ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکە گەیشتە ٣٦ هەزار کەس

بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ شوبات کە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی هەژاند ٣٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزاری کەسیش برینداربوون

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆتەلەفزیۆن، کاربەدەستانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلە لە تورکیا و سووریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویداوە، زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون.

 

دەسەڵاتدارانی تورکیا ژمارەیەک لە بەڵێندەران گەشەپێدەرانی موڵک و ماڵییان دەستگیرکرد کە بە هۆکاری داڕمانی بیناکانەوە تاوانبارن لە کاتێکدا توڕەیی خەڵک لەسەر وەڵامدانەوەی بوومەلەرزەکە پەرەی سەندووە.

 

ژنێک دوای ١٧٥ کاتژمێر لە ژێر داروپەردوودا ڕزگارکرا، ئەمەش لەنێو نوێترین چیرۆکەکانی زنجیرەیەک چیرۆکی دڵتەزێنی سەرکەوتندایە لەکاتێکدا کرێکاران و خۆبەخشان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا.

ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن لە ناوچەکانی ژێر دەستی یاخیبووان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کۆتاییان هاتووە. هەوڵەکانی فریاگوزاری لەوێ بەهۆی شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن ئاڵۆز بووە.

 

وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندووە، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ٥٢ بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکارییان هەڵگرتووە، چوونەتە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، لە ڕێگەی تاکە دەروازەی سنووری ڕێگەپێدراو لە تورکیاوە.

 

گەیاندنی پێداویستی بەپەلە بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکوری سوریا ئاڵۆزتر بووە بەهۆی شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەنی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەسەد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی گەلەکەی خۆی.

 

ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە سەرانسەری تورکیا و سوریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی ڕۆژی دووشەممە لانیکەم ٣٦ هەزار و ٢١٧ کەس بووە و تەنها لە تورکیا و باکووری کوردستان ٣١ هەزار و ٦٤٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کە چوار هەزار و ٥٧٤ کەسە، زیاتر لە ٣١٦٠ کەس لە  ڕۆژئاوای کوردستان و هەزار و ٤١٤ کەسیش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕزگاربووان دوای چەند ڕۆژێک لەژێر داروپەردوودا ئازادکران: لانیکەم ٤١ کەس لەژێر داروپەردوو لە تورکیا و باکووری کوردستانلە نێوان کاتژمێرەکانی ١٤١ بۆ ١٦٣ لەدوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەوە ڕزگارکران، ڕزگارکەران بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی  لە ژێر داروپەردووەکاندا ماونەتەوە بەڵام دەسەڵاتداران هۆشداریان داوە کە چانسی دۆزینەوەی ڕزگاربووان تادێت کەم دەبێتەوە.