هاوسەرگیری منداڵ و دایکایەتی... زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئەفغانستان لێدەدات
بزووتنەوەی "السبت الأرجواني" پشتڕاستی کردەوە کە دیاردەی هاوسەرگیری منداڵ و دایکایەتی زوو لە ئەفغانستان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار لە زیادبووندایە.

ناوەندی هەواڵ
بەپێی سنووردارکردنی توندی تاڵیبان بۆ ژنان و منداڵانی کچ لە ئەفغانستان، قەیرانی هاوسەرگیری منداڵان خراپتر بووە، مافە سەرەتاییەکانیان لێ زەوت کراوە. لەدوای دەستبەسەرداگرتنی وڵاتەوە، ئەم کەیسانە زیادیان کردووە و مەترسی لەسەر داهاتوو و ژیانی کۆمەڵایەتی و تەندروستیان دروستکردووە.
ڕۆژی ٣٠ی ئایار، بزووتنەوەی "السبت الأرجواني" گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تیایدا سەرنجی ڕاکێشا بۆ زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیریی کەم تەمەن و دایکایەتی منداڵ لە ئەنجامی سنووردارکردنی تاڵیبان بۆ سەر ژنان. تەڤگەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە،منداڵانی کچ بە زۆرەملێ و نایەکسان هاوسەرگیری دەکەن، تەنانەت بۆ پیاوانی زۆر لە خۆیان گەورەتر.
بزووتنەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەنگاوی هارمۆنی و یەکلاکەرەوە و هەمەلایەنەیان بۆ ڕاگرتنی ئەم قەیرانە مرۆییە ناسکە نەناوە. دابەزینی توندی ئازادییەکانی ژنان و دوورخستنەوەیان لە خوێندن و بازاڕی کار و زیادبوونی فشارە ئابوورییەکان تادێت پاڵیان بە خێزانەکانەوە ناوە کە پەنا بۆ بە زۆر زەواجکردنی منداڵی کچ ببەن، ئەمەش نەک هەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی منداڵان پێکدەهێنێت بەڵکو هەڕەشە لە بناغەکانی داهاتووی کۆمەڵایەتی و دەروونی وڵات دەکات.
تاڵیبان هۆکاری ڕاستەوخۆی قەیرانەکانە
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی ئابی ٢٠٢١، سیاسەتەکانی دژ بە مافەکانی ژنان لە هەموو کاتێک زیاتر بەرچاو کەوتوون. قەدەغەکردنی خوێندنی منداڵی کچ لە دوای پۆلی شەشەم و دەرکردنی ژنان لە دامودەزگا حکومی و تایبەتییەکان و دوورخستنەوەیان لە بەشداریی گشتی، نەک هەر ژنانی لە ماڵەوە هێشتووەتەوە بەڵکوو بەرەوڕووی چەوساندنەوەی ناوماڵ و زەواجکردنی زۆرەملێ بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، داڕمانی ئابووری و هەژاری بەربڵاو، خێزانەکانی ناچار کردووە منداڵە کچەکانیان لەگەڵ پیاوی گەورەتردا هاوسەرگیری بکەن، زۆرجار بە بڕە پارەیەکی کەم. ئەم ڕەوتە وایکردووە کە دایکایەتی منداڵ ببێتە دەرئەنجامێکی چاوەڕوان کراوی ئەم دۆخە و دەرئەنجامە جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییە قەرەبوو نەکراوەکانی بەجێهێشتووە.
جیهان دژی پەککەوتن و کۆمەڵگە دژی کارەسات
لە کاتێکدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یونیسێف و چاودێری مافەکانی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە سەبارەت بەو دۆخە ناخۆشەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە ئەفغانستان، بەڵام وەڵامی کردەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەمترین و زۆرجاریش هێمای ماوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتەنەک تەنها پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەەوتننامه نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە مافەکانی منداڵان و ژنان پێک ناهێنێت، بەڵکو ئاماژەیە بۆ شکستی بەکۆمەڵی جیهان لە پاراستنی سەرەتاترین مافەکانی مرۆڤ له ئه فغانستان.