لە شەنگال ٤ی نیسان پیرۆزکرا

کۆمەڵگەی ئێزدی شەنگال بە بۆنەی ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئۆجالانەوە، ئاهەنگێکیان بۆ خوێنکارانی سەرەتایی ئەنجام دا، منداڵان بە گۆرانی، هەڵپەڕکێ و پێشبڕکێ جەژنی ژیانەوەیان بەرز ڕاگرت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەروەردەیی کۆمەڵگەی ئێزدی شەنگال(SCP-ÊŞ) ، ساڵانە بە بۆنەی ٤ـی نیسان ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ منداڵانی خوێندنگا کوردییەکانی شنگال ئاهەنگیان ڕێکخست، ئەمساڵیش لەو چوارچێوەیەدا ئاهەنگێکی بچووک بۆ منداڵانی سێ خوێندنگا لە ناوەندی شنگال سازکرا.

 

منداڵانی بەشداربووی ئاهەنگەکە، خۆشحاڵی خۆیان بەیەکەوە دەربڕی و پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان لە هەموو منداڵان و تەواوی کۆمەڵگای ئێزدی کرد.

 

وتاری دەستپێکی ئاهەنگەکە لەلایەن نەعم بەدەل ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ پێشکەش کرا و وتی: پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئۆجالانی لە ڕێبەر ئاپۆ و تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی و منداڵان و مامۆستایان و گەریلاکانی ئازادیی پیرۆز کرد و هیوادارین بتوانین پێکەوە لە شنگال ئاهەنگی ٧٦ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ بگێڕین.

 

مامۆستا سەعدون حاجی پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەی لە منداڵەکان کرد و وتی: ئەم ڕۆژە بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو مانادار و پیرۆزە، هەر بۆیە ساڵانە لە ٤ـی نیسان ئاهەنگێک بۆ منداڵان ڕێک دەخەین.

ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ، گۆرانی، چالاکی جۆراوجۆر و بە دەربڕینی خۆشی کۆتای هات، بەڵام ئاهەنگی منداڵان لە ڕۆژی ٤ـی نسان لە شوێنە جیاوازەکان بەردەوام دەبێت.