هەڵەبجە لە ناوەندی برینێکی قووڵ بگێڕینە سەر ناوەندی یەکێتی نەتەوەیی، ناوەندی پێکەوە ژیانی هەموو باوەڕییەک - شیکاری

بەرفین دەلال

لە سەرەتادا بۆ شەهیدانی هەڵەبجە کە گیانیان لە دەستداوە، و هەموو مرۆڤی کورد کە بە  دڕندانە کۆمەڵکوژ کراون ، سەری ڕێزو نەواوزشیان بۆ دادەنەوێنم.

بە دڵنیاییەوە گرنگە، سیاسەتی سیستمی دەوڵەتی عێراق باش بناسین، کە هەر لە سەرەتای ئاوا بوونیدا بە ڕەنگێکی نەتەوەپەرستی عەرەب کە دوور لە ڕاستی گەلی ئەو وڵاتە بۆخۆیەتی دامەزرام بە تایبەتی کە بەعس کە ساڵی ١٩٦٨ هاتە سەر دەسەڵات، هەتا هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی بەعس واتە ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ کۆمەڵکوژییەکی گەورە ڕوویدا، ئەمە تەنیا لە بەرامبەر گەلی کورد نەکرا، لە هەمانکاتدا لەبەرامبەر گەلی شیعەش کرا، بە دڵنییاییەوە ئەم کۆمەڵەکوژییە بە دەستووری دەوڵەتانی هەژموون کراوە و هەتا ئێستاش دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە سەدان جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.

 

کاتێک سەیری مێژووی هەڵەبجە بکەین لە گەلێک شار و ناوچەکانی باشووری کوردستان چەکی قەدە‌غەکراو بەکار هێندراوە، بۆ نموونە لە قەزای قەرەداخ، گوندی سەوسێنان، کە تێیدا نزیکەی ٢٠٠کەس کۆمەڵکوژ کران، هاوکات گوندی بالیسان نزیک سنووری هەولێر لە ساڵی ١٩٨٧دا زۆر کەس کۆمەڵکوژ کران، لە هەمانکاتدا لە ساڵی ١٩٨٧ حکومەتی بەعس لەسەر شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکی قەدەغەکراوی بەکار هێناوە.

 

کاتێک باسی هەڵەبجە بکەین، ئەوا دەبینین بە گشتی لە باشووری کوردستاندا نزیک نیو ملوێن کەس گیانیان لەدەستداوە، بۆیە دەبینین کە سیاسەتی دەوڵەتی بەعس سیاسەتی لەناوبردنە، واتە وەک ناسنامە و کولتوور، ئینکار ناکات و نەیتوانییوە ئینکاری بکات چون بەرخۆدانی هەبووە، بەس بۆ کۆمەڵکوژی سوور لە دنیادا هیچ نموونەیەک وەک دەوڵەتی بەعس نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک باسی چەکیی قەدەغەکراو دەکەین پێویستە باسی ئەنفالیش بکەین، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا لە مانگی شوبات هەتا مانگی ئەیلوول بەردەوام بوو. واتە یەک ساڵ کۆمڵکوژی کرا، هەر وەک دەزانیین کە ئایەتی ئەنفال لە قورئاندا هەیە ، ئەو کاتەی کە ئیسلام دێت بۆ ناوچە کوردییەکان و کۆمەڵکوژی دەکات، گەلی کورد ڕادەست نابێت، ئەوکات دەتوانێت موڵک و ماڵی غارەت بکات، بۆیە جێگای ئاماژەیە کە بڵێین لە یەک ساڵ کۆمەڵکوژیدا واتە ساڵی ١٩٨٨ لە باشووری کوردستان١٨٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، هەر لەو کاتەدا سەدام حسێن دەیوت کە ئەم کۆمەڵکوژییە بە ئایەتی ئەنفال کراوە، هاوکات ساڵی ١٩٨٣کە بە کۆمەڵکوژی ئەنفال ناوکراوە  ٨ هەزار مرۆڤ کۆمەڵکوژ کراون.

 

بێگومان دەتوانیین بڵێن کە لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی سوور لە باشووری کودستان تراژیدیایەکی بە ئێش ڕوویداوە، هاوکات ئیشێکی گەورەی لە ڕۆح و دەروونی مرۆڤاندا درووست کردووە، بۆیە ئەم گەلە قەت سەری دانەنەواندووە، بەس لەگەڵ ئەوەشادا هیوایەکی ئەوەندە گەورەی نەبووە کە بتوانێت ئەنجامەکی گەورە بەدەستبهێنێت، بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی بەعس ناتوانێت کە چەکی قەدە‌غەکراو دروست بکات بۆیە دەوڵەتانی زلهێز یارمەتییان داوە بە تایبەت چەکی قەدەغەکراو دەوڵەتی ئەڵمانیا درووستی دەکرد کە پیاوێکی هۆڵەندی دەیفرۆشێتە حکومەتی عێراق، پێویستە بزانیین کە هەموو ئەو کۆمەڵکوژیانەی هەتا ئێستا کراوە دەستی دەوڵەتانی دەسەڵاتخوازی تێدا هەیە.

 

کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ڕوویدا، واتە ئەوکات شەڕ لە نێوان عێراق و ئێران تەواو نەبوو، وەک باسی دەکەن لەو کاتەدا کوردان لە بەرەیەکدا خۆیان بەڕێخستن کردبوو، کە ناویان نابوو بەرەی کوردستانی، هەموو پارتییەکانی باشووری کوردستان لەناو ئەو پارتییەدا بەجێ ببوون، لەو کاتانەدا بەرەی کوردستانی چووبوون بۆ هەڵەبجە کە پاسداری ئێرانیش لەگەڵیان بوون و حکومەتی عێراق تەهدیدیان کردووە ئەگەر لەوێ دەرنەکەون، ئەوا چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنن، بەو واتایەی کە گەلێک لەبەرپرسانی پێشمەرگە دەیانزانی کە چەکی قەدەغەکراو بەکاردێنن، بەس دیسان دەرنەکەوتوون، بۆیە ئەوکاتە پێشمەرگە دەتوانێت زووتر دەرکەوێ.

 

لە بواری سیاسیدا مرۆڤ دەتوانێت بلێت  لەگەڵ ئەوەی کە مەترسی بۆ سە خەڵک هەیە ، بۆچی ناڕاوات، ئەمە هەڵەیە، لەو کاتەدا شەڕ لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە و ئەمە دەبێتە بەهانە، بۆیە پێویستە بەهانە نەدرێتە دەوڵەتانی زلهێز، لێرەدا دیارە کە گەلێک هەڵە لە لایەن پارت و حزبە کوردییەکانەوە کراوە، من بۆخۆم ئەم کۆمەڵکوژییەم زۆر باش لەبییرە، لەو کاتەدا کە چەکی قەدەغەکراو بە کاردەهێنن، هەمووی بە تۆپ دەهاوێژنە ناو شارەکە و بۆنی سێو بڵاو دەبێتەوە، گەل وا دەزانێت کە تۆپی ئێرانە و خۆیان دەهاوێژنە ناو ژێرزەمینەکانەوە، بۆیە هەر ڕۆژی یەکەم ٥هەزار کەس شەهید و ١٠هەزار کەسیش بریندار دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر ئەوەی لە بواری تەندروستی لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی چارەسەری نەکرا، ڕۆژانە شەهید بوون و یانیش هەر بەو ئازارانەوە دەژین، لەو کاتەدا خەڵکێکی زۆر بە تایبەت منداڵ لەسەر سنوورەکانی ئێران یا خود هەر لە ناوچەکەدا ون بوون، بە دڵنیاییەوە ئامانج لەوە لە ناوبردنی نەتەوەیەکە.

