"هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە دەستکەوتە گەورەکانی شۆڕش"

پەنجەوین عەلی، هاوسەرۆکی دادگای هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەدا کە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز و کار بۆ مافەکانی ژنان و کۆمەڵگە دەکەن.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕققە- لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە سەردەمی شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە تا ئێستا، سەرەڕای هەموو ئەو سەختی و ئاستەنگانەی کە هاتبوونە بەردەمیان، ژنان لە هەموو بوارێکدا پێشەنگ بوون و لە زۆر بواردا دەستکەوتیان هەبووە، ئەم دەستکەوتانە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی مسۆگەر کران، ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەری باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤دا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد و ٣ جار پێداچوونەوەی بۆ کرد، دوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە کران، جارێکی دیکە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەندکرا و بەپێی هەموو خەڵک و جیاوازیەکانی ناوچەکە ئامادەکرا، ژنان پێشەنگ بوون لە دامەزراندنی و پێناسەکردنی بڕگەکانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی کە یاساکانی لە ٧ بابەت و ١١ بڕگە پێکهاتووە.

 

پەنجەوین عەلی، هاوسەرۆکی دادگای هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هاوپەیمانییە کۆمەڵایەتییە کرد کە دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزێت.

 

"دادگای هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی مافی مرۆڤ و ژنان دەپارێزێت"

پەنجەوین عەلی، ئاماژەی بەوەدا کە دادگای هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە و وتی: دادگا بەشی دادوەری سەربەخۆی سیستمی کۆمەڵایەتییە و مەبەست لێی بەهێزکردن و پاراستنی بڕگەکانی هاوپەیمانییە، دادگا ڕێسا بنەڕەتییەکانی ناو پەیڕەوەکە پەسەند دەکات و ئەو ماف و ئازادیانەی کە تێیدا هاتووە دەپارێزێت و بەرەوپێشی دەبات، کارەکانی دادگا بە پلەی یەکەم ئەرکی پاراستنی ئازادیی هەموو مرۆڤەکانە، بۆ ئەوەی بگەینە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی، ژیانی هاوبەشی نێوان ڕەگەزەکان پێویستە بۆ دامەزراندنی سیستەم و چەمکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە تایبەت بۆ ژنان ئەم هاوپەیمانییە گرنگە.

 

"یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی شۆڕشە"

پەنجەوین عەلی سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە ئامادەکردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی وتی: ئامادەکردنی چوارچێوەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی و پەسەندکردنی یەکێک لە سەرکەوتنە گەورەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووزە، وەک دەستوورێکی نوێ پەسەند دەکرێت، لە بونیادنان و پەسەندکردنیدا ڕۆڵی ژنان و هەموو کۆمەڵەکانی هەرێم هەیە، بەو ڕێککەوتنە هەموو مافەکانی مرۆڤ و ژنان مسۆگەر کراون، لە پێناو پاراستنی مافەکانی ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسای بنەڕەتی کاردەکەین لەگەڵ سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا و چەمکی یەکسانی ڕەگەزی بە بنەما دەگرین، کاردەکەین بۆ ئەوەی یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو ئەنجومەن و دامەزراوەکاندا دابمەزرێنین.

 

پەنجەوین عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە یاسا و ڕێساکاندا، دادگا دەستوەردان دەکات، کاری دادگا لە سەرەتادا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە بەمەبەستی یەکلایی کردنەوەی ئەو دۆسیانەی کە خراوەتە بەردەم دادگا، بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرجەم ئەنجومەنەکان و دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکاندا.

 

گرنگی دادگای هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی تاوتوێ دەکرێت

پەنجەوین عەلی، سەبارەت بەو پلانانەی لەبەردەمیاندایە وتی: بەمەبەستی پاراستنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی دادگا، سەردانی سەرجەم شار و دامەزراوە و ئەنجومەنەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین.