"هێرش بۆ شەنگال پیلانگێڕی نێوان تورکیا، عێراق و پەدەکەیە"
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی سیاسی سەردانی پادێیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر شەنگال لە دەرەوەی دەستوری عێراقە و پیلانگێڕی نێوان تورکیا، عێراق و پەدەکەیە.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستەی دەستپێشخەری گەلی باشور دژی هێرشی سەر شەنگال، کە پێکدێن لە بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی سیاسی سەردانی نوێنەرایەتی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیی-پادێیان لە شاری سلێمانی کرد و هەڵوێستی خۆیان دژی هێرشەکانی سوپای عێراقیان سەر شەنگال خستەڕوو، ئاماژەیان بەوەشدا ئامانجی بردنی سوپا بۆ شەنگال، لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەری و تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی شەنگالە.
دەستەکە لەلایەن مەروان شەنگالی، ئەندامی نوێنەرایەتی پادێ لە سلێمانی پێشوازییان لێکرا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا محەمەد ئەمین پێنجوێنی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسی باشوری کوردستان و شەنگال کرد و ئاماژەی بەوەدا کە باشوری کوردستان، شەنگال و مەخمور لەناو پیلانگێڕییەکی داگیرکاریدان و هەریەک لە دەوڵەتی تورکیا و عێراق بە هاوکاری پەدەکە هێرشی داگیرکاری دەکەنە سەر ئەو ناوچانە، وتیشی: هێرشەکانی سەر شەنگال لەدوای سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە دەستیپێکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی شەنگالە کە لە نێوان تورکیا، عێراق و پەدەکەدا بەستراوە.
پێویستە گەل دژی هێرشەکانی عێراق و تورکیا ببنەوە
دواتر نەورۆز فازیل، چالاکوانی سیاسی بەیاننامەی دەستەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە: کۆکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی هێزەکانی عێراق لە دەوروپشتی شارۆچکەی شەنگال، خواستێکی دەوڵەتی تورکیا و شەڕانگێزی پەدەکەیە، بەدرێژایی مێژوو پیلانی چەپەڵی ئیسلامی سیاسی و هێزە فاشیزمەکان و میللیگەرا توندڕوە بەکرێگیراوەکانە، لە چوارچێوەی نکۆڵیکردن لە گەلی ئێزیدی بەردەوامە و درێژەی هەیە، ئەمڕۆ هێزەکانی عێراق لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هێرشی سەر شەنگال، ئەمەش نەخوازراوە و شەرمەزارو سەرکۆنە و ڕسوا دەکەین، دەبوو پەدەکە شەڕی ناوچە داگیرکراوەکانی وەک زومار و خانەقین و دوز و کەروکوکی بکردایە، نەک هێز بێنێتە سەر شەنگال و ڕادەستی هێزە عێراقییەکانی بکاتەوە.
لە بەیاننامەکەشدا جەخت لەوەکرایەوە کە پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراق دژی ئەم هێرشانەی سوپای عێراق بووەستنەوە و هاوکار و هاوپشتی خەڵکی بە شەرەفی شەنگال بن، لە ڕووبەڕوو بوونەوە وەستانەوه دژی هێرش و پیلانگێڕی سێکوچکەی خیانەت، بارزانی و ئەرۆغان و کازمی.
ژنانی ئێزدی خۆیان بەڕێکخستن کردووە
لە درێژەی کۆنگرەکەدا تارا حسێن، چالاکوانی سیاسی، وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە خۆڕاگری گەلی شەنگال دا، کە چۆن لەدوای فەرمانی ٢٠١٣ بۆ سەر شەنگال لەلایەن داعشەوە توانیویانە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و دژی هەر پیلانگێڕییەک بوەستنەوە، "کچانی ئێزیدخان ئەمڕۆ لە دژی هەر هێرشێک خۆیان بە ڕێکخستن کردووە و چیتر ئەو کچانە نین کە لەلایەن داعشەوە بڕفێنرێن و بکرێنە کەنیزەک، ئێمەش وەک ژن پشتیوانی ئەوانین لەو پێناوەدا لە تێکۆشاندا دەبین".
نادیە وسوخ قاسم، هاوڵاتییەکی شەنگالیی دانیشتووی سلێمانییە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا کە هێرشکردنە سەر شەنگال پیلانی تورکیا، عێراق و پەدەکەیە، "بە پیلان دەیانوێت دژی شەنگال بووەستنەوە، شەنگال شوێنی گەلەکەیەتی و ئەگەر وا نەبێت ئەو گەلە بچن لەکوێ بژین، ئەوان لەوێن و پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن، ئێمەش بەو هیوایەین کە بگەڕێینەوە بۆ شەنگال".
دوای ئەوەی ١٨ی نیسان، سوپای عێراق، بە چەکی قورسەوە هێرشی کردە سەر بازگەکانی ئاسایشی ئێزیدخان، یەبەشە و یەژەشە، شەڕ و پێکدادان لەناوبەردا دروستبوو، گەلی شەنگال و بەتایبەت دایکان بە بەرخۆدانی و هەڵگرتنی چەک پارێزگارییان لە شەنگال کرد و توانییان هێرشەکانی سوپای عێراق بوەستێنن، هەرچەندە لەئێستادا شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوە وەستاوە، بەڵام هێزی عێراق لە شەنگالدا ماون.