 

هەڵەبجە نزیک سنووری ئێرانە بۆیە زۆر کات بووە بە قوربانی نێوان شەڕ و ململانێی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق، هەرچەند لەم نێوانەدا ئەو کەسانەی کە دەزانن چەکی قەدەغەکراو بەکار هاتووە ، یەکسەر لە ژێرزەمینەکان دەردەکەون و بەرەو ئاوی سیراون دەچن و خۆیان ڕزگار دەکەن، بۆیە لە بیرهێنانەوەکانئ هەڵەبجەدا زیاتر باسی ئاوی سیروان دەکرێت، لەم ناوەدا دیارە کە ئەوەی زیاتر زیانی بەردەکەوێت ژن و منداڵن، لەبەر ئەوەی کە ئاستی وشیاری لە ژن و منداڵدا کەمە، واتە ئەو هێزانەی کە خۆیان وەک شۆڕەشگێڕ دەبێنن گەلیان فێر نەکردوە کە چۆن خۆیان بپارێزن، بۆیە زیاتر پیاوان دەتوانن فیرار بکەن و دەچن و ژن و منداڵ لە دواوە دەمیننەوە، لە ئێستادا دەبینین کە لە کوردستان بە فکر و ڕامانی ڕێبەری گەلی کورد لە ناو کۆمەڵگەدا بە تایبەتی لە ناو ژناندا هۆشیارییەکی زۆر لە بواری پاراستنی جەوهەریدا هەیە.

 

لە هەڵەبجە بە هۆکاری کۆمەڵکووژییەی کە کراوە ، کارییگەرییەکی نەیینی لە بواری دەروونیدا بۆ سەر خەڵک دروست کردووە، زۆرێک لە بیریندارانی ئەو کاتە یان شێت بوون یانیش بە جەڵتە گیانیان لەدەستدا، کاریگەری چەکی قەدەغەکراو ئەوەیە کە مرۆڤ قەت باش نابێت، مێشک تێکدەدات، لە زۆر کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئیتر نەتوانن نەسڵی خۆیان بەردەوام بکەن ، ئەمەش بەو واتایە دێت کە دوژمن لە کۆکەوە دەیەوێت کورد لە ناو ببات، تەنیا مرۆڤ کاریگەر نابێت هاوکات سروشت و هەموو گیانلەبەران کاریگەر بوون و لەناو چوون.

 

مرۆڤەکان بە پێشکەوتنی زانست گەشە دەکەن بەس لێرەدا ڕەوشت و ویژدان نەماوە، کاتێک زانست گەرایی پێشکەوت، بووە هۆکاری درووست بوون و ئاوا بوونی چەکی قەدەغەکراو کە لە دەقە و چرکەدا بە هەزاران مرۆڤ لە ناو دەبات، بۆیە هێزی دەسەڵاتخواز ئەم کۆمەڵکووژییەیان قبوڵ کرد، لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٢دا کاتێ گفتوگۆ کرا کە ستاتوی باشووری کوردستان دروست ببێت، هێزی دەسەڵاتدار وتییان لەبەر ئەوەی کە ئەوهەموو شەهید و کۆمەڵکووژییەیان بەسەردا هاتووە، دەتوانن کە ستاتۆیان هەبێت، واتە ئەوانێش ئەو مافە بۆخۆیان دەبیینن کە مرۆڤەکان لەناو ببن و دوواتر مافی سەرخۆبوونیان پیبدەن، ئەمە زێهنییەتی فاشیستە کە بە تایبەت لەسەر گەلی کورد دەیسەپێنن. بەس دیارە کە لە کۆتاییشدا هێزی هەژموونگرای وەک بریتانیا و ئەمریکا ناهێڵن کە پرسی کورد چارەسەر ببێت، و عەقڵییەتی کۆنەپەرستانە و شۆفەنیستی عەرب و تورک لەسەر گەلی کورددا سەپاندیان. دواتریش دەڵێن کە پرسی کورد ئێمە چارەسەری دەکەین و ئەویش بەو کۆمەڵکووژیانەی کە کراوە، چارەسەریان کردووە. ئەمە چەواشەکاریی و دووڕووییە، بەس لەگەڵ ئەوەشدا گەلی کورد لە وڵات و ناسنامەی خۆیان هەڵدێن و ڕوو لە ئەورووپا دەکەن. بۆیە پێویستە لەبەرامبەر ئەم چەواشەکارییانەی دەوڵەتانی زلهێز سەرلەنوێ ئانالیزێکی ڕاست بکرێتەوە. دەبێت توڕەبوونمان تەنییا لە بەرامبەر حکومەتی بەعس و نەتەوەپەرستی عەرەب نەبێت، بەڵکوو پێویستە توڕەبوونمان لەبەرامبەر دەوڵەتانی کاپیتالیست وڕۆژئاوایی هەبێت کە ئەخلاقیان لەناو زانستدا لەناو بردووە و بێ ئەخلاقیان هێشتۆتەوە. ئەو زانستەی کە بەرهەمی مرۆڤایەتییە لەبەرامبەر مرۆڤ بوون بەکاریان هێنا.

