لە عێراق زیاتر لە ٨٨٠ ھەزار ئاوارە ھەن

بەپێی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تائێستا زیاتر لە ٨٨٠ کەس لە عێراق ئاوارەن و زۆربەشیان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئامارێکی تایبەت بە ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق لەلایەن لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خراوەتەڕوو، ئاماژە بەوەکراوە کە تائێستا حکومەتی عێراق سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکانیش، دۆسیەی ئاوارەکانی یەکلایی نەکردووەتەوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کاتێکدا کە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش پلان و بەرنامەی داڕێژراوی بۆ ئەو مەبەستە ھەیە، بەڵام حکومەت ھیچ ھەنگاوێکی جددی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاوارەکان.

 

بەپێی ئامارەکە، لە سەرتاسەری عێراق زیاتر لە ٨٨٠ ھەزار ئاوارە ھەن کە زۆرینەیان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن لە ناو کامپەکان و دەرەوەی کامپەکان، تەنھا لە سنوری پارێزگای دھۆک ١٥ کامپی ئاوارەکان ھەیە و زۆربەی ئاوارەکانیش لەو پارێزگایە ئێزدییەکانن.