"زیندانییەکان لەلایەن پاسەوان و بەڕێوەبەرەوە لێیان دەدرێن"
ئایشە ئاکین، خزمی زیندانی، باس لەو فشار و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ دەکات کە لە زیندانی ژمارە ١ی ئامەد ئەنجامدەدرێت، دەشڵێت کە کوڕەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاماژەی بەوەداوە هەموو ڕۆژێک پاسەوانەکان لە زیندانییەکان دەدەن.

ئامەد
زیندانیانی زیندانیی ژمارە ١ی ئاسایشی باڵای ئامەد لە دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ٣ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، ڕاشیانگەیاند هەمیشە لەناو زیندانەکاندا هێرش دەکرێت و داوایان لە بنەماڵەکانیان کردووە بێدەنگ نەبن لە پێشێلکاری و ئەشکەنجەکانی مافی مرۆڤ، ئایشە ئاکین، یەکێک لە کەسوکاری زیندانییەکان، کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بەو دۆخە پیشاندا و وتی: ئەگەر ئێمە خاوەندارییان لێنەکەین هەموویان دەکوژرێن.
ئایشە ئاکین، دوێنێ ١٤ی نیسان چاوپێکەوتنێکی تەلەفونی لەگەڵ کوڕەکەیدا بە ناوی عەبدولمەریک ئاکین کە لە زیندانی ژمارە ١دا زیندانە، کردووە و کوڕەکەی ئاماژەی بەوەداوە کە زیندانییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجەدراون، وتیشی: بەپێی زانیارییەکانی کوڕەکەم، پاسەوانەکان هەموو ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر قاوشێک و زیندانییەکان ئەشکەنجە دەدەن و بە زەویدا ڕایاندەکێشن.
"ڕووتیان دەکەنەوە و ئەشکەنجەی زیندانییەکان دەدەن"
ئەو دایکە ئاماژەی بەوەشدا کوڕەکەی نەخۆشە و لەبەرئەوەی سەپاندنی گەڕانی ناو زیندانی پەسەند نەکردووە نەیانگواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە، وتیشی: هەموو ڕۆژێک لە زینداندا هێرش دەکەنە سەریان، ڕووتیان دەکەنەوە و لێیان دەدەن و جلەکانیشیان نادەنەوە، زیندانییەکان دەکەنە ژووری تاکەکەسی و ناهێڵن کەس قسە لەگەڵ کەسدا بکات، لە پەیوەندی تەلەفونیدا ناهێڵن سڵاو لەیەکتر بکەن، کوڕەکەم وتی ئێمە ئەو فشارانە قبوڵ ناکەین، هەموو ڕۆژێک کەسێکمان دەبەن و ئەوانیش دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن، لەناو زینداندا فشار و ئەشکەنجە هەیە".