڵیان هەیە لە هەموو بوارەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە سووریا و لە سەرانسەری جیهان ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها دەبێت خەباتی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەهێزتر بکەن، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانی چالاکوانانە سیاسییەکان و ئەو ژنانە دەکرێت کە داوای ئازادی دەکەن، بە ئامانجی لێسەندنەوەی ژیانێکی شکۆمەندانە و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان و ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
"کۆمینەکان بەردی بناغەن"
بوشرا محەمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە گرنگی کۆمینەکان کردەوە لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، کۆمین بەردی بناغەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکییە، هەروەها پایەی بنەڕەتییە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی تێیدا زاڵ بێت، لەم قۆناغەدا ڕۆڵی کۆمەڵگەی کۆمینی دووپات کردۆتەوە، کە لەسەر بنەمای بەشداریکردن لە نێوان ژن و پیاودا دامەزراوە، لەم بناغەیە و لەم سەرەتایەشەوە درێژە بەم خەباتە دەدەین، چونکە دوای ئەوەی کۆمەڵگە لە ژیانی کۆمین دوورخرایەوە، مێژووی توندوتیژی لەسەر دەستی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان دەستیپێکرد.