بەنداوی فریمان کە سەرچاوەی ئاوی کشتوکاڵی مەشهەدە بە تەواوی وشک بووەوە
بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەنداوی فریمان لە نزیک شاری مەشهەد وشک بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەنداوی فریمان لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی وشک بووەتەوە، لەگەڵ وشکبوونی ئەم بەنداوە، کە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دابینکردنی ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی دەوروبەری، خەڵک ڕووبەڕووی کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ بوونەتەوە.
ماوەیەک بەر لە ئێستا، بەڕێوەبەری کارپێکردن و چاککردنەوەی دامەزراوەکانی ئاوی کۆمپانیای ئاوی ناوچەی خوراسان، ڕەزەوی، ڕایگەیاند کە یەدەگی خەزنەی بەنداوی فریمان کەمترە لە ٪١٩، وتیشی، کە وشکەساڵی و نەبوونی ئاو وایکردووە بەنداوی فریمان لە ماوەی ئەم ساڵانەی کۆتاییدا لە خراپترین بارودۆخدا بێت.
بەنداوی مێژوویی فریمان لەسەر ڕووباری فریمان بە دووری نزیکەی ١١ کیلۆمەتر دروستکراوە و ڕۆڵێکی گرنگ بۆ ئاودێری ١٠ هەزار جووتیار دەگێڕێت، بەڵام جگە لە گەرمبوونی هەوا و کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بارانبارین، خراپ بەڕێوەبردنی کاربەدەستان لە پلاندانان بۆ بەکارهێنانی ئاو، یەکێک لە هۆکارەکانی وشکبوونەوەی بەنداوەکان و کەمبوونەوەی یەدەگی ئاو لە ئێراندایە.