هێلین ئومێد: دەبێت لە چوارچێوەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکدا هەمووارکردنەوەی یاسایی ئەنجام بدرێت

هێلین ئومێد ڕایگەیاند، لە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکەدا تەڤگەر ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ‌کردووە و وتی: لە قۆناغی دووەمدا پێویستە ڕێگە بە ڕێبەر ئاپۆ بدرێت تا سیاسەت بکات و لە چوارچێوەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکدا هەمووارکردنەوەی یاسایی ئەنجام بدرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا تایبەت بە بڕیاری پێشێلکردنی "مافی هیوا"ی پەیوەست بە ڕێبەر ئاپۆ و پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ مەدیا خەبەر تیڤی قسەی کرد.

 

هێلین ئومێد لە سەرەتای قسەکانیدا خۆشەویستی و پەرۆشی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ باسکرد و لەسەر مافی هیوا وتی: یەکێکە لە گرنگترین پێشکەوتنەکان. لەبەرئەوەی پەیوەندی بە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆوە هەیە. کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لەسەر مافی هیوا بڕیارێکی نوێی دەرکرد. وەکو تەڤگەر، چاوەڕێ بووین و سەیرمان دەکرد. چاوەڕێ بووین بزانین لەسەر ئەو بابەتە چی دەڵێن، چ ڕێوشوێنێک دەگرنە بەر و چ هەنگاوێک دەنێن. ئەگەر هەڵە نەبم پشت بەو بڕیارە دەبەستێت، کە بەر لە ١١ ساڵ دەرکراوە و ئەوە ١١ ساڵە گەلی کورد بە قسەکردن لەسەر مافی هیوا سەرقاڵ دەکەن. یانی، ئەنجوومەنی ئەورووپا خۆی پێشەنگایەتی ئەمە دەکات. پێویستە بزانرێت، کە یاسای مافی هیوا تەنها بۆ ڕێبەر ئاپۆ نییە. مافێکە کە مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی ڕێسا جیهانییەکان و مافەکانی مرۆڤدا بەدەستی هێناوە. بەتایبەتی بۆ زیندانیانی سیاسی بەدەستهاتووە.

 

ملیۆنان کەس هەڵستانە سەر پێ

چی بێزارمان دەکات، چیمان بەلاوە سەیرە؟ کێشەکە ئەوەیە، کە ئەوانەی خاوەنی ئەم مافەن ناتوانن بەکاری بهێنن، یاخود زیهنییەتێکی بازرگانی لە ڕۆژەڤدا دەهێڵدرێتەوە. لەو ڕۆژانەی کە ئەم بڕیارە قسەی لەسەر دەکرا، لە ئەورووپا چالاکیی گەورە ئەنجامدران. بە ملیۆنان کەس لە تورکیا، کوردستان، ئامەد، وان و مێرسین هاتنە سەر شەقامەکان. بە ملیۆنان کەس هەڵستانە سەر پێ تاوەکو یاسای مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ و سەرۆکایەتییان جێبەجێ بکرێت. واتا ملیۆنان کەس بۆئەوەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە یاسایی مسۆگەر بکرێت، هەڵستانە سەر پێ. لە ڕۆژئاواش هەڵستانە سەر پێ.

 

هێلین ئومێد ئاماژەی بەوە کرد، کە مافی سروشتیی ڕێبەر ئاپۆیان کردە مژاری بازاڕ و ئەمەش ئەوان دەخاتە نیگەرانییەوە. ئومیت بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "بۆئەوەی ڕێبەر ئاپۆ سوود لەم مافە وەرنەگرێت، سەدان هەزار زیندانی سوود لەم مافە وەرناگرن. زۆرێک لە هەڤاڵانمان لە زیندانەکان زیندانیی سیاسین. بارمتەن. سەرەڕای ئەوەی سزاکانیشیان تەواوبووە، ئازاد ناکرێن. لەبەرئەوە تێکۆشان بۆ یاسای دیموکراتیک و وەکو پایەیەکی تورکیا، دامەزراندنی یاسای دیموکراتیک زۆر گرنگە. ئێمە لە ڕووی مافی هیواوە، لەگەڵ ڕاستییەکی وەهادا ڕووبەڕووین.

