"هەڵکشانی ئامارەکانی کوشتنی ژنان و مانەوەی بەو جێگیریە بۆ خراپی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە"
سەرەڕای هەبوونی چالاکییەکانی ژنان و نزیکبوونەوەی لە ڕۆژی ٨ی ئادار، ژنان بەردەوام بۆ کۆتایهێنان بە کوشتنی ژنان هەوڵ و تێکۆشان دەکەن، بەڵام ئاستەنگیەکانی دەسڵاتداران ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتن بەرەو زیادبوون دەبات.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و خراپی یاساکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کوشتنەکانی ژنانی بەرەو زیادبوون بردووە، سەرەڕای هەوڵدانی چالاکوانان و کەسانی ئازادیخواز لە ناوچەکەدا، کێشە کۆمەڵایەتی و توندوتیژییەکان بەردەوام هەڵکشان بەخۆیەوە دەبینێت، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان بۆ نەبوونی دەسەڵاتێکی تۆکمەی دەگەڕێننەوە، هەروەها نەبوونی یاسایەک بۆ پشتیوانیکردن لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان و داڵدەدانی بەشێک لە تاوانبارانی کوشتنی کەیسەکانی ژنان لە لایەن سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستانەوە بووەتە هۆکاری زیادبوونی کوشتنەکان لە لایەن پیاوانەوە، بەشێک لە ژنان ناچار بە خۆکوژی دەکرێن، سەرەڕای زیابوونی کوشتنەکان ژنانی چالاکوان لە ناوچەکەدا بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی ژناندان، بەردەوام لە ڕێگەی چالاکی و وۆرکشۆپەکانیانەوە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژنان هەوڵ دەدەن.
" لە ڕێگەی دەرکردنی یاساکانەوە ژنان ڕوبەڕووی یاساکانی تیرۆرستانی داعش دەکەنەوە "
ئاڵا کەمال، چالاکوانی مافەکانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، ژنانی چالاکوان لە ٨ی ئاداردا چالاکییەکانیان چڕتر دەکەنەوە، سەرەڕای هەبوونی ئەو ئاستەنگیە یاسای و دەروونیانەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕوبەڕووی ژنانی هەرێمی کوردستان بووەوە، ژنان لە ناوچەکەدا گرنگی تایبەت بە ٨ی ئاداری ٢٠٢٥ دەدەن، سەرەڕای زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان و هەموواری یاسای باری کەسێتی عێراقی، ئێمەی ژنان و سەرجەم چالاکوانان لە شاری سلێمانی، ئامادەکاری بۆ ٨ی ئاداری ئەمساڵ دەکەین، سەرەتا بە چەندین چالاکی هونەری دەست پێدەکرێت، پاشان لە ڕێگەی ئەندامانەوە ژنانی مانگرتووی چادری شکۆ خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ دەدرێت، لە ڕێگەی دروشم و چالاکیەکان خواست و داواکارییەکانی ژنان بە تەواوی جیهان دەوترێت، لە کۆتاییدا بە ڕێپێوانێکی سەرتاسەری بەرەو باخی دایک لە شاری سلێمانیدا بەڕێدەکەوین پەیماننامەی خۆمان وەک ژنانی چالاکوان دوپات دەکەینەوە.
ئاڵا کەماڵ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان دەسەڵاتداران لێی بەرپرس دەبن، چالاکیەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەردەوامی هەیە، بەڵام توندوتیژییەکان و شێوازەکانی کوشتنی ژنان لە شێوازێکی نەریتیدا نەماوەتەوە و بەردەوامە، هەڵکشانی کوشتنی ژنان ناگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارە دووبارانەی ساڵانە باسی دەکەین، ساڵانە باس لە هۆکارەکان دەکرێت بەڵام ئامارەکان بەردەوام لە زیادبووندایە، مانەوەی بەم جێگیریە بۆ خراپی دەسەڵاتداران دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵات ڕووپێوێکی زانستیانەی بۆ کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگە نەبێت، کێشەکان بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان دەکەن، پێویستە ڕێکخستنی یاساکان و یەکڕیزی بۆ مافەکانی ژنان هەبێت، لە لایەن چالاکوانان و دەسەڵاتدارانەوە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بدرێت، لە هەرێمی کوردستاندا بکوژانی ژنان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە لە ماڵی بەرپرسێک داڵدەدەدرێن، پاشان بۆ چەندین کوشتنی دیکەی ژنان هەوڵ دەدات،کەواتە نەبوونی یاسایەک بۆ سزادانی بکوژانی ژنان ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی کێشەکانمان، هەروەها هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا درێژەدانە بە یاساکانی تیرۆرستانی داعش، لە ڕێگەی یاساوە ژنان ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی دەکەنەوە.
پێویستیبە یەکبوونی ژنان هەیە
ئاڵا کەماڵ لە کۆتایی قسەکانیدا کوشتنەکانی ژنانی پەیوەستکرد بە خراپی دۆخی ئابووری لەهەرێمی کوردستان و هەبوونی ئەقڵیەتی سەرمایەداری لە ناوچەکەدا وتی: لە هەرێمی کوردستاندا سیستمی سەرمایەداری لە چینێکی تایبەتدا زەوتکراوە، لە دەرەوەی ئەو چینە هاوڵاتیانی دیکە لەلایەن سیستمی سەرمایەداریەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبن، بە نومونە سەروەت و سامانی ناوچەکەمان لە دەستی چەند کەسێکی دەسەڵاتدار تێپەڕناکات، کە دەبێتە هۆکاری خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان لە ناوچەکەدا، پاشان دەبێتە هۆکاری هەبوونی کوشتنەکان و ئەنجامدانی کەیسە خۆکوژییەکان، پێویستە یەکبوونی ژنان لە ناو ڕێکخراوەکاندا ژنانی ناوچەکە بەرەو ئارامی ببات.