 

هەڵەبجە وەک جوگرافییا شوێنێکی بە بەرەکەتە، بۆ نموونە گوندی هاوار کە یەکێک لە گوندەکانی هەڵەبجەیە ، کە بە زاراوەکانی کرمانجی ناوین و سۆرانی قسە دەکەن، هاوکات تەوێڵە و بییارە بە شێوەزاری هەوارمی قسە دەکەن. بەتایبەت تایبەتمەندی ئەم ناوچە زۆر سرووشتییە، ژن لەوێدا سەروەرن و پڕژنی تێدانییە. پێویستی خۆماڵی بەرهەم دەهێنن و پێویستی خۆیان بە بەرهەمەکانی شار نابینن. هاوکات باوەڕی کاکەیی و یارسانی کە بەردەوامی باوەڕی زەردەشتییە ، تیایدا پڕژنی نییە، کە ئەمە چاندێکی زۆر جوانە، هاوکات لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا شارەزوور، لەبەرامبەر کۆمەڵکوژیانەی کە ئیسلام لەوێ کردوویەتی بەرخۆدانییەکی بێ وینەیان کردووە. هەروەها لە شارەزوور ژنانی وەک نێرگس جاف و ڕێحانە لۆری بە تایبەت ئەو ژنانەی کە لە چاندی یارسانی و کاکەییدا لە بوواری هونەردا کەسایەتییەکی نموونەیان وەرگرتووە، هاوکات عادیلە خانم وەک سەرۆک عەشیرەتی جاف کارییگەرییەکی باشیان هەبووە. بۆیە لە بوواری کۆمەڵایەتیدا، کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووە و لە هەبوونی کورداندا وەک وێژە و هونەری کوردی ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە، هاوکات نالی و سالم و کوردی کە بە  سێ شاعیری (سێ کوچکەی بابان) دەناسرێن لەدەشتی شارەزوور بە هونەر و ئەدەبیاتی کوردی ڕۆڵ و کاریگەرییەکی  گەورەیان لەم هەرێمەدا هەبووە.

 

گرێدانی دوو کولتووری کاکەیی و یارسانی پێکەوە دەوڵەمەندییەکی جوانییان درووست کردووە، هەروەها وەک باس دەکەن کە پەیوەندی شارەزوور لەگەڵ شەنگالیش زۆر بەهێز بووە، لە لایەکیتروە لە سەدساڵی ٢٠دا بۆ ئەوەی کە کاریگەری چاندی یارسان و کاکەیی لاواز بکەن، تەریقەتی نەقشبەندی و قادرییان سەروەر کردووە هەرچەند کە هەر دوو تەریقەتیش لە دیرۆکی کوردستاندا لە بوواری وڵاتپارێزیدا ڕۆڵیان گێڕاوە، بەس لە سەدساڵی ٢٠ دا بە تایبەت باوڕی نەقشبەندی ڕۆڵێکی نەگەتیفیان بەم باوەڕییە داوە، بۆیە ئێستا لە دەرەوەدا هەڵەبجە وەک ناوەندی ئیسلامی سوونە و تەریقەتی نەقشبەندی دەناسرێت. بە تایبەت لە ساڵی ١٩٩٣دا بزووتنەوەی ئیسلامیان لەو ناوچە درووست کرد، کە هەم بزووتنەوەی ئیسلامی و هەم کۆمەڵەی ئیسلامی لەم هەرێمەدا لە ناو ناکۆکی و پێشبڕکێی دژواردان. واتە ویستوویانە زیاتر ناکۆکی مەزهەبی لەم هەرێمەدا سەروەر بکەن. و ئەو باوەڕییەی کە لە کۆکی ئاریاییەوە تێ دەیانهەوێت لاواز بکەن. لەگەڵ ئەوانەدا بە ئاوابوونی پارتی شیوعی عێراق گەلەک ژن بەشدارییان تێدا کرد. بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بێ کاریگەر بکەن بە تایبەت لە ساڵی ١٩٩٠جوە، ویستییان ببێتە جێیەک کە ململانێ و شەڕی دینی تێدا بێت. ئوەش هەمووی بۆ ئەوەی کە کۆمەڵکووژی لە بیری خەڵک ببەنەوە، بە داخەوە هەمووی ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە شانەی داعش لەم ناوچەدا بەهێز ببێت و ناکۆکی لە بەرامبەر سیستەمی دەسەلاتدار درووست نەبێت.