 

'ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی تێڕوانینێکی جیهانی دەکات'

هێلین ئومێد دەستنیشانی کرد، کە جێبەجێنەکردنی مافی هیوا نەک تەنها لەسەر ڕێبەر ئاپۆ سەپێنراوە، لە ڕاستیدا لەسەر گەلی کورد بێهیوایی دەسەپێنێت و بەسەر ژنان، گەلانی تورکیا و گەلانی ناوچەکەدا دەسەپێنرێت. هێلین ئومیت وتی ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی جیهانێکی نوێ و ئازاد و پەیوەندییە ئازادەکان دەکات و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەو تەنها تاکەکەسێک نییە؛ ئەو کۆمەڵگە و سیستەمێکە. ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی تێڕوانینێکی جیهانی دەکات. مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ بەجێناهێنن. لەبەرئەوە، ئێمە بەم شێوەیە قسەدەکەین: نە مافی هیوا، نە ڕێسای هیوا... پێموایە ڕێبەر ئاپۆ دەیویست بەم شێوەیە قسەی لەسەر بکرێت. ئەوە ڕێسایەکە، وەکو وتم، هەرخۆی ئەم مافە هەیە، بەڵام ڕێسای هیواش هەیە. واتا، ڕێسای هیوا بۆ هەمووان دەگونجێت. پێویستە هەمووان سوودی لێ وەربگرن. لەبەرئەوەی هەوڵدەدەن ژن، گەل، گەلانی تورکیا، گەلانی کوردستان ناچاری دەوڵەتپەرست، دەسەڵاتی پیاو و ڕژێمی شارستانی‌پەرست بکەن، هۆکاری سەرەکی هەڵوێست دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەو خاڵە دژبەرەیە. ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت. دەبێت بەدڵنیاییەوە جێبەجێ بکرێت.

 

ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی سەرەکییە

جێبەجێنەکردنی ئەم مافە تاوەکو ئێستا، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەکانی دژی گەلی کوردەوە. ڕاستییەکی لەم شێوەیە هەیە: ئەو هێزانەی کە پیلانگێڕی نێونەتەوەییان جێبەجێکرد، کە پایە هەرە گرنگەکانی، دەوڵەتانی ئەورووپی بوون، پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوەی ئەورووپا بوو. بەجۆرێک تاوانەکانی خۆیان بەم شێوەیە درێژەپێ‌دەدەن. یانی، ئەمە ١٠ ساڵە بەجێنەهێنانی ئەم مافە، بەردەوام دواخستنی، جێهێشتنی بۆ کات و لەم کۆتاییەشدا، درێژکردنەوەی تاوەکو حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەم مانایە دێت. لە ڕاستیدا جارێکی تر ڕێگە بۆ سیاسەتەکانی ئاستەنگکردن کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدەدرێن، خۆشدەکەن و بناغەکەی ئامادە دەکەن. دەرگا دەکرێتەوە. مەترسییەکی لەم شێوەیە هەیە. لەبەرئەوەی ئێمە لەناو پرۆسەیەکی زۆر گرنگداین. ئێمە لەناو پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکداین. لەو پرۆسەیەدا ئەو ئەرکانە هەن، کە پێویستە بەپەلە جێبەجێ بکرێن. ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی سەرەکییە. یاسای مافی هیوای ببێتە بنەمای ئەمە، بە نەهێنانی بۆ ناو ڕۆژەڤی تورکیا، دەیانەوێت پەیامی "بە ڕاستی دەتوانین زیاتر دوای بخەین" بدەن. بڕیارەکەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا ڕێگەی بۆ سیاسەتی سەرقاڵکردن خۆشکردووە. بەهیچ شێوەیەک ئەم بارودۆخە مایەی قبووڵکردن نییە.

 

ئێمە وەکو لایەنی سیاسی ئەمە، ئەو پەیامانەی کە بۆمان دەنێرێت، بەم شێوەیە لێکدەدەینەوە. بێگومان، پسپۆڕانی یاسایی لە چوارچێوەی ئەوەی، کە ئەم بڕیارە بە مانای چی دێت، لێکدانەوەیان کرد. هەندێک کەس وتیان کە ئەمە 'هاوبەشیکردنی تاوانە' و بە ڕاستی ئەمە بەشێکە لە سیاسەتەکانی تورکیا، بەڵێ، وڵاتانی ئەورووپا، دەوڵەتانی ئەورووپا، ڕێکەوتننامەی زۆر قێزەون لەگەڵ تورکیادا دەکەن. دەیانەوێت، شەڕی تورکیا، شەڕی کورد، شەڕی نێوان تورک و کورد بەردەوام بێت. لەبەرئەوەی دەیانەوێت تورکیا لاواز بکەن و ناچاری دەرەوەی بکەن، هەرخۆی هەڤاڵ عەباس لە بەرنامەکەدا وتی، دێتە بیرمان، ئەڵمانیا سیاسەتێکی چۆن بوو. هەڵوێستی دەوڵەتانی ئەورووپا چۆن بوو؛ لەبیرمان نەکردووە.

 

ڕێبەر ئاپۆ تاکلایەنانە پرۆسەکەی گەیاندە قۆناغێکی گرنگ

هێلین ئومیت لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستی پێکراوە قسەی کرد و وتی: "هەرکەسە و بەگوێرەی خۆی لەم پرۆسەیە تێدەگات. دژبەرانمان ئەم پرۆسەیە جیاواز پێناسە دەکەن، ئێمە جیاواز پێناسەی دەکەین. دژبەرانمان پلانێکیان هەیە و ئێمەش پلانێکمان هەیە. ڕێبەر ئاپۆش پلانێکی هەیە. لەم بارەیەوە، پێویستە بە دروستی لە ڕاگەیاندراوی پارێزەران تێبگەین. ئێمە لە کام پرۆسەیەداین، لە کام قۆناغەداین؟ بۆئەوەی پرۆسەکە بە دروستی بەڕێوەببرێت، ئەمە گرنگە.

 

قۆناغی یەکەم چی بوو؟ ئەگەر بچینە قۆناغی دووەمەوە، دەتوانین لە خۆمان بپرسین قۆناغی یەکەم چی بوو. بەر لە هەر شتێک، باخچەلی لە ١ـی تشرینی یەکەمدا لە پەرلەمان

دەستی ئەندامانی دەم پارتی گرت و دواتر بانگەوازی بۆ ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی، 'وەرە، لە پەرلەمان سیاسەت بکە، کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری بهێنە. کۆتایی بە بوونی ڕێکخستنی خۆت بهێنە و لە پەرلەمان درێژە بە تێکۆشانی خۆت بدە'. دوای ئەم پرۆسەیە، ڕێبەر ئاپۆ ئەو دەستەی پشتگوێ نەخست، کە بۆی درێژکرا. ئەو وەڵامەی دایەوە، ئێستا لە تورکیا ڕۆژەڤە و ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دیاریدەکات.

پەکەکە، پارتێکی ٥٠ ساڵە؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاند، گەلێک بەرەوپێشچوونی دەستپێکرد، ناسنامەی کوردی سەرلەنوێ هێنایە کایەوە، پێناسەی کرد و وای کرد گەلی کورد وەکو نەتەوەیەکی دیموکراتیک دەربکەوێت. ئەم پارتە لە مانگی ئایاردا کۆنگرەی خۆی بەست و کۆتایی بە بوونی ڕێکخستنیی خۆی هێنا.

ئەو دەستپێشخەرییەی کە دوای ئەوە لەلایەن ڕێبەرێتییەوە گیرایەبەر، درێژەی بە پرۆسەکە دا. ڕێبەر ئاپۆ تاکلایەنانە ئەم پرۆسەیەی گەیاندە قۆناغێکی چارەنووسساز. یانی، پەکەکە کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنا، ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری گۆڕا و لانیکەم ڕایگەیاند، کە دژی تورکیا چەک بەکارناهێنێت.

ئەمانە هەمووی بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ هاتنە دی. ڕێبەر ئاپۆ لە کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکەدا وەکو دانوستانکاری سەرەکی دەستنیشانکرا و هەموو ئەم پێشکەوتنانە، بەستراونەتەوە بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە. بەڵام ئەم هەموو هەنگاوە، نیازپاکیی ڕێبەر ئاپۆ، لەم چوارچێوەیەدا پێشکەوتن.

شەڕڤانانی ئەم تەڤگەرە تێگەیشتنێکی تەواو کە ڕێبەر ئاپۆ تێی بگات و هەڵوێستێکیان نیشاندا، کە شایەنی ڕێبەرێتی بێت. دەتوانین ئەم سەردەمە وەکو قۆناغی یەکەم ناوبنێین.

 

دوو شت هەن کە لە قۆناغی دووەمی پرۆسەکەدا بکرێن

هێلین ئومێد سەبارەت بە قۆناغی دووەمیش هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: "پێی دەوترێت پرۆسەی دیموکراتیکبوونی تورکیا. واتا، کێشەکانی دیموکراتیکبوونی تورکیا و شێوازی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لەوانەیە مژاری قۆناغێکی تر بێت. بەڵام قۆناغی دووەم کە ئێستا تێیداین، پرۆسەی دامەزراندنی بناغەی یاسایی ئەو هەنگاوانەیە، کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادییەوە نراون. ئەمە بەرپرسیارێتییەک دەخاتە ئەستۆی دەوڵەت و حکومەت. تەڤگەری ئازادیی کورد ناتوانێت بە تەنها ئەمە بکات. ئەو، ئەو شتانەی لە ئەستۆی بوو جێبەجێی کرد. ئەو بانگەوازەی بۆی کرا و مەرجەکانی جێبەجێ کرد. لە ئێستا ئەوەی پێویستە لە قۆناغی دووەمی پرۆسەکەدا بکرێت، دوو شتن:

