کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک یارمەتی ژینگە دەدات

 بەفیڕۆدانی خواردن، سێ یەکی گازی گەرمخانەیی پێکدەهێنێت، بۆیە هەڵبژاردنی جۆری خۆراک و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان یارمەتی پاراستنی ژینگە دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

 بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێیەکی هەموو دەردانی گازی گەرمخانەیی بەهۆی مرۆڤەوە لە سیستەمی خۆراکی جیهانییەوە دێت.

 

بەرهەمهێنانی خۆراک ٪٧٠ی ئاوی شیرینی جیهان بەکاردەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرنامەی خۆراکی جیهانی مەزەندە دەکات کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو خۆراکانەی گەشەیان پێدەدرێت ساڵانە لەناودەچن.

 

ڕاپۆرتی جیهانی قەیرانەکانی خۆراک ساڵی ٢٠٢٣ ئاماژە بەوە دەکات کە ٢٥٨ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نائاسایشی خۆراک بوونەتەوە.

 

٢٧ هەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، پلانی چوار ساڵەی ڕێککەوتن لەسەر کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک تێیدا تاوتێکرا، بەڵام لە کۆنفرانسی کەشوهەوادا بۆ یەکەمجار بوو خۆراک خرایە کارنامەوە، هەروەها چۆنیەتی چاککردنەوەی گشتی سیستەمی خۆراک بابەتێکی سەرەکی کۆنفرانسەکە بوو، لە کۆنفرانسەکەدا زانایان و چالاکوانان و داڕێژەرانی سیاسەت کۆکرایەوە بۆ ئەوەی باس لەوە بکەن کە چۆن سیستەمی خۆراک دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەشوهەوایی جیهانی هەبێت.

 

بەپێی بەرنامەی جیهانی خۆراک، ئەگەر هەموو ئەو خۆراکانە بەکاربهێنین کە ئێستا بەفیڕۆ دەدرێن، دەتوانرا خۆراکی پێویست بۆ دوو ملیار کەسی دیکە لە جیهان دابینبکرێت، ئەمەش بەو مانایەیە دێت کار بۆ پاراستنی دابینکردنی خۆراک بۆ دانیشتوانی جیهان دەکرێت، کە پێشبینیدەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ٩.٨ ملیار کەس.

 

ئەوروپا، ئەمریکای باکوور، چین، یابان و کۆریا بەرپرسیارن لە ٪٥٨ی هەموو ئەو خۆراکانەی کە لە کێڵگەکاندا بەفیڕۆ دەدرێن، سەرەڕای ئەوەی تەنها ٪٣٧ دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.

 

لە یەکێتی ئەوروپادا، بە مەزەندەکردن ١٧٣ کیلۆگرام خۆراک بۆ هەر کەسێک، لە ساڵێکدا بەفیڕۆ دەچێت، بەفیڕۆدانی خۆراک ٪٦ی کۆی دەردانی گازی ژەهراوی یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت، یەکێتی ئەوروپا خۆراکی زیاتر بەفیڕۆ دەدات لەوەی کە هاوردەی دەکات.

 

بەڵام سەرەتای ئەم مانگە یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری پابەندبوونێکی کرد بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە دوکان و چێشتخانە و ماڵەکاندا بە ڕێژەی ٪٣٠ بۆ هەر تاکێک تا کۆتایی ساڵی ٢٠٣٠.