دەستکەوتی دەستەی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٣: ڕێکخستن و پاراستنی ژنان و منداڵان

ئەڤین پاشۆ، سەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە هەڵسەنگاندن بۆ کار و دەستکەوتەکانی دەستەکە دەکات بەتایبەتی بۆ ژنان و منداڵان و ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکییان ڕێکخستن و پاراستن و خاوەنداری کردن لە منداڵانی بێکەسە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-ئەرکی سەرەکی دەستەی ژنانی خۆبەڕێوەبەریی ڕێکخستن و پەرەپێدان و هاوکاریکردنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، لە لایەکی ترەوە، ئەمە بووەتە پەناگەیەک بۆ منداڵانی بێکەس و ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لە کۆمەڵگەدا.

 

"پێشکەوتنی ژنان لە ٢٠٢٣دا"

ئەڤین پاشۆ، سەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە، ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی بە دەستکەوت بوو بۆ ژنان، هێرشکردنە سەر ژنان بەردەوام بوو، ڕۆڵی دەستەی ژنان لە خۆبەڕێوەبردندا ئەوەیە ژنان لە دەزگاو دامەزراوەکاندا ڕێکبخات، بۆ ئەوەی ببێتە دەنگی ژنان و هێزی گۆڕینی کۆمەڵگە لەڕووی گەشەکردنەوە، لە ڕێگەی سیمینار و چالاکییەکانەوە، بەتایبەتی دژی جەنگی تایبەت، گرنگیمان بە پەروەردەکردنی ژنان و گەنجان داوە.

 

ناساندن و بڵاوکردنەوەی یاساکانی خێزان

ئەڤین پاشۆ ئاماژەی بەوەدا، دیالۆگیان پەرەپێداوە بۆ دانانی یاسای خێزانی کە دەبێتە بنەمایەک بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگەو وتی: ئەمساڵ هەماهەنگییەکی بەهێز هەبوو بۆ ناساندنی یاساکانی خێزان لەگەڵ کۆمەڵگەدا لەڕێی لیژنە و کۆمەڵەکانەوە بۆ بنیادنانی خێزانێکی دیموکراسی کە تێیدا یەکسانی نێوان ژن و پیاو مسۆگەر بکرێت، کارمان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو یاسایانە، بە دڵنیاییەوە دەتوانین هەنگاوی سەرکەوتوو بنێین لەگەڵ ئەم یاسایانەدا.

 

"بەهێزکردنی ماڵی ژنان و منداڵان"

ئەڤین پاشۆ لە قسەکانیدا تیشکی خستەسەر بەهێزکردنی ماڵی پاراستنی تایبەت لەگەڵ ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و ژیانیان لە مەترسیدایە هەروەها بۆ منداڵانی بێکەسیش، ئەم ماڵانە کە لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە دروستکراون، شوێنی سەلامەتی و پاراستنی ژنان و منداڵانن، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی خۆیان بپارێزن و پشتیوانی لە هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان و هێزەکانی ئاسایشی ژنان بکەن، گرنگە ئەو ماڵانە بەهێز بکرێن، ئەمساڵ نزیکەی ٩٩ ژن لە مەترسی کوشتن و توندوتیژی ڕزگارکراون هەروەها کارمان کرد بۆ پەرەپێدانی ئەم ژنانە لە هەموو بوارەکاندا تا ئەو ئاستەی کە زۆرێکیان نەیاندەزانی چۆن بخوێننەوە و بنووسن، کاتێک ماڵەکەیان بەجێهێشت فێری خوێندنەوە و نووسین بوون، بە دڵنیاییەوە هەمان کار بۆ منداڵان دەکرێت و ماڵەکانی پاراستنی منداڵان بوونەتە پەناگەیەک بۆ منداڵانی بێکەس.

 

"پرۆژەیەک بۆ گەشەپێدانی ئابووری ژنان"

ئەڤین پاشۆ جەختی لە گرنگی گەشەپێدانی ئابووری ژنان و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ ژنان کردەوە لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەگەر ژنان ئابوورییەکی سەربەخۆیان هەبێت، ئەوا پێویستیان بە کەس نابێت و وتی: ئەمساڵ پڕۆژەیەکی نوێمان بۆ ژنان دامەزراندووە، هەڵمەتی کار بۆ دروستکردنی کارتۆن، ئەم هەڵمەتە بەمزووانە دەستپێدەکات.

 

ئەڤین پاشۆ لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، ستراتیژی دەستەی ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر بنەمای پەروەردە و ڕێکخستنی ژنان دەبێت، هەروەها پڕۆژەی بچووک بۆ ژنان دروست دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە بوونی خۆیان و بژێوی ژیانیان، بێگومان ئەم کارە بەردەوام دەبێت بۆ بەهێزکردنی کارەکانی دەستەکە.