هەفتەی پشتگیریکردن لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕاگەیەندرا
لە پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئازادکردنی بکوژی دوو کچە چەمچەماڵیەکە، یەکێتی ژنان هەڵمەتێکیان ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
سلێمانی
ئەمڕۆ یەکێتی ژنانی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی دیکە، پارێزەران و چالاکواناندا، لە تەلاری تەواری شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا، تێیدا هەفتەی پشتگیریکردن لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕاگەیەندرا.
لە پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بڕیاری دادوەر بۆ ئازادکردنی بکوژی دوو کچە چەمچەماڵییەکە بە ناوی "ئاوارە و هێلین"، کە باوکیان بوو، یەکێتی ژنان هەڵمەتێکیان ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و داوایان کرد سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان، یاساناسان، دادوەران، داواکاری گشتی، مامۆستا، خوێندکار، فەرمانبەران، پیشەوەران و ئەوانەی پشتیوانی لە مافی ژن دەکەن و دژی ژن کوشتنن لەگەڵیاندا بەشداری هەڵمەتەکە بکەن.
دوو خوشك بە ناوەکانی هێلینی ١٧ ساڵ و ئاوارەی ١٩ ساڵ لە ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٠ کە دانیشتووی شارەدێی شۆرشی شارۆچکەی چەمچەماڵ بوون، دیارنەمان، پاش سێ ڕۆژ تەرمی دوو خوشکەکە بە کوژراوی دۆزرایەوە، هەرچەندە تاوانبارەکە سەرەتا هەڵهاتبوو بەڵام پاش ٧ مانگ لە هەڵهاتن، تاوانبار "ف، ح، ش"کە دەکاتە باوکیان لە مانگی ئاداری ٢٠٢١دا خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد و بەپێی ڕاگەیەنراوێکی پۆلیسی سلێمانی تاوانبار دانی بە تاوانەکەیدا نا.
دوای ساڵێک و حەوت مانگ دادگایکردنی دوو خوشکەکە لە بەرواری ١٧ی مانگی نیسان لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، هەرچەندە باوکیان خۆی ڕادەستی پۆلیس کردبوو، بەڵام دواتر نکۆڵی لە تاوانەکە کرد، تا ئەوکاتەش هیچ سکاڵایەک لەسەر کەیسەکە نەبوو.
١٢ی ئەم مانگە، دەنگۆی ئازادکردنی باوکی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بڵاوبووە و ناڕەزایەتی توێژە جیاوازەکانی بە دوای خۆیدا هێنا.