 

یەکەم: پێویستە ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەکەدا بە شێوەیەکی ڕاست پێناسە بکرێت. یانی، ئەگەر ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی ڕاست پێناسە نەکرێت، مامەڵەیەکی ڕاست نیشانی ڕێبەر ئاپۆ نەدەن و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەکرێت، چەندە پێشکەوتن هەستی پێ بکرێت یاخود ببینرێت، پرۆسەکە دەگەڕێتەوە سەرەتا. من ئەمە وەکو ڕێسا دەڵێم، نەک وەکو بڵاوکردنەوە. واتا، ئەمە لە سروشتی بابەتەکەدا هەیە. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ئەندازیار، هێزی ئافرێنەری ئەم پرۆسەیەیە. بەڵێ، ڕێبەرمان ڕەخنەی لە ئێمە هەیە لەسەر تێگەیشتن، درکپێکردن و جێبەجێکردنی. ئێمە ‌هێشتا هەوڵدەدەین، کە ئەمانە تێپەڕێنین، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەین. هەوڵدەدەین کە بە شێوەیەکی دروست تێی بگەین، بەشێوەیەکی دروست بیگرینە دەست و لەسەر ئەم بنەمایە ئەرکەکانی خۆمان بەجێبێنین. لەوانەیە کێشەی لەم شێوەیە لەلایەنی ئێمەوە بێنە ئاراوە. بەڵام سەرەکیترین کێشەی ئێستا پێناسەکردن و تێگەیشتنی هەڵە بۆ پێگەی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگەی تورکیا و سیاسەتی تورکیادایە.

 

سەرنج بدەن، لە زۆر بەرنامەدا ئێمە مامەڵەی ئامڕازکردن دژی ڕێبەر ئاپۆمان هێنایە ڕۆژەڤەوە و ڕەتمانکردوە. قبووڵمان نەکرد. لە قۆناغدا هەندێک کەس ئەوە زۆر ژیرانە دەبینن. هەندێک کەس وا بیردەکەنەوە، کە گرتنی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی وەک دەرفەتێک بەکاربهێنن و هەندێک شت بکەن. بەڵام ئەمە دژی سروشتی بابەتەکەیە. گەر ڕێبەر ئاپۆ وەکو ڕێبەری دامەزرێنەر پێناسەدەکرێت، پێویستە بەو پێیە مامەڵە بکەن. پێویستە ڕێی سیاسەت بۆ ڕێبەر ئاپۆ خۆشبکرێت

 

پێویستە ڕێگای سیاسەتکردن بۆ ڕێبەر ئاپۆ بکرێتەوە

هەروەک چۆن لە قۆناغی یەکەمدا ئەرکەکانمان بەجێ هێنا، دەبێت ڕێگای سیاسەت بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە قۆناغی دووەمدا سیاسەتی خۆی بەڕێوە ببات. لەبەر ئەوە ​​نابێت چوون بۆ ئیمرالی لەسەر بنەمای ئەوە بێت ڕێگە بدرێت، ناتوانرێت بە وتنی ئەوەی 'شاندێکمان نارد، پارێزەرێکمان نارد، هەندێک لە بەرپرسانی دەوڵەت دەچن، لەوێ کۆبوونەوەیک ئەنجام بدەن، گفتوگۆ بکەن'. سیاسەت بەم شێوەیە ناکرێ. ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی تورکیا، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیە، یەکێتی خوشک و برایەتی، دیموکراسییەکەی کە پێویستی پێیەتی، من بە کۆمیسیۆن دەڵێم، ناکرێت بەم شێوەیە پەرە بەکارەکانیان بدەن. سەرنج بدەن چاوەڕوانییەکان لە ڕێبەر ئاپۆ زۆر زیاترن. هەروەها سیاسەتی تورکیا چاوەڕوانییەکی زۆری هەیە. کەسانێک هەن لەبەر دوو هۆکار ئەم کارە دەکەن. کەسانێک بە نیازی چاکەوە ئەنجامی دەدەن و کەسانێکیش بە نیازێکی خراپەوە ئەنجامی دەدەن. ئەوانەی بە نیازێکی باشەوە دەیکەن بەڕاستی ئێمە دەبینن: واتا بنەڕەتیترین کێشەی ١٠٠ساڵەی کۆمار پرسی کورد و نکۆڵیکردن لە مافەکانی بوو. ئەمەش لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماردا وەرچەرخانێکی هەڵەی لێکەوتەوە و ئەمڕۆش واقیعی کۆمارێک کە چیتر ناتوانێت لە بەرامبەر قەیرانەکاندا لەسەر خۆی بوەستێت، بەرهەم هاتووە. بوو بە زەمینەی سەرهەڵدانەکان و تورکیای ناچار بە یارمەتیی دەرەکی کردووە. بۆیە کاتێک کۆمار دامەزرا، سەرەتا لەسەر بنەمای هاوپەیمانی کورد و تورک پێشکەوت.