 

سیاسەتێک کە لە سەر هەڵەبجە بەرێوە دەچێ پێویستە بەم شیوازە ببیندرێت، ساڵانە هەم پارتی کۆمەڵی ئیسلامی و هەم یەکگرتووی ئیسلامی چەندین ڕێوڕەسمی خەڵات وەرگرتن لەسەر ئەو ئەساسەی کە لەچکە بڵاو بکەنەوە بە رێوە دەبەن بۆ ئەوەی کە چەندین کەس حیجاب بکەن و ئەمەش بۆ خۆی تراژدیایەکی زۆر بەئێشە، دەتوانین بڵێن دینیان سیاسی کردووە واتە ئیسلامی سیاسی زۆر رۆڵێکی نەگاتیڤ لە هەڵەبجە دەگێڕێت، سەرەڕای هەموو ئەمانەش هۆنەرانی هەرە بەناو و دەنگ، ژنی هەرە بەتوانا و پێشەنگ دەرکەوتوون بۆ نموونە لە تێکۆشانی ئێمەدا هەڤاڵ جاهیدە کە لە ساڵی ١٩٩٢ بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوو، لەماوەیەکی کورتدا شەهید بوو و بوو بە یەکەم شەهید.


وەک تەڤگەری ئازادی بە بەردوامی گرنگیەکی زۆر بە هەڵەبجە دراوە بەڵام بە بەردەوامیش ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووین و بەهۆی ئەم ئاستەنگیانە نەیانهێشتووە کە بە باشی تەڤگەری ئێمە، بە هەموو هێزی خۆی لەوێ خۆی بەجێبکات، نموونەیەکی دیکە کە باسی بکەم هەڤاڵ بەکر بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢ بە شێوازی شاراوە و لە ساڵی ١٩٩٥ لە ژێر ناوی یەنەدەکە لە ناو کار و خەباتدا جێگای گرت بەڵام لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٠٠ بە هۆی تەقینی بۆمب شەهید کرا، هەڤاڵ بەکر دوکانی چاککردنی تەلەفزیۆن و کەل و پەلی ئەلکترۆنی هەیە کە لە شەودا هەندێک کەسایەتی خۆفرۆش لە ناو ئاسایشی یەنەکە لە تەلەفزیۆنێکدا بۆمب دادەنێن و بۆی دەبەن، و بە هۆی تەقینی ئەم بۆمبەوە شەهید دەبێت، هەڤاڵ بەکر کەسایەتیەکی زۆر وڵاتپارێز بوو، ناوی کوڕەکەی خۆی کردبوو بە دیار و وەک باسی دەکرد، ئاواتی ئەوەی هەبوو رۆژێک گوێی لەوە بێ کە لە خوێندنگە بانگی کوڕەکەی دەکەن" دیاربەکر". لە پێناو یەکێتی نەتەوەیی تێکۆشانی دەکرد، کەسایەتیەکی دروست و چاونەترس بوو و بە قووڵایی ئێشی هەڵەبجە ژیابوو، ئەم هەڤاڵانە و گەلێک شەهیدی دیکەی هەرێمی شارەزوور و هەڵەبجە هەن.


