"تا ئێستا داگیرکاری لەسەر کوردستان بەردەوامە، پێویستە دژی بوەستینەوە"

بەبۆنەی ٣٤ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان لە بەردەرکی سەرای سلێمانی مەراسیمێکیان ڕێکخست و دووبارە ئیدانەی هێرشەکانی سەر کورد و کوردستانیان کرد.

سلێمانی

 

بەبۆنەی ٣٤ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە کە زیاتر لە ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەس ئاوارەبوون و سەدان کەسیش بوونە خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەمڕۆ کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان لەبەردەرکی سەرای سلێمانی مەراسیمێکیان ڕێکخست بە ئامانجی شەرمەزارکردنی ئەنجامدەرانی تاوانبارانی جینۆسایدکردنی خەڵکی سڤیلی هەڵەبجە و بەرز و پیرۆز ڕاگرتن و یادکردنەوەی شەهیدانی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە.

 

چالاکییەکە بریتیبوو لە وتنەوەی سرودی نەتەوەیی "ئەیڕەقیب" و وتنەوەی چەندین گۆرانی کە باس لەو تاوانانە دەکات بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراوە، هاوڵاتیانیش لەنێو بازاڕ بەشداری چالاکییەکەیان کرد و هاوخەمی خۆیان دەربڕی بۆ خەڵکی هەڵەبجە و ئەو تاوانانەی بەرامبەر هەڵەبجە کراوە.

 

کۆژین ئازاد، خوێندکاری کۆلێژی هونەرە جوانەکانە و خەڵکی هەورامانە وەک هاوڵاتییەک دەربارەی ئەم ڕۆژە و گرنگی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەم جۆرە مەراسیمانەدا بە نوژنهای وت: ئێمە لەو ڕۆژەدا نەبووین بۆیە لە ئێش و ئازاری ئەو کەسانە تێناگەین بەڵام هاوخەمی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەو تاوان و جینۆسایدەی بەرامبەر خەڵکی هەڵەبجە کراوە.

 

کۆژین ئاماژەی بەوەدا ساڵانە پێویستە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بکرێتەوە و بە جیهان بناسێنرێت، دەشڵێت: تا ئێستا هەوڵی جدی نەدراوە بۆ ناساندنی هەڵەبجە و جینۆسایدکردنی هەڵەبجە بە جیهانی دەرەوە، تا لە مێشکی تاک بە تاکی گەلی کورد و گەلانی جیهاندا بمێنێتەوە و نەوەکانی دوای خۆمان ئاگاداری ئەو داگیرکاریانە بن کە بەرامبەر بە کورد دەکرێت.

 

"تاکی کورد هەستی نیشتیمانپەروەری لەدەستداوە"

ئەو ژنە گەنجە ئاماژەی بەوەشدا تاکی کورد بە گشتی و گەنج بە تایبەت لە ئێستادا هەستی نیشتیمانپەروەری لەدەستداوە، بۆیە بەردەوام یادکردنەوەی ئەم تاوانکارییەیان پێ زۆرە و دەڵێن بۆ ئەم یادانە هێندە دەکرێنەوە، "نابێت قەیران و ململانێی سیاسی ببێتە هۆکارێک بۆ لەبیرچوونەوەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کورد کراوە و هەستی کوردایەتی لە دڵدا کاڵ بکاتەوە".

 

لە کۆتاییدا وتیشی: "بە ئێستاشەوە داگیرکاری لەسەر کورد و کوردستان دەکرێت بۆیە پێویستە هەموومان بە یەکگرتووی هەوڵی بەڕوو وەستاندنەوەی داگیرکارییەکان بدەین لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکانمان".

 

ئەمڕۆ لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان یادی ٣٤ەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایەوە.

 

ت.پ