هاوڵاتی بێ ئومێدە لە دەسەڵات و بە هەڵبژاردن سزایان دەدەن
لە مەراسیمێکدا تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پڕۆژەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان خستەڕوو، لە چوارچێوەی پڕۆژەکەشیاندا پشتیوانیان بۆ چوار کاندیدی سەربەخۆ دەربڕی کە سیانیان ژنن.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی ڕیستۆرانتی داوا لە شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە مەراسیمێکدا پرۆژە و هەڵوێستی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان دەربڕی و پشتیوانیان بۆ چوار کاندیدی سەربەخۆ خستەڕوو، ئاماژەشیان بەوەدا کە دۆخی ئێستای حکومڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتە نائومێدی بۆ هاوڵاتیان و پێویستە بە چونە سەر سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردنی کاندیدی ڕاستەقینە سزای دەسەڵات بدەن.
لە مەراسیمەکەدا هاوسەرۆکان، ئەندامانی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی و ئەندامان و بەشێک لە چالاکوانان تێیدا بەشداربوون، سەرەتاش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، دواتر محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە دۆخی ناهەمواری عێراق و هەرێمی کوردستان دا و وتی: لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، وڵات گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئەم گۆرانکارییە ژیان و ئازادی بۆ گەل پێنەبوو، نائارامی و نائاسایش بووەتە ژیانی بەردەوامی عێراقییەکان.
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان پێویستی بە شۆڕشی دیموکراتی هەیە، وەک تەڤگەری ئازادیش ئامادەین و پرۆژەی خۆمان هەیە، پێویستە هاوڵاتیش لەپای نائومێدیان بە دەنگەکانیان سزای دەسەڵات بدەن و کاندیدی راستەقینە و ئەو کەسانەی لە خزمەتی گەلدان هەڵبژێرن.
تەڤگەری ئازادی پشتیوانی لە چوار کاندید دەکات، سیانیان ژنن
دواتر تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، وتارێکی پێشکەشکرد و هەڵوێست و ناوەڕۆکی پرۆژەی خۆیانی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا: تەڤگەری ئازادی بەردەوام خاوەن پڕۆژەی خۆی بووە لەبوارە جیاجیاکاندا، ئێمە ڕەخنەی جدیمان لەسەر پەرلەمانتارانی عیراق هەبووە و پێمان وابووە نەیانتوانیوە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن، بۆ ئێستای هەڵبژاردنەکانیش لە بواری ژنان، گەنجان، پەروەردە، سیاسی و ئابوری و چەندین بواری دیکە پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە.
تارا حسێن ئاماژەی بەوەشدا کە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەماندا پشتیوانی لە چوار کاندیدی سەربەخۆ دەکەن بە هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەی کاندیدەکان و پڕۆژەی تەڤگەری ئازادی، ئەو کاندیدانەش:
- ڕوناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ، ژمارە ٢٤ لە بازنەی ٢ی پارێزگای سلێمانی.
- شیرین عەبدوڵا، کاندیدی سەربەخۆ، ژمارە ٣٣ لە بازنەی ١ی پارێزگای کەرکوک
- یوسرا ڕەجەب، کاندیدی سەربەخۆ، ژمارە ٢٣ لە بازنەی ٥ی پارێزگای سلێمانی.
- محەمەد حەسەن، کاندیدی سەربەخۆ، ژمارە ٢٩ لە بازنەی ٤ی سنوری ڕاپەڕین.
هەر لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە کاندیدەکان خۆیان ناساند و ئاماژەیان بە پڕۆژەکانیاندا کە ئامانجیانە کاری لەسەر بکەن لە پەرلەمانی عێراقدا.
"دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک دەبین لە پەرلەمان"
ڕوناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ، بۆ ژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا کە بەشدارن وەک کاندیدی سەربەخۆ لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، وتیشی: ئەم هەڵبژاردنە لەسەر داوای گەل بووە، ماوەی سێ مانگ بانگەشە دەستیپێکردووە تا کاندیدانی سەربەخۆ بتوانن بانگەشە بکەن، لەو ماوەیەشدا بۆمان دەرکەوت بەهۆی خراپی حکومڕانییەوە هاوڵاتی و وڵاتپارێزان نائومێد بوون، ئێستا ئەوان پێویستیان بە کاندیدێکە ڕاستگۆیانە لەگەڵیاندا قسەبکات و ئامانجەکانیان بخاتە ڕوو.
ڕوناک وتیشی: "کاتێک دەچینە لای هاوڵاتیان و لە راستی و دروستی کاندیدەکان تێدەگەن، ئەوکاتە دەتوانن بە باوەڕییەکی زیاترەوە کاندیدی خۆیان هەڵبژێرن کە داکۆکی لە مافەکانیان دەکات لەناو پەرلەماندا"، ئەو کاندیدە بەڵینیشی دا وەک چۆن لە پێشتردا کاری بۆ گەل و خزمەتکردنی وڵاتکردووە، لە پەرلەمانی عێراقیشدا بەهەمان شێوە و باشتر دەنگی ڕاستەقینەی گەل دەبن و پلان و پڕۆژەمان بۆ پەرلەمان هەیە.
"پێویستە بە هۆشیارییەوە نوێنەری گەل هەڵبژێردرێت"
شیرین عەبدوڵا، کاندیدێکی دیکەی سەربەخۆیە ئاماژە بەوەدەدات لە ئێستادا هاوڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵات و هەڵبژاردنەکان نەداوە، چونکە لە ڕابردوودا حزبەکان و هێزە سیاسیەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاریان کردووە، وتیشی: لایەنە سیاسییەکان لەکاتی هەڵبژاردندا هاوڵاتیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە و دوای هەڵبژاردن پشتگوێیان خستوون و لەگەڵ کێشەکانی خەڵکدا نەبوون، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە، خەڵکیش هەیە باوەڕی بە گۆڕانکاری هەیە کە دەتوانرێت بکرێت.
شیرین وتیشی پێویستە هاوڵاتیان وشیاربن لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بۆ پەرلەمانی عێرق، ئێمە کاری بەشێکی زۆری حزب و کاندیدانی پێشوو لەماوەی ڕابردوودا دەرکەوت کە دەتوانن چی بکەن بۆ خەڵک، ئێستا پێویستە ئیدی نوێنەری ڕاستەقینە هەڵببژێردرێت.
"کار لەسەر یاسای نەوت و غاز دەکەین تا قوتی هاوڵاتی بگەڕێنینەوە"
یوسرا ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی ئێستا و کاندیدی سەربەخۆ لە خولی پێنجی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە یەکەم ژنە لە هەرێمی گەرمیان بووبێتە ئەندام پەرلەمانی عێراق، توانیویەتی لە ماوەی ڕابردوشدا لە پەرلەمانی عێراقدا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل بێت و لەسەر داوای هاوڵاتی بۆ جاری دووەم خۆیان بەربژێر کردووە، وتیشی: لە پێشتردا چۆن هەوڵمانداوە داکۆکی لە خاک، زمان، قوتی مامۆستایان، مافی جوتیاران و ژنان و خاوەن پێداوستییە تایبەتەکان بکەین، جارێکی دیکە درێژە بە کارەکانمان دەدەین و پلانمان هەیە لە ئایندەدا کار لەسەر یاسای نەوت و غاز دەکەین تا ڕێگری لە بازرگانی نەوت بکەین و قوتی هاوڵاتی بگەڕێنینەوە.
ت.پ