ژمارەی زیان بەرکەوتووانی غەززە گەیشتە ١١٠ هەزار و ٥٠٠ كەس
لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٣ هەزار و ٨٩٩ هاوڵاتی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٦ هەزار و ٦٦٤ كەسیش برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی تەندرووستی غەززە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی ناوچەكەی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەکرد لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٣ هەزار و ٨٩٩ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٦ هەزار ٦٦٤ كەسیش برینداربوون، وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە: بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٣ هەزار و ٨٩٩ هاوڵاتی لە غەززە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٦٦٤ كەس، ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیلەوە، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٥٦ كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨٩ی دیكەش بریندار بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٩٤ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بە بێ چارەسەر ماونەتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی گیان لەدەستداوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزار کەسی دیكەش برینداربوون.