هێلین ئومید لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا وتی: "بەشێکی گرنگ هەیە کە دەڵێت: 'دەبێت مافی گەلی کورد بدرێت و تورکیاش دیموکراسی بێت'. ئەم بەسە دەبینێت که ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگێکە لەم پرۆسەدا بەڵام ئایا دەنگیان بەرز نەبێتەوە یان ناهێڵرێت، ئەمە پەیوەندی بە چوارچێوه ی سیاسییەوە هەیە بەڵام له تورکیه دا زەمینێکی وا به هێز بوونی هەیە.

 

بەڵام ئەوانەی کە بە نیازێکی خراپەوە قسە دەکەن دەڵێن: "ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لەم پڕۆسەیەدا ڕەۆڵی هەیە و  دەڵێت ئەم پرۆسەیە دەگەیەنمە ئەنجام، لێگەڕێن با کێشەکانی سووریاش چارەسەر بکات، با کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات". هێشتا دەڵێن: "با قەیرانەکانی ناوچەکە چارەسەر بکات، با ئەم کێشانە نەمێنێت، با پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دیسان ڕێكبخرێتەوە." بەمەشەوە ڕاناوەستن دەڵێن: "با کێشەی ئابووری تورکیا و قەیرانی کۆمەڵایەتیش چارەسەر بکات.

 

لە ڕاستیدا بە وتنی: "با کێشەی سووریا چارەسەر بکات، با ئەمەو ئەوە چارەسەر بکات"، دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ وەک بەرپرسیار لە هەموو کێشەکان نیشان بدەن و بارگرانییەکی وا قورس بخەنە ئەستۆی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەست و باڵێ دەبەستنەوە و ڕێگەی پێنادەن ڕەوڵی بگێڕێت. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕابردوودا بە ناونیشانێک ئەمەی دەربڕیووە: 'منیان لە حەوزێکی بێ ئاودا داناوە و دەڵێن مەلە بکە". بەڕاستی دۆخێکی لەو شێوەیە بوونی هەیە. هەم مەرجی بەشداریکردنی لە سیاسەت و پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکەی، هەم پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا، پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتمەداران و کارکردنی ئازادانەی بۆ دابین نەکراوە و کەچی داواشی لێدەکرێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات. ئەمە بەهیچ شیوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە.

 

لە ڕاستیدا ئەمە زەمینە بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ خۆش دەکات. چ جۆرە هێرشێک؟ هەندێک دەیانوت: "ئەگەر ئەمە نەکرێت پرۆسەکە شکست دەهێنێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت پرۆسەکە شکست دەهێنێت. لە ڕاستیدا بە زیادکردنی فشارەکان لەسەر بزووتنەوەکەمان و ڕێبەرایەتی، دەیانەوێت پرۆسەیەک بخوڵقێنن کە تێیدا هیچ گۆڕانکاری و پێشهاتێکی پێویست بۆ گەلان، ژنان و کۆمەڵگەی ناوچەکە ڕوونەدات و ئەو سیستمەی هەیە وەک خۆی بمێنێتەوە. بۆیە لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، گرنگترین بابەت، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلومەرجی کارکردنی ئازادە بۆ ڕێبەر ئاپۆ.

 

بە ئاسانی دەتوانم بڵێم ئەگەر ئەمە بکرێت، لە بوارەکانی تریشدا پێشکەوتن زۆر بە خێرایی ڕوودەدات. هەروەها لەو کاتەدا هەموو شتێک کە لە تواناماندا بێت وەک هەمیشە دەکەین. لەم بوارەدا وەک تەڤگەری ئازادیی کوردستان، ئەم هەڵوێستە، هەم لەم دواییانەدا هەم لە مێژووی ئێمەدا ڕوونە. هەروەها لە پرۆسەکانی چارەسەری پێشوودا هەموو شتێکمان بە تەواوی ئەنجامدا. کێشەکان لە لایەنی ئێمەوە دروست نەبوون. لەمەودواش لە ئێمەوە روونادەن. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ سەرۆکی دانوستانکاری پرۆسەکەیە دەبێت ئازاد بکرێت.

