پەرلەمان هیچ قسەیەکی لەسەر هێرشە داگیرکارییەکان نییە
سایتی فەرمی پەرلەمان، کە زمانحاڵی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە، دوێنێ لە کۆی چوار بابەت کە بڵاویکردووەتەوە، هیچ ئاماژەیەکی بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هێرشە چڕەکان بۆ سەر دێرەلوک و شێلادزێ نەکردووە.
ناوەندی هەواڵ
سایتی فەرمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، زمانحاڵی پەرلەمانە و کار و پڕۆژە، بڕیارەکان و زانیاری تەواوی دەربارەی پەرلەمانی تێدا کۆبووەتەوە، بەشی هەواڵی سایتەکە دواین زانیارییەکانی دەربارەی کاری لیژنەکان و پەیامی سهرۆکایەتییەکان و دیدار و چاوپێکەوتنەکانی تێدا بڵاودەکرێتەوە، بەڵام دوێنێ سەرەڕای هێرشی بەرفراوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بە وشەیەکیش ئیدانەی هێرشەکان نەکرا و هیچ بابەتێکی لەسەر بڵاونەکرایەوە، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت و نەبووبێتە ڕۆژەڤی گەرمی هەرێمی کوردستان، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دوێنێ ١٨ی نیسان، یەکەم ڕۆژی هێرشە بەرفراوانەکەی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە بۆ سەر دێرەلوک، شیلادزێ، زاپ و چیای کورەژارۆ بوو، سایتی فەرمی پەرلەمان، چوار هەواڵی بڵاوکردووەتەوە، بە مانشێتەکانی:
-پیرۆزبایی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی قیامە
-د.هێمن ههورامی:"داواكارین نهتهوهیهكگرتووهكان هاوكار و پشتیوان و چاودێربن بۆ بهرێوهچوونی ههڵبژاردنێكی شهفاف و سهركهوتوو"
-لێژنهی كۆمهڵایهتی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ بهدواداچوون بۆ ڕهوشی گرتووخانهكان و چاكسازییهكان دهكات
-لێژنهی شارهوانی و گواستنهوه و گهیاندن و گهشتوگوزار چهند پرسێكى گرنگ تاووتوێ دهكات
تێبینی دەکرێت لە کۆی چوار هەواڵ، هیچ یەکێک لە هەواڵەکان باس لە هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان، مەترسی داگیرکاری، دۆخی هاوڵاتیان لەو ناوچەیە و ئەو شەڕ و بەرخۆدانییە نەکرا کە بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا ناوەڕۆکی یەکێک لە هەواڵەکان کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی قیامە لە پێکهاتەی کریستیانەکان دەکات، دەڵێت: "ھیواخوازین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ ھەموو لایەك، خوشك و برا كریستیانەكانمان لە كەشێكی پڕ لە خۆشی و ئارامیدا سرووت و شادییەكانی ڕۆژانی جەژن بەڕێ بكەن، ئاشتی و پێكەوە ژیان سێبەر و سایەی ھەمووان بێت."
ئەم هەڵوێستەی پەرلەمان تا ئێستا بەردەوامە و هیچ یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمیش قسەیان بۆ ئەو دۆخە سیاسییە نەبووە.