ژنان لە ئیدلب بەهۆی هەڕەشەی چەتەکانەوە ناتوانن پیشەکەیان ئەنجام بدەن

زۆربەی ئەو ژنانەی کە لە ئیدلب کار دەکەن، بەهۆی هەڕەشەی مەرگ و گێچەڵکردن لەلایەن چەتەکانی -HTShەوە ناچاربوون واز لە کارەکانیان بهێنن، ئەو ژنانەی کە وتیان: "ڕووبەری ژیانمان بەرتەسک کراوەتەوە" ڕایانگەیاند، کە دۆخەکە بۆ ئەوان خراپە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- لە ساڵی ٢٠١٧دا، بە داگیرکردنی شاری ئیدلب لەلایەن چەتەکانی تەحریری شام "HTSH" فشارەکان لەسەر خەڵک بەتایبەتی لەسەر ژنان زیادی کرد، ئەو ژنانەی کە لە زۆرێک لە ناوچەکانی ژیان دوورخرابوونەوە، بەتایبەتی لە کار، دەستدرێژیان کرایە سەر و هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوەو دەستوەردان لە جلوبەرگیان هەبووە.

 

 بۆ ئاژانسی نوژنها ژنانی ئیدلب باسی فشار و ئاستەنگییەکانی چەتەکانی HTSHیان کرد.

 

بەهۆی هەڕەشەی کوشتنەوە وازی لەکارەکەی هێنا

فیدا ئەحمەدی تەمەن ٢٨ ساڵان، یەکێک لەو ژنانەیە کە بەهۆی هەڕەشەکانی چەتەکانی HTSH ناچاربوو کارەکەی بەجێبهێڵێت، فیدا ئاماژەی بەوەکرد کە بە ڕێکخستنی سیمینارەکان لە ئیدلب و کامپەکانی باکوور ژنانیان لە دژی توندوتیژی سێکسی ئاگادار کردەوە و وتی: "من هاوسەرگیریم کردووە و سێ منداڵم هەیە، بەهۆی هەڕەشەی دووبارەوە، دەترسام کە زیان بە خێزانەکەم بگەیەنن و منیش وازم لە خوێندن هێنا، ئەوان هەڕەشەی کوشتنی منیان دەکرد و چەند ڤیدیۆیەک گیرابوون بۆ ترساندنی من، خەڵک بەهۆی سیاسەتی جەنگەوە ناتوانن ڕێکبکەون و کاتێک ژنان کار بۆ سەربەخۆیی ئابووری دەکەن هەڕەشەیان لێ دەکرێت".

 

"ڕووبەری ژیانی ژنان تەسک بووەتەوە"

هەرچەندە زۆرێک لە ژنانی شارەکە هەمان کێشەیان هەیە، بەڵام بەرائە بەکور کە تەمەنی ٣٠  ساڵە لە یەکێک لە ناوەندەکانی بەهیزکردنی ژناندا خوێندنی کۆمپیوتەر فیری خەڵک دەکات، بەرائە بەکور وتی: " لەبری ئەوەی سەر بۆ چەتەکان دابنەوێنم، من کارم کرد بەڵام هەمیشە هەڕەشەم لێدەکرا، HTSh لە ژیانی خەڵکدا دەستتێوەردانی کرد و بە ناوی ئایینەوە چەند قەدەغەیەکی بەسەر جلوبەرگی ژناندا سەپاند، دەستتێوەردان لەژیانی ژناندا هێزی پیاوانی بەهێزکرد شوێنی ژیانی ژنان تەسک کرایەوەو ئەم دۆخەش بۆ ژنان خراپ بوو".

 

"نامەکان بە هەژماری ساختە نێردراون"

سەفا محەمەدی تەمەن ٢٩ ساڵ کە پێشتر لە سەنتەرێکی جوانکاری لە شاری سەلقین کاری دەکرد ئاماژەی بەوەکرد کە پەیامە هەڕەشەئامێزەکان لە پەیجی خۆی لە فەیسبووکەوە هاتوون و ئەو پەیامانەی لە بنەماڵە و هاوڕێکانی شاردووەتەوە سەفا محەمەد، کە بەهۆی هەڕەشەی چەتەکانەوە ناچاربوو دەست لەکاربکێشێتەوە، وتی: "من نەمدەتوانی پەیامی هەڕەشە بە هیچ کەسێک نیشان بدەم، چونکە ئەگەر بمکردایە، ئەوان گومانیان لە من دەبێت، وەک ژنانی تر وازم لە کارەکەم هێنا ئەم گروپانە بە حسابی ساختە پەیامی هەڕەشە ئامێز بۆ ژنانی ئیشکەر دەنێرن، ئامانجی چەتەکان ئەوەیە کە ژنان لە ژیانی کارکردن دوور بخەنەوە".