 

نوعمان کورتوڵموس، لە کۆمسیۆنەکەدا دەڵێت: "ئێمە پرۆسەی چارەسەری لەسەر شێوازی تورکیا پەرەپێدەدەین." من ناچمە ناو ئەو بابەتەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە لە کاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوی لە دیلدا ڕاگیراوە، پێشکەوتن دروست دەبێت. ئەم پرۆسەیە بەو شێوەیە بەرەو پێش ناچێت.

 

کەس ناتوانێت چاوەڕوانیەکی وەهای لە ڕێبەر ئاپۆ و یان لە ئێمە بێت. واتە ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، ئەگەر لە ڕووی جەستەییەوە ئازادانە نەژیت و کار نەکات، پێشکەوتن قەت ڕوونادات. پێویستە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بکەوینە گفتوگۆوە. بۆ ئەوەی بە باشی پرۆسەکە ئەنجام بدەین، پێویستە بتوانین ڕێبەرایەتیمان ببینین، باسی لەگەڵ بکەین، لێ بپرسین. ئەگەر ئەم دەرفەتانە نەڕەخسێن چۆن دەتوانین بە دروستی پرۆسەکە بەرەو پێش ببەین؟ هەموومان گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆین. نەک هەر من، بەڵکو بە هەزاران ئازادیخواز، هەموویان گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆین. ڕێکخستنی ئێمە ڕێبەر ئاپۆیە. ڕاستییەکانمان هەموو ڕێبەر ئاپۆن هەروەها حەقیقەتی ئێمە ڕێبەر ئاپۆیە. بۆیە بۆ ئێمە بناغەی ئەم پرۆسەیە بەم پێوانەیە دەست پێدەکات.

 

پرسی چەک دانان کۆتایی هاتووە

عەقڵیەتی مرۆڤ لە چەمکەکان پێکهاتووە. ئێمە بە چەمکەکانەوە بیردەکەینەوە.بۆیە ​​ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەم پرۆسەیە پاکێجێکی چەمکی پێشکەش کرد. ئەو بە وردی چەمکەکانی هەڵبژارد. ئەگەر سەرنج بدرێت، چەمکی زۆر ڕوونی بەکارهێناوە. بۆ نموونە ناوی ئەم پرۆسەیە 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـە. لایەنی بەرامبەرمان دەڵێن: "پڕۆسەی تورکیای بەبێ تیرۆر." من ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی جیاوازییەکان تێبگەن. کاتێک خەباتی چەکداری کۆتایی هات، رێبەرایەتی نەیگوت تێکۆشان کۆتایی هاتووە، وتی: "تێکۆشان دەبەینە قۆناغێکی نوێ" و وتی: "ستراتیژی سەرەکی ئەم پرۆسەیە سیاسەت و یاسای دیموکراتیکە" بۆ ئەوەی هەلومەرجی کارکردن لەم قۆناغەدا دروست بکات و ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتیک و ستراتژی یاسایی جێبەجێ بکات، چەمکی 'ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک'ی بەکارهێنا. واتە بەبێ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، سیاسەت و یاسای دیموکراتیک پێشناکەوێت؛ ستراتیژێکی سیاسی دیموکراتیک پێک ناهێنرێت، یاساش نانووسرێتەوە و بەبێ ئەمانە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئاشتی بنیات نانرێت.

 

لەم چوارچێوەیەدا بەڵێ، تێگەی ئەنتێگراسیۆن تێگەیەکی قسەهەڵگرە. هەرکەسێک بە شێوازی خۆی لێی تێدەگات. گەر سەرنج بدەن هەمووکەسێک لە تورکیا چاودێری کۆمیسیۆن دەکەن. لەسەر کۆمیسیۆنیش گفتوگۆیەکی وەها درووستبوو. ئەم کۆمیسیۆنە بۆچی دامەزراوە؟ ئایا کۆمیسیۆن پێویستی دیموکراتیزەبوون تاوتوێ دەکات، گفتوگۆ بکات ئەم پرسە لە کوێوە هاتووە، تەنها باس لە پرسەکە بکات، یان گفتوگۆ لەسەر چەکدانان دەکات؟ ئەمەش جیاوازی هەیە. دوو هێڵ دەبینرێت.

