هانا شوان: لە عێراق ژنان هەمیشە دەکرێتە قوربانی رێککەوتنە سیاسییەکان

هانا شوان، نووسەرو ڕۆژنامەنووس دەڵێت: رۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە مەراسیمێکدا کە لە کۆشکی کۆماریی بەڕێوەچوو، بە پێی هەواڵێکی وێبسایتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو رۆژەدا ٧٩ باڵیۆز سوێندی یاساییان خواردووە، بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە رێژەی ژن نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هانا شوان، نووسەرو ڕۆژنامەنووس کە داکۆکیکاری مافەکانی ژنانە، لە نووسینێکیدا بە ناونیشانی " ژنان لە بواری دیپلۆماسی دوور دەخرێنەوە" ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە مەراسیمێکدا کە لە کۆشکی کۆماریی بەڕێوەچوو لە بەردەم دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراقدا و فوئاد، حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراق، باڵیۆزانی عیراق سوێندی یاساییان خوارد، بە پێی هەواڵێکی وێبسایتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو رۆژەدا ٧٩ باڵیۆز سوێندی یاساییان خواردووە و لە هەمان هەواڵدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە رێژەی ژنان نەکراوەو سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە رێژەی ژنان لە سێ ژن تێپەڕی نەکردووە لە وێنەکانی هەمان هەواڵیشدا کە شەش وێنەیە، ژن دەرنەکەوتووە ئەگەرچی ئامادە بوون.

 

پەراوێزخستنی ژنان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە
نووسیویشیەتی: سڕینەوە و پەراوێزخستنی ژنان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە هەمیشەش کۆمەڵگە باجی پەراوێزخستنی ژنان دەدات، ئاشکرایە ژنان لە هەر ناوەندێکدا بن خەمخۆرانە و دڵسۆزانە لەپێناو خزمەتکردندا کار دەکەن، هەڵبەت مەبەستم زۆرینەیە، کەمینەیەکیش هەیە بە هزر و تێڕوانینی پیاوسالارانەوە کاردەکەن و ناتوانن خزمەت بکەن، بەشداریی ژنان لە بواری دیبلۆماسیدا گرنگیی خۆی هەیە. لەوانە: پەرەپێدانی ئاشتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵاتەکەی کە دەکەوێتەوە سەر هۆشیاری و زیرەکیی، لەبەرئەوەی نوێنەرایەتیکردنی وڵات و کارکردن لە بواری دیبلۆماسیدا رێگریی و مەترسیی و ئاڵۆزییەکی جیاوازی هەیە، وڵاتان بەردەوام هەوڵدەدەن بۆ کڕین و بە سیخوڕکردنی دیپلۆماتکارەکان، لەم نێوەندەشدا دیپلۆماتکاری بە توانا هەرسێ بوارەکەی دیپلۆماسی گشتی و ئابووری و رۆشنبیری تواناکانی دەخاتە گەڕ، بۆئەوەی خزمەت بکات، لە ناوخۆی وڵاتدا ئەویش بە هاندان بۆ پەرەسەندنی رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و دابینکردنی دەرفەتەکانی پێشکەوتن بۆ گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکەی، لە هەمان کاتدا ناساندن و دەرخستنی کارە باشەکانی وڵاتەکەی دەیکات، بە وڵاتانی تری دەناسێنێت ئەمەش پێویستیی بە درکپێکردنێکی قووڵ و زانیاریی نوێکراوەی بەردەوام و کاری ورد هەیە، کە ئەم جۆرە کارە لە چوارچێوە و ناوەندێکی تردا کە خێزانە بە هەمانشێوە دەیکەن.

 

"لە عێراق ژنان هەمیشە دەکرێتە قوربانیی رێکەوتنە سیاسییەکان"

هانا شوان لە کۆتایی نووسینەکەیدا وتویەتی: تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢٤/٦ هەموو ساڵێکی وەک رۆژی دیپلۆماتکارانی ژن دەستنیشان کردووە، ئامانجی پێنجەمی "پلانی درێژخایەنی پەرەپێدانی بەردەوام تا ٢٠٣٠" پەرەپێدانی کارامەیی ژنانە لە دروستکردنی بڕیاردا، ئەمەش زیاتر ئەو وڵاتانە کاری لەسەر دەکەن کە پەیوەستنامەی پەرەپێدانی بەردەوام و باشترکردن تا ٢٠٣٠ مەودایەکی کارکردن و پەرەپێدانی کۆمەڵگەکانیانە، بەڵام لە عیراق دەرکردنی مودەوینەی جەعفەری ئاماژەیەکی روون بوو، بۆئەوەی بارودۆخی ژنان هەمیشە دەکرێتە قوربانیی رێککەوتنە سیاسییەکان و بەردەوام رووبەڕووی پەراوێز خستنەکان دەبنەوە.