ڕاستییەک هەیە کە هەم سیاستی یەنەکە و هەم پەدەکە زۆرجار لە بەرامبەری هەڵەبجە ئەوە بووە کە بیانەوێ قەرەبووی ماودی وەربگرن و ئەمەش بە شێوازێکی دادپەروەرانە نەبووە، قەرەبووی ماددی نابێت بە چارەسەری بۆ برینی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بەڵکو قووڵتری دەکات، چارەسەری سەرەکی ئەوەیە کە ستاتۆیەک پێکبێت کە هەر کەس بە شێوازێکی دیمکرات و ئازادانە بتوانێت بژی، بە تایبەتی پێویستی بە ستاتۆیەک هەیە کە یەکێتی نەتەوەیی و مافی ژن تێیدا پێکهێندرابێت، نەک ستاتۆیەکی ناوەندی و کۆنەپەرەست کە ڕۆژانە تێیدا ژن بکوژرێن و  ستاتۆیەک کە ئیسلامی سیاسی خۆی بە سەری دا بسەپێنێت، ئەمڕۆ کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی کۆنی هەڵەبجە روویان لە شارەکانی دیکە وەک سلێمانی کردوەو هەندێکیش لە ئەورووپا دەژین، بەڵام هەڵەبجە شوێنی بەشێکی زۆر لە هەڵبەستوان، ژنانی پێشەنگ و کەسایەتی تێکۆشەر بووە و ئەو سیاسەتەی کە ویستوویە هەڵەبجە بکوژێ سەری نەگرتوە.


ئەمڕۆ مۆنۆمێتێک بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دروس کراوە، بەڵام لە راستیدا مۆنۆمێتێک لە شەهیدانی هەڵەبجە لە دڵی هەموو کەسایەتیێکی وڵاتپارێزی کورددا هەیە، زۆرجاران لە هەڤاڵانی باکوورم بیستووە کە لە دوایی ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانەوە زۆر کەس دوای بیستنی چیرۆکی ئەنفال و هەڵەبجە بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوون، هیچ ویژدانێک ناتوانێت لە بەرامبەری ئەو هەموو کۆمەڵکوژیە بێدەنگ بێت ،هەر بۆیە هەرکەس پێویستە خاوەن هەڵوێست بێت، ئەمە تەنیا ویژدانی گەلی باشووری کوردستانی نەهەژاند، بەڵکوو هەستی هەموو کوردێکی هەژاند.


 هەروەک رێبەر ئاپۆ باسی دەکات پێویستە کە ڵیپرسیەنەوە لەو روانگە و زیهنیەتە بکەین ، سەرەتا لەو هێزە هەژموونیانەی ڕۆژئاوا کە بونیادی سیاسەتیان ئەوەیە کە ئەڵێ"کەروێشک ڕاکە و تاژی بگرە"، "پارچە بکە و حاکم ببە'، لە لایەنێکی دیکەشەوە پێویستە لە بەرامبەری ئەو ڕوانگەیەی نێو هەندێ لە کوردان کە زیادتر لەوەی کە لە وڵاتی خۆی حەز بکات، بۆ ئاوەدانی وڵات تێکۆشان بکات، ڕوو لە تاراوگە دەکەن تێکۆشان بکرێت.

 
وەڵامی پێویست ئەوەیە شەهیدانمان لە بیر نەکەین و تێکۆشانمان لە سەر بنەمای هزری نەتەوەیی، یەکبوونی گەلان، ئازادی ژن و هاوژیانی ئازاد بەهێزتر بکەین و هەوڵ بدەین کە ستاتویەکی دیموکراتیک بونیاد بنێین، ستاتۆیەک دموکراتیک نەبێت ناتوانێت خزمەتی پرسی نەتەوەیمان بکات و لە سەر ئەم بنەمایە لە ساڵرۆژی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە پێویستە سۆزی خۆمان لە بەرامبەر شەهیدانی هەڵەبجە نوێ بکەینەوە، پێویستە هەڵەبجە لە ناوەندی برینێکی قووڵ بگێڕینە سەر ناوەندی یەکێتی نەتەوەیی، ناوەندی پێکەوە ژیانی هەموو باوەڕییەک و پێویستە هەڵەبجە بگەڕێتەوە سەر کۆکی خۆی کە بەساڵان ژن و دایک تێیدا پێشەنگی کۆمەڵگەیان کردوە.