 

ڕێبەرێتی جیاوازی نزیکایەتییەکەی بەم شێوەیە دەربڕی: تەنها نەیگوت ئەنتێگراسیۆن، گوتی 'ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک'. لایەنێکی ئەمە بێچەکبوونی هێزە چەکدارەکان و ئەنتێگراسیۆنبوونە لە نێو سیستەمدا. واتە بەشداربوونیان لەو سیستەمە. بۆ ئەمەش یاسا پێویستە. هەڤاڵانمان بە پێشەنگایەتی پێنج هەڤاڵ، بە مەراسیمێکی زۆر کاریگەر، ٣٠ هەڤاڵ، پەیامی پێویستیان بە جیهان، گەلەکەمان و هەمووکەسێک دا.

 

واتە نیشانمان دا چۆن لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ نزیک دەبینەوە، کاتێک پێویست بێت دەتوانین چ هەنگاوێک بنێین. هەربۆیە ئێستا هەندێک هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەمە دەدەن. دەڵێن 'مەراسیمێک بەڕێوەچوو، ئایا چەکدانان بەردەوامە؟' پرسی چەکدانان کۆتایی هاتووە. بەم شێوەیە کۆتایی هات: هەڵوێستمان و نزیکایەتمان نیشان دا. کاتێک هەنگاوی پێویست نرا، یاساکان دەرکرا... بڕوانە نەیانتوانی بڕۆنە تورکیا. بۆچی نەڕۆشتن؟ بە ڕاستی دەیانتوانی بڕۆن. چونکە ئەگەر بڕۆشتنایە دەستگیر دەکران. چونکە یاسای تێکۆشان لە دژی تیرۆر هێشتا بوونی هەیە؛ هێشتا جێبەجێ دەکرێت. لە ناوخۆشدا چەندین هەڤاڵمان هەیە. پێش هەمووشتێک با ئازاد بکرێن. بەبێ ئەوەی ئەمە ببینرێت، هەنگاونانی بەمجۆرە هیچ مانایەکی نییە.

دووبارەکردنەوەی شتێک بە شێوەیەکی ژمارەیی هیچ شتێکی نوێ بە پرۆسەکە نابەخشێت. پێموانییە هیچی پێ ببەخشێت. بە پێچەوانەوە دەتوانێت بیسووتێنێت، ماناکە بە تاڵ بکاتەوە. ڕەنگە پرۆسەکە لە ئامانجەکەی دووربخاتەوە. ئەمەش لایەنێکیەتی."

 

قۆناغی گرنگی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەنتێگراسیۆنی کۆمەڵایەتییە

هێلین ئومێد ئاماژەی بەوەدا لە پرسی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکدا پشێوییەک هەیە و گوتی: "نەک تەنها دانانی چەک لە لایەن هێزە بەرخۆدەرەکانەوە، تەڤگەری ئازادی و گەڕانەوەیان بۆ تورکیا، بەڵکو ئەنتێگربوونی گەلی کورد بە شێوەیەکی ڕێکخستنی لە کۆماری تورکیادا. چونکە کورد لە کۆمار دوورخرایەوە. واتە مێژوویی کۆماری سەد ساڵە، مێژوویی دوورخستنەوەی کورد لە کۆمارە.

 

کاتێک شەڕی ڕزگاری ئەنجام دەدرا، کورد هەبوون، کۆماری تورکیا بە هاوپەیمانی دامەزرا، بەڵام لەگەڵ دەستووری ١٩٢٤ کورد دوورخرایەوە. وەک هەڕەشەیەک بینرا. پاشان بە فاشیزمی قوڵ لە دژی هەبوونی کورد ئۆپەراسیۆنی نکۆڵیکردن و لەناوبردن دەستیپێکرد. هەربۆیە قۆناغێکی گرنگی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەنتێگراسیۆنی کۆمەڵایەتییە. دەبێت ئەمە بەو شێوەیە تێبگەین.

 

'پرۆسەی بێچەکبوون' و ...هتد. پرسێکی تەکنیکین. پێویستی بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک نەبوو، هەروەها ئەوەندە گفتوگۆش نەبوو. ئەمەش بەو مانایەیە دێت پرسەکە بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی بەم شێوەیە چارەسەر نابێت. هەربۆیە دەبێت تێگەکە بە مانای پێویست جێبەجێ بکرێت. کۆمەڵگەی دیموکراتیک مانای چییە، ئاشتی، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، سیاسەتی دیموکراتیک، یاسای دیموکرا تیک مانای چییە؟ دەبێت لەسەر ئەمانە زیاتر بوەستن و ئەمانە بنیات بنرێن.

