زاگرۆسانە لە بەرزاییەکانی هەورامانی تەخت؛ دەنگێکی هاوپشتی لەگەڵ سروشت

مەسیمێکی دیکەی زارۆسانە لە دڵی چیا بەرزەکانی هەورامانی تەخت کە سروشت بە شێوەیەکی جوانتر تێکەڵ بە ژیانی گەلەکەی بووە، بەڕێوەچوو.

ئەسرا عەزیزی

 

هەورامانی تەخت- ڕۆحی هەرەوەزی جوانەکانی هەورامان کە سروشت وەک دایکی خۆیان دەبینین، وایکرد کە ١٠ی کانوونی یەکەم بە هەوڵی ژوان ڕەحیمی و پاڵپشتی ژینگەپارێزان گردبوونەوەیەک ڕێکبخەن و بە ئامادەبوونی ١٥ کەس لە گەنج و پیر، ژن و پیاو، لەسەر لوتکەی ئەو چیایە کە لە ناوچەکەدا بە "سەروو ملەگا" یان بە "خەرمانوو سەعید بەگی" ناسراوە، کۆببنەوە و بەڕوویەک لە ڕەنگی هیوا لە دڵی خاکدا بچێنێن.

 

پێکەوەبوونی نەوەکان بۆ ڕزگارکردنی سروشت

لەم مەراسیمەدا کە سێ ساڵە بەڕێوەدەچێت، لە کچێکی تەمەن ٧ ساڵانەوە، بۆ پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ، کە ئازارەکانی ساڵانی تێکەڵ بە خۆشەویستی بۆ سروشت کردووە، بەشدارییان تیادا دەکرد، ئەم ڕەنگاوڕەنگ بوونی تەمەنە، کولتووری خۆشەویستی لەمێژینەی گەلی هەورامانەوە بۆ سروشت نیشان دەدات کە لە نەوەکانی ڕابردووەوە بۆ نەوەکانی ئێستا گوازراوەتەوە.

 

پەیوەندی دایکان بە سروشتەوە؛ بەخێوکردنی داهاتووی سەوز

ژوان ڕەحیمی، ڕێکخەری ئەم چالاکییە، جەختی لەسەر ڕۆڵی دایکان کردەوە لە دروستکردنی کولتوورێکی ژینگەپارێزیدا و وتی: دایکانی هۆشیار و خەمخۆر منداڵی هۆشیار و خەمخۆر پەروەردە دەکەن، ئێمە ئەمڕۆ بۆ زێدی خۆمان، بۆ هەورامان و کوردستان هاتووینەتە ئێرە". ئەو پێی وایە ئامادەبوونی بەهێزی ژنان لەم مەراسیمانەدا گەرەنتی پاراستنی سروشت بە شێوەیەکی بەردەوامە و لە پاراستنی خاک و دارەکاندا ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن.

 

بەڕوویەکی هیوا بۆ کۆسالان

زاگرۆسانەکانی هەورامانی تەخت بە تایبەتی لەم ساڵانەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکاندا پلانێکە بۆ زیندووکردنەوەی برینەکانی کۆساڵان. هەر بەڕوویەک هێمای بەرخۆدان و هیوایە؛ بەڕوویەک کە لە خاکدا نوقم دەبێت تا ڕۆژێک گەشە بکات و ببێتە دار و بەرامبەر با و باران و ئاگر بوەستێت. گەنجانی هەورامان، لەگەڵ هەر بەڕوویەک کە لە خاکدا دەیچێنن، نەک هەر بۆ نیشتمانەکەیان، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان و بۆ سەوزایی و شانازی ئەم ئاو و خاکە کار دەکەن.