ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن
توندوتیژی دژی ژنان چەندین فاکتەری لەپشتە کە بنەڕەتییان ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و سەرمایەداری و موڵکایەتییە، ئامارەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن لە باشووری کوردستان لە هەڵکشاندایە و لایەنی پەیوەندیداریش نەیتوانیوە کار بۆ کەمکردنەوەیان بدات.
سلێمانی
توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە باشووری کوردستان لە هەڵکشاندایە و فاکتەرەکانی ئەقڵیەتی پیاوسالانی، دەسەڵاتداری و موڵکایەتی پیاوانە، شکاندنی ئیرادەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوە، ڕێگەگرتن لە بوونی ئابوری سەربەخۆ، لاوازکردنی پێگەی ژن و گرێدانی ژن بە کاری ماڵەوە و بەخێوکردنی منداڵەوە لەو هۆکارانەن کە ژنیان ناچار کردووە هەمیشە لە چاوەڕێی دەستی پیاو بێت و پیاو وەک موڵک سەیری ژن و خێزان بکات، هەر لادانێکیش لەو قاڵبەی کۆمەڵگە، دروستبوونی توندوتیژی بەتایبەت دژی ژنانی لێدەکەوێتەوە.
توندوتیژی دیاردەیەکی شاراوە نییە و لە هەرێمی کوردستان بە زەقی دەبینرێت، ژنان ئەگەر خوێندەوار بن یان نەخوێندەوار، دەوڵەمەند بن یان هەژار ، لە ماڵەوەدا کاربکەن یان لە دەرەوە و لە هەر ئاستێکیدا بن، هەر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ژنان بە چەندین جۆر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بەڵام زیاتر توندوتیژییەکان لەناو خێزاندایە.
"نەبوونی ئابوری سەربەخۆی ژن هۆکارێکی توندوتیژیەکانە"
هەندێک هۆکار هەن کە دەبنە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان وەک نەبوونی ئابوری سەربەخۆی ژن، لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە هۆی ئەو بەربەستانەی دێتە ڕێگەی ژن، وەک ڕێگری خێزانەکان بۆ ئیشکردنی ژن لە دەرەوە کە پێیانوایە ئیشکردنی ژن لە دەرەوە نەگونجاوە، ئەمەش وایکردووە کە ژن ئابوری سەربەخۆی نەبێت و پیاو وەک هێزی پارە و موڵکایەتی سەیری ژن دەکات و لەو ئەقڵیەتەوە توندوتیژی دێتە کایەوە.
هەروەها دەستێوەردانی دەرەکی لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیریدا، ڕێگریکردن لە دەربڕینی ڕای جیاوازی خۆیان لە لایەن خێزانەکانیانەوە وای لە ژنان کردووە هەندێکجار بە زۆرەملێ بە شوو بدرێن، یاخود لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشە و توندوتیژی بەرامبەر ژن.
زەقترین هۆکار کە سەرچاوەی هەموو توندوتیژییەکانە و وایکردووە ژنان زیاتر توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاریە لە کۆمەڵگەدا، لە كۆمەڵگەی کوردیدا هەر لە منداڵییەوە منداڵانی کچ سەرکوت دەکرێن و ناهێڵن ئازاد بن و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان و منداڵانی کچ دەکرێن پەردەپۆش دەکرێن و باسی لێوەناکرێت.
"حکومەت ڕۆڵی هەیە لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان"
هەرچەندە حکومەت ماوەی چەند ساڵێکە بەدواداچوونی بۆ حاڵەتەکانی توندوتیژی کردووە و لە میدیاکانەوە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە ڕادەگەیەنن، بەڵام هێشتا هەڵمەتەکان لە ئاستی پێویستدا نین و نەیانتوانیوە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ڕابگرن، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، چونکە ئەو کەسانەی کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن بە ئازادانە دەسوڕێنەوە و هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ ناکرێت، بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت کە حکومەت تا ئێستا یاسایەکی نیە بۆ ئەم کێشەیە، هەروەها ڕێگری نەکردنی بەشێک لە میدیاکان لە شکاندی شکۆی ژناندا بەشێکی دیکەی هۆکارەکانن
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە تەنها لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵ-٢٠٢٢دا ٨٢ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان هەبووە، بەمەش دەردەکەوێت کە تەنها لە نیوەی ساڵێکدا ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان چەندە لە ئاستێکی بەرزدایە، بەپێی وتەی پارێزەران و چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی ژنانیش، کێشە لە ئامارە فەرمیەکاندا هەیە کە ساڵانە بڵاودەکرێتەوە، چونکە لە ڕاستیەوە دوورن و ئامارە ڕاستیەکان لەو ژمارانە زیاترە کە بڵاودەبێتەوە.