شاندی ژنانی باکووری کوردستان سەردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد
لە درێژەی سەردانەکەی شاندی ژنانی باکووری کوردستان بۆ لای پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لەگەڵ ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

سلێمانی
ئەمڕۆ لە بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، شاندی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان، کە پێکدێن لە چالاکوانان، ئەکادیمیست و پەرلەمانتارانی ژنی باکووری کوردستان لەگەڵ ژنانی بزووتنەوەکە کۆبوونەوە، ئامانجی شاندەکە یەکگرتنی ژنانی چوار پارچەی کوردستان و بەرەوپێشچوونی تێکۆشانەکانی ژنانە.
"هێزی ژنی کورد دەبێتە هۆی ئازادی گەلی کورد"
کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان خستنەڕووی گرنگی یەکگرتنی ژنانی چوار پارچەی کوردستانە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا ڕایانگەیاند، "تێکۆشان و ڕەنجی ژن لە هەر شوێنێک بێت، دەبێتە هۆکار بۆ یەکگرتنی ژنان و هەنگاونان بۆ هاوپەیمانیکردنی ژنان"، باسیان لەوەکرد پێویستە ژنان لە ناچە جیاجیاکاندا ئاگاداری سیاسەت و تێکۆشانی یەکدی بن و چالاکییەکانیان هاوبەشی پێبکەن، لەپێناو یەکگرتن و وەستانەوە بەڕووی هێرش و داگیرکارییەکاندا.
ئاماژەشیان بەوەدا، کە زهنیەتی پیاوسالاری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بەسەر گەلی کوردەوە تا ئێستا بەدیدەکرێت و بووەتە بەربەست لە بەردەم تێکۆشانی ژنانی کورد، بۆیە پێویستە ژنان بە هێزی زیاتر و ئیرادەی بەهێزتر تێکۆشان بکەن.
لای خۆیەوە، ئاوێزە غەریب، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان، ئامادەیی ژنانی بزوتنەوەکەی بۆ تێکۆشانی پێکەوەیی و یەکگرتنی ژنانی چوار پارچەی کوردستان دەربڕی.
شاندی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری هەولێر لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی و ڕێکخراوی ژناندا کۆبوونەوە و بڕیارە ئەمڕۆ لەدوای بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی ژنانی تەڤگەری ئازادی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بکەن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا سەردانەکانیان بەردەوام دەبێت.