 

سەرنج بدەن، ڕێبەر ئاپۆ بە ئاگادارییەوە ئەو تێگانە بەکاردەهێنێت، هەمیشە تێگەی دیموکراسی پەرەپێدەدات. ئەمەش هۆشیارییەک درووست دەکات. بۆ نموونە سۆسیالیزمی دیموکراتیک... سۆسیالیزمی ئاپۆی ئەوەی لە ڕێبازەکانی دیکە سۆسیالیستی جێیدەکاتەوە، ئەم تێگەی سۆسیالیزمی دیموکراتیکەیە.

 

دیموکراسی بە مانای کۆمەڵگەیەکی ڕێکخستنی دێت. بێگومان باسی دیموکراسی لیبڕاڵ، دیموکراسی بۆرژوازی ناکەین. باسی ئەو فۆرمانە ناکەین ناوەڕۆکی دیموکراسییان بەتاڵ کردووەتەوە. ئەوەی باسی دەکەین پرۆسەی بنیاتنانەوەیە تێیدا کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕێکخستنی بەشداری لە سیستەمەکەدا دەکات. ئەگەر ئەم پرۆسەیە لەسەر ئەمە بنیات بنرێت سەرکەوتوو دەبێت. نەک تەنها لەگەڵ پرسی چەکدانان، ئەمە پرسێک نییە کە بتوانرێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازرێتەوە. ئەم باسە ئەگەر ببێتە باسێکی بێ ئەنجام، دەتوانێت زیان بە ڕۆحی پرۆسەکە بگەیەنێت. هۆشداری بە هەمووکەسێک دەدەم لەسەر ئەم پرسە. پرس هەیە. پرسی بەشداربوونی گەلی کورد بە ڕاستی، بە پێوانەی دیموکراتیک لە نێو کۆماری تورکیادا هەیە. پرسی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی یاسای خوشک-برایەتی لەم جوگرافیایەدا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا نزیکایەتی پرۆسەکە دروستترە.

دەبێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و دیموکراتیزەبوون لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێت، ئەمەش بۆ پرۆسەکە تەندرووسترە. وەک ئەوە نییە بابەتەکە بە هەندێک لایەنی تەکنیکییەوە ببەستنەوە، بیخەنە ژێر خاکەوە، ئەمە لە دژی ڕۆحی پرۆسەکەیە. پێویستییەکانی تورکیا، کۆمەڵگەی تورکیا، کۆماری تورکیا لەمە زیاترن.

 

لە کۆتاییدا لەم قۆناغەی دووەمدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین: ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە پێداگرییەوە سەرنج دەخاتە سەر ئەمە. دەبێت مێژووی پەیوەندییەکانی کورد-تورکیا چۆن پێشکەوتن، بە شێوەیەکی درووست هەڵسەنگێندرێت و ئەناڵیزە بکرێت. لە مێژوویی پەیوەندیی کورد-تورکدا دیالێکتیک هەیە. ئەوەی لەم جوگرافیایەدا بە جێمان هێشتووتەوە ئەمەیە. دەبێت ئەمە بە ڕوونی ببینرێت. لە خاڵە مێژووییە گرنگەکاندا، گەلانی کورد و تورک لە ڕێگەی هاوپەیمانییەوە توانیان پێکەوە بوەستن.

 

ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین گۆڕان و گۆڕانکاری قوڵ هەیە. پڕۆژەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە. لە سەردەمێکی وەهادا زۆر پێویستە بە درووستی دیالێکتیکی مێژوویی کورد، تورک و یەکێتییان بخوێنرێتەوە.

 

لە قۆناغی دووەمی پرۆسەکەدا:

یەکەم: ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ؛ لەسەر ئەم بنەمایەی کە ئازاد بژی، خەبات بکات، سیاسەت بکات و ڕێگەی ئەمەش بکرێتەوە.

دووەم: لە چوارچێوەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکدا، بە تایبەتی لە بواری یاساییدا دەبێت هەموارکردنەوەی یاساکان ئەنجام بدرێت. ئەمەش نابێت تەنها بە بەشداربوون یان چەکدانان لە نێو سیستەمدا سنووردار بکرێت؛ دەبێت تاوتوێ بکرێت کورد لە کۆماردا چۆن بەشدار دەبێت.

سێیەم: بۆ ئەوەی ئەمە پێشبکەوێت، دەبێت دیالێکتیکی مێژوویی کورد-تورک بە ئاگادارییەوە بخوێنرێتەوە، بە درووستی تێیبگەن و ئەنجامی پێویستی لێ وەربگیرێت."