تەرمی دایک و منداڵە خنکاوەکەی ئیجە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

تەرمی ئەو دایك و منداڵەی لە دوای ژێرئاو كەوتنی بەلەمەكەیان لە وڵاتی یۆنان گیانیان لەدەستدا، دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ناوەندی هەواڵ


دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویكردەوە، دەزگاكەیان بە هاوكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق تەرمی دوو كۆچبەری كورد، كە دایك و منداڵێكی تەمەن ١٠ مانگانەیە، دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دایک و منداڵە لە ڕووداوی ژێرئاو كەوتنی بەلەمەكەیان لە ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە باكووری دورگەی سامۆسی وڵاتی یۆنان گیانیان لەدەستداوە.


لەو بارەیەوە حسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگاكە باسی لەوە كردووە، لەسەر داواكاری خێزانەكەیان دەزگای لوتكە بە هاوكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دەستیكردووە بە ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی دایك و منداڵەكەی لە ماوەیەكی كەمدا.