بەردەوامی سەرکوتکردنی خوێندکاران؛ دەرکردنی ئایدە قوربانی لە زانکۆ

لە درێژەی ناڕەزایەتی و دانیشتنی خوێندکاران لە مانگی شەشەمی شۆڕشی ژینادا، سەرکوت و گوشار لەسەر قوتابیان زیادیکردووە و لەو ڕووەوە خوێندکارێکی دیکە بە ناسنامەی ئایدە قوربانی لە زانکۆ دەرکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و دەرکردن و غەرامەکردنی مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بۆ ڕاگرتنی ئەو شۆڕشەی کە دژی جیاکاری و ژنکوژی و نادادپەروەری دەستیپێکرد بەردەوامە.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئایدە قوربانی، خوێندکاری زمان و ئەدەبی ئیتاڵی لە زانکۆی تاران، خوێندکارێکی دیکەیە کە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییەوە حوکمی ڕاگرتنی کاتی بۆ ماوەی یەک سێمستەر لە خوێندن بەسەردا سەپاوە.

 

باس لەوەشکراوە کە سزای ئایدە قوربانی تانەی لێدراوە، بەڵام داواکاری ئەم خوێندکارە بەبێ ئاگادارکردنەوە لە پڕۆسەی کەیسەکە ڕەتکرایەوە و لە کۆتاییدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ئاگادارکردنەوەی هیچ بڕیارێک لە پڕۆسەی نایاساییدا، ئایدە دەرکرا هەروەها بەشە ناوخۆیی و هەڵبژاردنی یەکەکانی هەڵوەشایەوە.